ڕەمەزان و مایکڕۆفۆنی مزگەفت و نوێژی تەراویح !!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو



وا خەریکە لەکن ئێمە دەبێتە کلتوور کە مانگی ڕەمەزان دەبێتە مانگی خواردن و خواردنەوە و نووستن و لێپاڵدانەوە و دابەزینی توانای کارکردن و بەرهەم ، کە وایلێهاتووە بودجەی ڕەمەزان بۆ خواردن و خواردنەوە چەندان بەرابەری مانگە ئاساییەکان دەبێت و خۆراکێکی زۆر بەفیڕۆدەدرێت ، کە ئەمە هەرتەنها خەلەلێکی ئابووری نیە ، بەڵکو خەلەلێکی ئەخلاقی و ڕەفتاریە ، ئێمە لە هەموو شتێکدا دووچاری زیادەڕۆیی بووینە لە خواردنەوەوە  بگرە تا دەگاتە شاشە ، بەداخەوە ئەو ساختەچێتیی و قۆڵبڕینەی لەو مانگە دەکرێت لە مانگەکانی تر ناکرێت ، جارێ هەرچی شتومەکی مانگانی پێشتووترە لەو مانگە ساغ دەکرێنەوە و ،  هەندێک دوکان هەن لە سبەینێوە تا نزیکی بەربانگ دەنگی بەرزی تەلەفزیۆنەکەیان لەسەر قورئانە کەچی بەزمانی بەڕۆژوو و  نوێژ لەسەر بەرماڵ  قۆڵت دەبڕێت و بەو پارەیەش عەمڕە دەکات ، جا هەر لەو مانگە پیرۆزەدا جنۆکە شیتانەکان بەستراونەتەوە ، بەڵام مرۆڤە شەیتانە قۆڵبڕ و ناپاک و  فێڵباز و بێویژدانەکان خۆیان نەشاردۆتەوە و داناکاسێن و لە هەموو شوێنێک بەدیاردەکەون ، بۆیە لەو مانگە رەحیم و بەزەییەدا ئەوانە واز لەکاری خراپ ناهێنن ، ئێمە دەبێت بزانین کە ڕەمەزان چرکەساتی گەردوون-یە و دیاردەیەکی ئەخلاقیە بەقەد ئەوەی کە عیبادەتکردنە و ، ڕەمەزان دەروون لەبەردەم ئاوێنەی خۆیدا دایدەنێت کە بەجۆرێک دەمامک سوودی نابێت و فڕوفێڵ و دەستبڕینیش جەدوای نابێت ، لە لایەکی تر هەر لەو مانگەدا زیادەڕۆییەکی بەرچاو لە بەکارهێنانی مایکڕۆفۆنی دەنگی بەهێزی قورئان لە دوکان ، دەرمانخانە ، تەکسی ، پاس ، عارەبانەی دەستگێڕ…تاد هەیە ، قورئان خوێندن بۆ ئەو کەسەیە کە لە مزگەفتە یان بۆ ئەوەیە کە نوێژدەکات ، کاتیەتی کە ئێمە دەبێت بەو پەڕی بوێری-یەوە بەروەڕووی عەیبەکانمان ببینەوە ، دەبێت دان بەوە بنێین کە دەنگی بەرەبەیانی بڵندگۆی مزگەفتەکان دراوسێکانی بێزار دەکات و ئەزیەتی نەخۆش دەدات ، ڕۆژووگرتن و سەڵاوەتلێدان لە پێغەمبەری مەزن شتێکی روحانی جوانە و ، مەزنە مادامەکێ سانەوەی دەروونی و دڵنەوایی وجودیت دەداتێ ، بەڵام ئەگەر ئەو بانگەوازە ئیمانیە دڵنەوایە ئارامە بگۆڕێت بۆ تێکقژقژان و ژاوەژاو  ئەوە دەبێتە مایەی بێزارکردنی هاوڵاتیان و کاری سلبی لەسەر تەندروستی دەبێت ، هەندێک بانگدەر گوێ نادەنە هیچ ڕێنمایەک « هەق وایە وەزارەتی ئەوقاف غەرامەیان بکات » ، ئەم بانگدەرانە سوودیان لە  کۆجیتۆکەی دیکارت وەرگرتووە  ( دەنگی من بەرزترینە ، کەواتە من هەقترم ) کە ئەمەش بە ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی سوڵتەوی دادەنرێت نەک وەک نەخۆشیەکی دەروونی ، هەروەها بانگدانی بەهێزی بەرەبەیان گوێ بەوەنادەن کە بەرەبەیان کاتی ئیسراحەتی گشتی-یە و ، سەیرکە هەندێک مزگەفت  هونەرایەتیی لە بەرزکردنی دەنگی مایکڕۆفۆنەکان و درێژکردنەوەی ماوەی بانگی بەرەبەیان دەکەن بێ ئەوەی بەزەییان بە نەخۆش یان ئەو  نەخۆشی نەخۆشخانانە بێت کە هیچ شیفایەک بۆیان نیە تەنها نووستنێکی خۆش و ئارام نەبێت  یان بۆ کرێکارێک کە دەیەوێت کەمێک بنوێت و بسێتەوە تا ڕۆژێکی نوێ دەستپێبکات ، هەر لە ڕەمەزاندا نوێژی تەراویح جوانترین چرەکەساتی ئەو مانگەیە کە لێت دەبێتە هۆکاری بێزاری و ناخۆشی  ، کە لەکاتی نوێژدا دەیان زەنگی تەلەفۆنی نوێژکەران لەسەر ئاوازی سبحاالله ، الله اكبر ، بسم الله الرحم الرحيم و نزا و سەڵەوات و  دوعاکردن تا تەوابوونی زەنگەکە لێدەدرێت ، ئەمە جگە لەو منداڵانەی کە لەگەڵ باوک یان دایکیان کە هەندێکیان شیرەخۆرەن هاوار و گریانیانە دێن و ، بەمە لەو کەشوهەوا ئارامە و ئاشتی دەروونیە دەرتدەهێنن ،  کە وادەزانن کە ئەم زەنگی دوعایانەی ناو مۆبایل  پاداشت زیاد دەکات ، جا کاتێک نوێژەکەش تەواو دەبێت لە دەرەوەی مزگەفت بەروەڕووی کێشەیەکی  تر دەبیتەوە ، ئەویش تیکقژقژانی ئۆتۆمبێلەکانە کە شەقامە سەرەکیەکانیان داخستووە و کردویانەتە پاڕکی ئۆتۆمۆبێل ، هەروەها کە دێیتە دەرەوەش دەیان سواڵکەر و عارەبانەی خواردەمەنی و شەربەت  و پاقلاوە بەروەڕووت دەبنەوە . ڕەمەزان هەلێکی مەزنە بۆ ئارامی و کار ، با لە ئێستاوە لەگەڵ لاپەڕەیەکی نوێ و  لاپەڕەیەک بە بیرێکی نوێوە دەستیپێبکەین و ژیانێکی نوێ دروستبکەین .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی