مەترسیی و بژاردە ستراتیژیکەکان لە ئەگەری داخرانى گەرووى هورمزدا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

هورمز بە یەکێک لە گرنگترین گەرووەکانی وزەی جیهانی دادەنرێت، نەک تەنها بەهۆی ئەو قەبارە نەوت و گازەی کە لێوەی تێدەپەڕێت، بەڵکو بەهۆی ئەو شوێنە ستراتیژییەی کە لە ناو موازەنەی سیاسی و سەربازی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەتى. نزیکەی 20% نەوت و 20% گازی سروشتی شل لەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت، و زۆرینەی ئەم ڕۆیشتنە بەرەو ئاسیا دەچێت، کە وڵاتانی وەک چین، هیندستان، یابان و کۆریای باشوور زۆرترین وابەستەیییان هەیە. ئەم ڕاستییە وایکردووە کە هەر هەڕەشەیەک لەسەر هورمز تەنها پرسی ناوچەیی نەبێت، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان و دەبێتە مەترسییەکی سیستەمی بۆ ئابووری جیهانی.
لە ڕوانگەی شیکارییەوە، داخستنی تەواوەتی و درێژخایەنی گەرووەکە زۆر دوور لە ڕوودان دەردەکەوێت، چونکە ئەو سیناریۆیە زیانێکی گەورە لە هەموو لایەنەکان دەکات، تەنانەت بۆ خودی ئەو کارەکتەرەی کە دەتوانێت هەڕەشەی داخستن بەکاربهێنێت. بەڵام ئەگەرەکەی پچڕانی کورتخایەن، هێرشە تاکتیکییەکان، یان سنووردارکردنی کەشتیوانی ئەگەرێکی بەرزترە و ئەم جۆرە هەنگاوانە دەتوانن بەبێ داخستنی تەواو شۆکێکی بەرچاو لە نرخەکان و بازاڕ دروست بکەن. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە تەنانەت هەڕەشە تەنها بە لێدوان یان هێرشێکی سنووردار دەتوانێت نرخی نەوت بە شێوەیەکی خێرا بەرزبکاتەوە و هەستی ناجێگیری لە ناو بازاڕ دروست بکات.
کاریگەرییە ئابوورییەکانی داخرانى گەرووەکە زنجیرەییە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ تێچووی گواستنەوە، پیشەسازی قورس و بەرهەمهێنانی خۆراک. ئەمەش بە ناچاری هەڵاوسان بەرز دەکاتەوە و فشارێکی نوێ دەخاتە سەر بانکە ناوەندییەکان کە لە نێوان دوو بژاردەدا دەمێننەوە: یان بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان ڕێژەی سوود بەرزبکەنەوە و گەشەی ئابووری سنووردار بکەن، یان بۆ پاراستنی گەشە فشارەکانی هەڵاوسان قبووڵ بکەن. لە هەردوو حاڵەتدا، ئابوورییە هاوردەکارەکان زیاتر لە هەموو لایەنێک زیانیان بەردەکەوێت، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە یەدەگی ستراتیژییان سنووردارترە یان هەمەچەشنی سەرچاوەیان کەمترە.
لە ڕوانگەی ژێرخانەوە، جێگرەوەکانی ئێستا بۆ تێپەڕاندنی هورمز سنووردارن. بۆری ڕۆژهەڵات–ڕۆژئاوا لە سعودییە و بۆری حەبشان–فوجەیرە لە ئیمارات دەتوانن بەشێکی هەناردەکردن بگوازنەوە بۆ دەریای سوور و کەنداوی عومان، بەڵام کۆی توانایان بەراورد بە قەبارەی ڕۆیشتنی هورمز زۆر کەمترە. ئەمە بەو مانایەیە کە لە ئەگەری داخرانى گەرووەکەدا، بازاڕ جێگرەوەی تەواوی نابێت و شۆکی نرخ بەردەوام دەبێت. وڵاتانی دیکەی کەنداو وەک عێراق، کوێت و قەتەر بە شێوەیەکی زۆرتر وابەستەن و نەبوونی ڕێڕەوی جێگرەوە زیاتر لە هەموو لایەنەکان زیانی ئابوورییان پێدەگەیەنێت.
لە ڕوانگەی ئاسایشەوە، مەترسییەکان تەنها لە داخستنی گەرووەکەدا سنووردار نین. هێرشە سایبیرییەرییەکان لەسەر ژێرخانی وزە، هێرشە مووشەکییە سنووردارەکان، یان دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەتوانن بەبێ داخستنی تەواوەتى گەرووەکە، بۆ ماوەیەک بازاڕى وزە تووشی ناجێگیری بکەن. ئەم جۆرە هەنگاوانە بە شێوەیەکی قووڵتر هەستی ترس لە بازاڕ دروست دەکەن.
لەسەر ئاستی حکومەت، ئەم بارودۆخە پێویستی بە ئامادەکاریی هەیە. زیادکردنی یەدەگی ستراتیژی، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی دابینکردن، وەبەرهێنان لە ژێرخانی بۆری و پەرەپێدانی ڕێککەوتنە درێژخایەنەکانی گاز و نەوت دەتوانن بە شێوەیەکی گرنگ شۆکی کورتخایەن کەم بکەنەوە. لە هەمان کاتدا، پاراستنی ژێرخانی سایبیری و دامەزراندنی سیستمی چاودێری بازاڕ و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ شۆکی نرخ پێویستی ستراتیژییەکی نیشتمانییە.
کاریگەرییەکانی داخرانى هورمز لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان
لە ڕوانگەی جوگرافی و ئابوورییەوە، عێراق بە یەکێک لە زۆرترین وڵاتانی وابەستە بە ڕێڕەوی گەرووی هورمز دادەنرێت. زۆرینەی هەناردەکردنی نەوتی باشووری عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسڕە و کەنداوەوە ئەنجام دەدرێت، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشت بە گەرووی هورمز دەبەستێت. لە ئەگەری داخرانى تەواو یان سنووردار لە گەرووەکەدا، عێراق تووشی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت دەبێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی زیاتر لە نۆی دەهەمی داهاتی بودجەی دەوڵەت لە نەوتەوە دێت، مەترسییەکی دارایی گەورە دروست دەکات.
لە ڕوانگەی هەرێمی کوردستانەوە، بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆزە. هەرێم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هورمزەوە هەناردە ناکات، چونکە نەوتی خۆی بە بۆری جیهانەوە بەرەو جیهان دەگوازێتەوە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەرێم لە کاریگەرییەکان پارێزراوە. یەکەم، شۆکی نرخی جیهانی و ناجێگیری بازاڕ دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکان و داهاتی گشتی هەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی