بترسین و خواردن پاشەکەوت بکەین،لەئەگەری جەنگی ئێران _ ئەمریکا ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز ڕەئوف

دروستکردنی ترسی برسێتی و پاشەکەوتکردنی خواردن و پێداویستی ڕۆژانە،لەهەرێمی کوردستان و عێراق لەدڵیم هاوڵاتیاندا ، لەئەگەری جەنگی ئێران - ئیسرائیل ، هیچ لۆژیک نییە، هەر جەنگێک ڕوبدات بۆ یەکلایی کردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی ئێرانە یان تەسلم بوون لەڕێی گفتوگۆ و گورزی کوشندە ، یان ڕوخاندنی یەکجارەکی ، بۆیە ئەنجامی هەر یەکێک لەو ئەگەرانە ڕێگە بەئێران نادات گەروی هورمز له هەفتەیەک زیاتر دابخات ، کە ئەویش لاوازترین ئەگەرە ، ئەویش چەندین فاکتەری خۆیە هەیە:
١. ڕێڕەوە ئاوییەکە وەک شەبەکەی وزەی جیهان: ڕۆژانە نزیکەی ۲۰ ملیۆن بەرمیل نەوت (کە دەکاتە نزیکەی ۲۰٪ی بەکارهێنانی جیهان) بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.
٢. گازی سروشتی: زۆربەی گازی سروشتی شلکراوەی (LNG) قەتەر، کە گەورەترین هەناردەکاری جیهانە، لەم ڕێگەیەوە دەگاتە بازاڕەکان.

١.وڵاتانی هەناردەکاری  کەنداو وەک سعودیە، عێراق، ئیمارات، کوێت، قەتەر ،  ئابووری ئەم وڵاتانە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە کراوەیی ئەم گەرووەوە و داهاتی سەرەکیان لەدەست دەچێت . هەروەها وڵاتانی تری کڕیاری وزە وەک چین و ژاپۆن و کۆریای باشور و هیندستان دەبنە زەرەرمەندی گەورە،  بۆیە هێزو کاریگەری ئەم وڵاتانە ڕێگە بەوە نادات ، هەر ئەگەرێکی داخستن درێژە بکێشێت . لەپاڵ هەموو ئەمانەدا خودی ئیدارەی ترەمپ هەوڵی بەردەوامیان بۆ دابەزاندنی نرخی وزە بووە لەجیهاندا بەتایبەت نەوت . کەواتە بڵاوکردنەوەی هەرترس و دڵەڕاوکێیەک ، کارێکی ناعەقڵانییە و ناکرێت خوێندنەوەکان فرە ڕەهەند نەکرێت . ڕاستە شەڵەژانی گەورە لەبازاڕی جیهانی وزەدا ڕوودەدات بەڵام بەو مانایە نییە ، پێویست بە خەزنکردنی خواردن بکات ، کە خۆی ئەو ترسە لەخودی جەنگەکە و ئاکامەکانی وێرانترە ، کەواتە ئیتر بۆدەبێت ئەم ترسە لەدڵدا دروستبکرێت !؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی