جەنگ و بارگرانایی قورسی ژیان !!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو



لەگەڵ زۆربوونی هەواڵی ناخۆش و هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی تر و بەرزبوونەوی نرخی دۆلار و کاڵا و شتومەک  و سستی بازاڕ….تاد حالەتی پشێوی دەروونی و نیگەرانی و خەمۆکی دووچاری هاوڵاتیان بەتایبەتی خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەت بۆتەوە  ، ئەو جەنگە قەیرانێکی تر دەخاتە سەر قەیرانەکای تر بۆیان ، بەمە مرۆڤ بەدەست خۆی نیە سەری دەسوڕێتەوە و گێژ دەبێت و پارسەنگ لەدەستدەدات ، هاوڵاتی ئاسایی و کەمدەرامەت بەو جەنگە ئەوەندەی تر لە بازنەیەکی بەتاڵ بە بێهودە دەسوڕێتەوە و  لەوانەیە تەمەنای مردن بکات بۆ ڕزگاربوون و ئیسراحەتکردن لەو کێشە و تەنگوچەلە کەلەکەبووانەی دارایی  کە کەوتۆتە سەری و لێکەوتەی خەراپەکانی ئەو جەنگەشی هاتەسەر ، جا لەو دۆخە خەراپەدا هاوڵاتی بێتاقەت و  دەستەپاچە وەستاوە و نازانێت چی بکات!! بڕۆن ڕاپرسی بکەن بزانن کێ لەمانە « تۆم باراک » دەناسێت  یان بایەخێکی ئەوتۆ بەو جەنگە دەدات ؟! هاوڵاتی کەمدەرامەت نقومی کێشە ژیانیەکانی بووە ، ئەمە لە هەموو وڵاتێک هەر ئەوهایە !! کاتێک « کوفی ئەنان » ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو و ، لەنێو ئەو پرسیارانەی ڕاپرسیەکدا لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەو پرسیارە هەبوو : چی لەبارەی کۆفی ئەنان-وە دەزانیت ؟….ڕێژەیەکی بەرچاو لەو سمپڵانەی کە پرسیارەکە دەیگرتنەوە گووتیان : کۆفی ئەنان خوارنەوەیەکە کە لەبازاڕ دەفرۆشرێت !! پرسیارەکە بۆ سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دایک لە جیهان بوو و ، ئەو رێکخراوەش لە نیۆیۆڕک لەسەر خاکی ئەمەریکا کاردەکات ، نەک لەسەر خاکێکی دوورەدەست ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی پرسیارەکەیان لێکرا وایان زەندەکرد کە ناوی ئەو پیاوە خواردنەوەیەکە کە بەکاربەران بەکاریدەهێنن ، لەکن هاوڵاتی ئەمەریکی و هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی کێشەی ئەوەی نیە کە لە جیهانی دەرەوە چی ڕوودەدات ، ئەوەی خەمی ئەوانە پێوەرەکانی باج و نرخ و بەرزبوونەوەی شتومەک و نەبوونی کار و  بارگرانایی ژیان…تاد-یە   ، لەکاتی پشێووی و جەنگ بەتایبەتی ئەگەر دەوروبەری تۆی گرتەوە ، دەبێت ڕەچاوی دۆخی بژێوی خەڵکی بەرانبەر هەر  بەرزبوونەوەیەک لە باج و گومرگ لە لایەن حکومەت یان شاردنەوەی شتومەک و بەرزبوونەوەی نرخەکانی لە لایەن بازرگانان بکرێت و ، نابێت بکرێتە شمشێرێک بەسەر ملی هاوڵاتی یان فەرمانبەر ، سەرسامم بە قسەیەکی « دوناڵد ترامپ »ی سەرۆکی ئەمەریکا کە ڕەخنە لە یەکێک لە نەیارەکانی خۆی  لە سیاسەت و ڕاگەیاندن دەگرێت و پێی دەڵێت ؛ تۆ دۆڕاو و فاشیلی ، ڕاستە ئەمەی تڕامپ لەچواچێوەی مشتومڕی سیاسیە ، بەڵام خۆم لەوبڕوایەدام کە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوانیاندا کوردستان بەو دۆخەی ئێستای ، شایەنی ئەو وەسفەی « ترەمپ »ە ، هەتا ئەگەر ترەمپ-یش ئەو قسەیەی نەکردبێت ، ئێمە دۆڕاو و فاشیلین ، زیانلێکەوتنی ئێمە زیانلێکەوتەیەکی ئاڵۆزە ، وەرە سەیر بکە وا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر گڕکانە و دەکوڵێت و ئێمەش کەوتوینەتە ناو دڵی ئەو ناوچەیە ،  کەچی وەک ئەوەی نە « با » مان بێت نە باران !! لە پەرتەوازەیی نێوماڵ و دۆخی خەراپی ئابووری و بژێوی و نەبوونی بەرنامە بۆ ئەگەری ڕوودانی کاری نەخوازراو….تاد ، خوا هەڵناگرێت ئێمە « داهێنان »مان لە زۆرترین تێدا کردووە ، ئەویش نەمانی تەبایی و برایەتی و زیاتر قوڵکردنەوەی و فراوانکردنی  درزی نێوماڵی کورد و ، خەریکە هونەریش لە « لەدەستدانی دۆستانی » کورد دەکەین ، ئەو دۆخەی ئێمەی تێدا دەژین دۆخێکی پڕ نیگەرانی و دڵەڕاوکێیە و ، ئەوڕۆ کورد  لەنێو ئەو  جەنگە و جیهانە دڕندەییە و دڵڕەقیە لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی و باوشکردنی یەکتر هەیە و بەتایبەتی خوانەخواستە لە ئەگەری خلیسکانی ئەو جەنگە بۆ جەنگێکی ئیقلیمی جۆرەها بەرە ، کە دەبێت خۆمانی بۆ ئامادەبکەین ، کە بەمەش ئەگەر دۆخەکە بەرەو شەڕێکی ڕاستەقینە بگۆڕدرێت و ناوچەکە دەچێتە ناو نیگەرانیەکی بەردەوام و ئەگەری گۆڕانکاری لە ناوچەکە هەیە و ،  دەبێت وامالێبکات ڕیزەکانی خۆمان پتەو بکەین و لەناوخۆی خۆشمان سنوورێک بۆ بازرگانانی چڵێس و چاوچنۆک دابنرێت و ، تاکە هیواش بۆ ئەو دەرفەتەی هاتۆتە پێش ئەوەیە کە بەزەییمان بە یەکتر بێتەوە چیتر دڵی ئەو گەلە خێرلەخۆنەدیوە  نەشکێنین و ژیانیان بەفیڕۆ نەدەین و متمانەیان بگەڕێنینەوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیان و  گۆڕینی مەزاجی گشتی بۆ بەرزکردنەوی روحی مەعنەوی گەل کە لە دۆخێکی  زۆر خەراپدایە  .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە