یەکێک لە مانا و ڕەهەندەکانی ناوی ئەم نەخۆشخانەیە؛ بریتیە لە بەخشینەوەی ژیان و گیان، بە نەخۆشەکان،بەتایبەتی نەخۆشە هەژار و لێقەوماوەکان، بەڵام لە تازەترین تاقیکردنەوەدا؛ بەڕێوەبەرایەتیی ئەم نەخۆشخانەیە، دەرفەتێکی زێڕینی سەلماندنی چەمکی (بەخشین!) و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی بۆ پاراستنی گیانی لێقەوماوێک لەدەستدا.
بەداخەوە بەڕێوەبەرایەتیی ئەم نەخۆشخانەیە ؛ ئایدیۆلۆژیای کردە پێوەر و لەسۆنگەی پرۆژە ئایدیۆلۆژی و سیاسیەکەیانەوە، بژاردەی (نەبەخشین!)ی ژیان و بژاردەی مەرگبوونیان سەپاند بەسەر پیشە سەرەکیەی خەستەخانە!
ئێوە کە ئایدیۆلۆژیا بکەنە پێوەر و تێکەڵاوی بکەن بە پیشەکەتان و ئەرکە ئایدیۆلۆژیەکەتان؛ پێش ئەرکە پیشەیی و زانستیەکەتان بخەن؛ زامن و گەرەنتی چیە؛ نەخۆش و چارەخوازی چەپ و سیکۆلار و دژە ئیسلامی سیاسی و کەسانی بێ باوەڕ و ناکۆک، لەڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسی؛ سەردانتان بکات بۆ چارەسەر، ئێوە چارەسەریی جدیی پێشکەش بکەن؟!
بۆ نموونە ئەگەر من لەئەوپەڕی ناچاریدا هاتم بۆ لاتان بۆ چارەسەر و نووسراوی بنکەی پۆلیسیشم پێبوو؛ وەرمئەگرن؟، ئەگەر وەریشتانگرتم ، بە پێوەری ئایدیۆلۆژی مامەڵەم لەگەڵ ئەکەن، یان بە پێوەری مرۆڤایەتی و زانستی؟!
ئەم وتارە بە هیچ شێوەیەک بۆ بەئامانجگرتنی پزیشک و کارمەندە دڵسۆز و بەڕێزەکانی ئەو خەستەخانەیە نیە، چونکە ئەوەی کە بەرامبەر بەو کچە بریندارەی ڕۆژهەڵات کراوە، ئەوان لێی بێبەرین و بەرپرسیار نین، ئەوەی ڕوویداوە بەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خەستەخانەکە ئەگرێتەوە، ئەو پاساوەش هیچ ڕاستی و لۆژیکێکی تیا نیە؛ کە لەبەر نەبوونی نووسراوی بنکەی پۆلیس، ئەو کچە بریندارە وەرنەگیراوە، ئەگەر مەبەستتان بووایە وەرتان ئەگرت و داواتان لە هاوەڵەکانی ئەکرد، بچن نووسراوی پۆلیس بهێنن، چونکە چارەخوازی لەو جۆرە؛ ژیان و مردنی لە ململانێدایە و کات لە بەرژەوەندیی نیە!
بریا ئیسلامی سیاسیی کوردی؛ هەر لە سەرەتاکانەوە؛ شکۆمەندیی یاسا و سیستەم و ڕێنماییەکانی دەسەڵاتی دادوەری و فەرمانڕەواییان لەبەرچاو بگرتایە؛ کە هەزاران نموونە و بەڵگەی زۆری کاری نا یاسایی ئەوان و زۆرینەی سەرکردایەتیەکانیانم لەلا هەیە، بریا هەگبەی هەموو ڕابردووی ئیسلامی سیاسی؛ پڕاوپڕبووایە لە ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا و چش لەم خەستەخانەیە، ئەو پێشێلکارییە یاساییەی بکردایە و ئەو بریندارەی (نەبەخشیایە!) بە مەرگ
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی