زۆرجار نهێنی لەگەلێک یان لەبەشێکی گەل دەشاردرێتەوە سەبارەت بە ڕاستی دەوڵەتەکەیان، ئەگەرێکی کراوەیەو دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی مامەڵەی دەوڵەت لەگەڵ گەلەکەی و شێوازی پێدانی زانیاری بە ڕای گشتی ناوخۆ، هەروەها سروشتی بیرکردنەوەی زۆربەی کۆمەڵگاکەی. بەڵام ئەگەر دەوڵەت ڕاستی خۆی لەدەوڵەتێکی دیكه بشارێتەوە، ئەگەرێکی کەمترە؛ چونکە زۆربەی کات دەزگا پەیوەندیدارەکان بەزانیارییەکانەوە بەردەوام بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە پێویستیانە بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەو ناوخۆی خۆیان، یان ئەوەی پەیوەندیی بە کاروباری ناوخۆوە هەیە ئەگەر کاریگەری و خاڵی هاوبەش لە نێوان دوو کۆمەڵگا یان زیاتردا هەبێت.
ئەو دەوڵەتە کە بە ڕاستی دەوڵەتە، نەک پاشماوە یان پەیکەرێکی شکاو تەپوتۆزاو ی بێت لە دەرەوەی چەمکی دەوڵەت، یان ئەو دەوڵەتانەی تازە دروست دەبن یان پێداچوونەوە بە خۆیاندا دەکەن؛ بەدەر لەوەی سەر بە کام لەو بارودۆخانەی پێشووە، داوای لێدەکرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی دەوڵەت لەسەر جەماوەری هەڵگرانی ناسنامەکەی کار بکات لە ڕێگەی گەشەپێدانێکی سەرکەوتووەوە؛ گەشەپێدانی مرۆیی لەژیانو شایستەکانی ژیاندا، نەک دامەزراوەو دەزگایەک بونیادبنێت کە چینایەتییەکی فەرمی یان هاوبەشییەکی بازاڕی سنوردار دروستبکات، ئەو دەسەڵاتانەی یاسا پێیداوە بەشێوەو ناوەڕۆکێکی هەڵە بەکاربهێنێت.
لەو کاتەدا، تەنانەت ئەگەر دەوڵەت ئاڕاستەی ناوخۆیی خۆی ڕانەگەیەنێت یان بە پڕوپاگەندەیەکی پووچ دایپۆشێت، ئەوا ئەوانەی فەرامۆش کراون چیتر خۆیان بە پابەند نازانن بە ئینتیما بۆ دەوڵەت، ئەگەر بە بێدەنگیش بێت.
ئەم دیاردەیە تەنها لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا قەتیس نییە، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستا و داهاتوودا؛ بەڵکو ئەنجامی هاوکێشەیەکی هەڵەیەو هەر کاتێک دووبارە ببێتەوە، ئەنجامەکەش دووبارە دەبێتەوە، بکەرەکەی هەر کێ بێت.
عەقڵی حوکمڕانی وا گریمانە دەکرێت کە عەقڵێکی مەشقپێکراوبێت بۆ دورکەوتنەوە لەکارەساتەکان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆیان، ئەگەر لەهەر پێشهاتەیەکدا ڕوبدەن، بەشێوەیەک پەرچەکردارەکان خێراو دروست و بەجێبن.
ئەو دەوڵەتەی نایەوێت لەچەمکی دەوڵەت دەربچێت، پێش هەموو شتێک ڕێز لەو یاسایە دەگرێت کە خۆی دایناوەو لەدەستورێکەوە وەرگیراوە کە ڕێزی لێدەگرێت و لێی تێدەگات، خۆی پێوە پابەند دەکات و ڕێسای بۆ پابەندبون پێوەی دادەنێت و سزا بۆ سەرپێچیکارانی دیاریدەکات.
هەروەها بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت کە لەئەنجامدا بەرژەوەندی گەل لەژێر چەترێکی نیشتمانی ڕاستەقینەدا دەبێت لەماف و ئەرکەکان، بەپێچەوانەوە، ڕێزی جەماوەر بۆ دەسەڵاتەکەی فەزایەکی گرنگە کە نابێت دەسەڵات ببێتە هۆی تێکدانی، بەهۆی دەستەوەستانی یان بەئەنقەست هەڵبژاردنی ئەوەی کە دەسەڵاتێکی بەهەیبەت بێت و شکۆی نەبێت.
کێشەکە هەرگیز قەدەری نییەو نابێت وەها نیشانبدرێت؛ چونکە دەوڵەت سەرپشکە، وەک چۆن تاک و کۆمەڵگه سەرپشکن، ئەگەر دەوڵەتێک بێ ئیرادەو نیمچە بەڕێوبراوبێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی لاوازو بێکەڵکە.
لەعەرەبیەوە: سەردار پێنجوێنی
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی