ئاشکرایە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زادەی واقیعی دوای یەکەم جەنگی جیهانییە بە پێی بەرژەوەندی براوەکانی جەنگ و لەبەرچاوگرتنی دڵی وڵاتە ئیقلیمییەکان لە چوارچێوەی ڕێکەوتنامەی سایکس بیکۆ داڕێژراوە، لە نێو ئەو نەخشەیەدا زەرەرمەندی یەکەم کورد بووە، چونکە لەو ڕیکەوتنامەیدا ناوی کوردستان نەخرایە سەر نەخشەکە، بگرە کورستان پارچە پارچە کراو هەر پارچەیەی بەدەر لە خواست و ئیرادەی دانیشتوانەکەی خرایە سەر نەخشەی دەوڵەتەکانی (عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا).
شایانی باسە، لە سەد ساڵی ڕابردوو کوردستان بە دوو هۆکار پشکی لەو نەخشەیە پێنەدراوە، هۆکاری یەکەم پەیوەندی بە بەرژەوەندی زلهێزەکان هەبووە کە وەک ئاماژەمان پێدا ئەوان بۆ ڕازیکردنی وڵاتانی ئیقلیمی نەک هەر حسابیان بۆ کورد نەکرد بگرە دوای یەکەم جەنگی جیهانی ڕێکەوتنامەی سیڤەریان گۆڕی بە لۆزان و لە دووەم جەنگی جیهانیش هەمان ئەزموونیان لە بەرانبەر کۆماری کوردستان لە مهاباد دووبارە کردەوە.
هۆکاری دووەمیش پەیوەندی بە خودی کوردوە هەبوو کە لە سەد ساڵ ڕابردوو بۆ ئەو گؤرانکاریانە وەک پێویست ئامادەیی تێدا نەبوو بگرە کاراکتەری ناو دامەزراندن و هێشتنەوەی ئەو دەوڵەتانە بووە کە کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە.
لە ئێستاشدا بەهۆی سەرهەڵدانەوەی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و فراوانبوونی جەنگەکە و پەلوپۆهاوێشتنی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە باس لە گۆڕێنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.
شایانی باسە، جاری یەکەم نیە باس لە گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، بەڵام ئەگەر جاران ئەو مژارە قسەوباسی پشتی پەردە بووبێت، وە وڵاتان بە نەهێنی پلانیان بۆ داڕشت بێت، ئێستا نەک هەر بە ئاشکرا باس لە گۆڕینی ئەو نەخشەیە دەکرێت، بگرە کراوەتە یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
لەم چەند ڕۆژەدا کە بۆ جاری دووەم جەنگ دەستیپێکردۆتەوە لە زۆربەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکاندا بەرپرسانی ئیسرائیل جەغت لە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە دەکەنەوە، هەر بۆیە پێدەچێت دۆخی دوایی جەنگ زۆر جیاواز بێت لە سەردەمی ئێستاماندا، ئەوشە وایکردووە وڵاتێکی وەک تورکیا نەک ترسی لێ بنیشێت بگرە لە ئاستی دبلۆماسی بکەوێتە خۆی بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە، وە ئەگەر لەو هەوڵەش سەرنەکەوێت، کە تا ئێستا سەرنەکەوتووە، پلانی دووەمی ئەوە بێت کورد لەو گۆڕانکاریانەی لە ئێران ڕوودەدەن هیچی دەستنەکەوێت وەک ئەوەی لە رێکەوتنامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ کردیان.
لە ئێستادا کە جەنگ دۆخێکی تازە لەگەڵ خۆی هێناوە وە جارێکی دیکە پرسی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتەوە سەر مێزی ئەو وڵاتانەی کاریگەرن، کورد لە جیاتی ئەوەی درووشمی ڕاگرتنی جەنگ هەڵگرێت وا باشە خۆی بۆ گۆڕانکاریەکان ئامادە بکات.
چونکە ئەگەر ئەو جارەیان کورد لە نەخشەی تازە پشکی نەبێت، دەبێت لۆمەی خۆی بکات نەک ئەوانی دیکە، چونکە دەرس و پەند لە ڕابردووی خۆی وەرنەگرتووە.
با ئەویان بە مانای ئەوە لێکنەدرێتەوە کە کورد لایەنگری جەنگە و پشتیوانی لێدەکات، بگرە بەو پێیەی کوردی پێش سەد ساڵ نیە مافی خۆیەتی لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی داوای ماف و قوربانیەکانمان بکەین، کە سەد ساڵە بە ئاگر و ئاسن وەڵامی ئەو مافانەمان دەدرێتەوەلە لایەن ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە بەردەم گۆڕینی ئەو گۆڕانکاریانە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی