جەنگ و ڕامانە چینییەکان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز



ئەم جەنگەی کە دەگوزەرێت لە چەندین ئاستدا ناچاری ڕامان و پچڕانمان دەکات لە هەموو تێگەیشتنەکانمان دەربارەی هێز و سروشتی شەڕ و چارەنوسی ناوچەکە و شێوازی حوکمڕانیی و ڕۆڵی پێکهاتە جیاوازەکان.
جێگای سەرنجە لە ڕوی سەربازییەوە سوپای چینی لیستێکی بڵاوکردوەتەوە کە لە پێنج خاڵدایە:
یەکەم، کوشندەترین هەڕەشە: دوژمنی ناوەکییە. دووەم، پڕ-باجترین هەڵەتێگەیشتن: هەبونی باوەڕێکی کوێرانە بە ئاشتی. سێیەم، ساردترین حەقیقەت: بونی باڵادەستی هێزی ئاسمانی. چوارهەم، دڵڕەقترین دوفاقیی: وەهمی سەرکەوتن. پێنجەم: ئەوپەڕی پشتپێبەستن: ئیعتمادکردنە سەر خود.
ئەوەی جێگای سەرنجە، دەکرێت ئەم خاڵانە چەندیک رەنگدانەوەی سروشتی دەسەڵات و پێکهاتەی چینییە لە گەڵ دیدی چین بۆ جەنگەکە.
شارەزایان وەها دەبینن کە ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم پێنج خاڵە کە خۆی لە خۆیدا کارێکی پێشتر نەکراوە، بۆ ئاگادارکردنەوەی سەربازی ئاساییە لە چین PLA rank and fil. هەروەها خەڵکی ئاسایی چین و ئەمریکا و ڕۆژئاوا.
ئەگەر ئەم خاڵانە  بە شێوازێکی دیموکراسییانە داڕێژینەوە، دەکرێت مانای تر ببەخشن. یەکەم، بۆچی ڕژێمێک خەڵکەکەی ئامادەیە هاوکاری روخانی بکات. چونکە لە خەڵکەکەی دابراوە و خەڵکەکەی بە حکومەتی خۆیان نازانن. لێرەدا دیموکراسیی و حکومەتی باش و خزمەتگوزار دەبێتە بەشێک لە شەر.
دووەم، لە ڕاستیدا ئێرانییەکان هیچ بڕوایان بە ئاشتی نەبوو. ئەوان بروای تەواویان بەوە هەبوو کە ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبێت ئاشتیان دەبێت. بەڵام دوای یانزەی سیپتەمبەر ئەستەم بوو بۆ بونیادی ئاسایشیی ئەمریکی قبوڵی ئەوە بکات هێزگەلێک دەستیان بگاتە ئەتۆمی کە ئامادەن بەکاری بهێنن دژی. هەرچەندە هەوڵی زۆری پڕوپاگەندەچییە ئێرانییەکانی وەک تریتا پارسی و والی نەسر و ئەوانیتر ئەوەیە کە ئێران گەر بە هاتوهاوار شێتانە دەردەکەوێت بەڵام کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکی عەقڵانییە. ئەمە ڕەنگە هەندێک لە دیموکراتەکان هەڵبخەڵەتێنێت، بەڵام بۆ خەڵکی تر ئەستەمە. بۆیە ئاشتی بونی نەبوو.
سێیەم، لە ڕاستیدا باڵادەستی تەنها لە هێزی ئاسمانیدا بەڵکو لە سیستەمێکی بەرفراوانی تەکنەلۆجیدایە. شەڕی ئەمڕۆ چەندێک هاردوێرە، بگرە زیاتر سۆفت-وێرە. جەنگ لە پانتایی مرۆییوە گۆرا بۆ پانتایی داتا و تەکنەلۆجیا و هۆشمەندی دەستکرد.
چوارهەم، وەهمی سەرکەوتن، کێشەیەکی گەورەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوخبەکەیەتی.  جەنگی تەقلیدی قارەمانی و جەنگی زانست و تەکنەلۆجیا سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی ناپلیون. گەلانی ئەم ناوچەیە وەها دەزانن گەر بڵێن نەدۆڕاوین ئەوا نەدۆڕاون. لە ڕاستیدا ئەمە کێشەی گەورەی ئەمریکا بوو لە عێراق. ژاپۆنییەکان دانیان بۆ دۆڕاندا نا و سەرەتایەکی نوێیان بۆ خۆیان دروستکرد. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی کەلتورەکەیەوە ناتوانێت دان بە واقیعدا بنێت. زۆرینەی خەڵکی ئەم ناوچەیە مەستن بە وەهم.
دواخاڵ، سەربارەت بە پشت بە خۆبەستن. ئەمە زیاتر دەردەێکی چینیە. دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بنەماڵەی چینگ. بەلام ئەگەر چین دەتوانێت، کە ناتوانێت وەک لە پرسی وزەدا بینیمان، پاشان لە بازاڕ و زۆر بواری تردا. ئەوا وڵاتێکی وەک ئێران هەرگیز ناتوانێت. وێرانبونی سیستەمی ئاو لە ئێران بەشێکی زۆری بۆ وەهمی پشت بە خۆبەستن دەگەرێتەوە. هونەرەکە ئەوەیە کە چۆن لە دونیادا بیت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی