قەندیل‌و ئاكار

2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

یەكێك لەڕەخنەكانی من‌و هەندێك دۆستی دیكەش لەپەكەكەو قەندیل ئەوەبوو كە منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ دەباتە پەروەردە، زۆرجار لەگەڵ دكتۆر فایەق گوڵپی‌و هەڤاڵانی شاخیش باسی ئەو بابەتەمان دەكردو دەمانگوت باشترە بەو جۆرە نەبێت‌و بۆ پەروەردەش مەرج نیە هێندە دوربێت لەسنوری كەسوكاری ئەوانەی دەچنە پەروەردەوە با لەوێندەر پەروەردە هەبێت، هەڵبەت ئەوەش مەترسی گەورەی هەبوو، بۆیە وێڕای وتنیشی لێ‌ باش نەبوو، ئێمە ڕەخنەمان دەگرت، كەچی لەمدوایە كە بینیمان توركیا، یان میتی توركی كیژو كوڕی منداڵی بەدورگەی ئابڕوچون فرۆشتوە، لەدڵی خۆمدا وتم ئێمە چەند هەڵەبوین لەكاتێكا پەروەردە منداڵ‌و گەورەو هەرزەكارو لاو فێری خۆخاوەنی‌و بەرگریی‌و بەگژداچونەوەی ستەم دەكات كەچی، دەوڵەت كاری فرۆشتنی منداڵ‌و كۆیلەكردن پەرە پێدەدات.

بەبۆنەی پەروەردەو قەندیلەوە چیرۆكێك هەیە دەگێڕنەوە جێی خۆیەتی لێرەدا باسی بكەم، دەڵێن بابایەكی خاوەن سامان كوڕێكی كە چەتون‌و چەوت‌و چێڵە پاش ڕێكخستن‌و ناردنی بۆ پەروەردە كوڕە دەگۆڕێت، بەڵام كەسوكار ئاگایان لەو گۆڕانە نییە، داكی كوڕە هەموو ڕۆژ بۆڵەی ئەوەدەكات كوڕەكەی لەكوێیەو بۆ باوكی لێی ناپرسێت، باوك بەدویدا دەچێتە شاخ‌و دەیدۆزێتەوە، كاتێك دەیبینێت‌و قسەی لەگەڵ دەكات زۆری پێسەرسام دەبێت، هەڤاڵان دەڵێن كوڕەكەت دەبەیتەوە ئازادی، ئەگەر خۆی پێیخۆش بێت، كابرا دەڵێت، ناوەڵا یەكی دیشم هەیە داوادەكەم لەپەروەردە وەریبگرن، ئەمە ڕاستیە یان هەر دروستكرا، نیشانەی ئەوەیە كە پەروەردە مرۆڤ دەگۆڕێت‌و دروستیدەكات.

ئاهەنگی ملیۆنی ئامەد، ئەستەنبوڵ كە هەندێك دەڵێن لەملیۆنی تێپەڕاندبوو، ئاهەنگەكانی قەندیل، قامیشلۆ شوێنگەلی دیكە، خۆپیشاندانی سەدان هەزاری خەڵك لەسلێمانی‌و بۆ ڕۆژئاوا، خۆپیشاندانەكانی كەركوك‌و شوێنگەلی دیكە، بەشێكی زۆری كاریگەری پەروەردەیە، پەروەردەی نەتەوەیی ڕاستینە، پەرەوەردەی میدیایی ئاكاریانە، واتە پەروەردە مەرج نییە هەر لەشاخ‌و لەناو چوار ئەشكەوت‌و تاشە بەردابێت، باوەڕی من پەروەردەی ناو ئەشكەوت‌و تونێل ئەو عەگیدو شێرە ژنانەی دروستكردوە كە دنیایان سەرسامی خۆیان كردوە، ئەوی دیش ئەو پەروەردە نەتەوەیی‌و میدیاییەی كە ئیدی هەموو بەڕونی هێڵەجیاجیاكان دەبینن.

ئاكامی ئەو پەروەردەیە لەم نەورۆزەی قەندیلدا زۆر بەجوانی دەركەوت، وێڕای باران‌و سەرما، بەڵام هەزاران كەس لەهەموو بەشی كوردستان نەك هەر ئاهەنگی نەورۆزیان پیرۆزكرد، بەمەشخەڵ سنوری نەخشەی كوردستانیان بەزیندوی كێشا، ئەو نەخشەیەی داخی دەكردە دڵی دوژمنانی كوردو جاش‌و لۆمپەنەكانەوە، تا ئەو ڕادەیەی هەندێك پەلاماری نەورۆز بدەن‌و بەكوردی نەورۆزیش بڵێن ئاگرپەرست، دیارە ئەو خائین‌و خۆفرۆشانە كوێیان دێشێت‌و بەو پەروەردەو ئاكارە زەندەقیان چوە، بۆیە هەر دەبێت بۆ ڕەزامەندی ئەوەی تێریان دەكات ئەوەبكەن، بەڵام ڕۆژی سەرشۆڕی ئەوانیش نزیكە، هاكا ئاهەنگی نەورۆزی ملیۆنی لەمه‌هابادو سنەو كرماشان‌و ڕۆژهەڵاتیش داخی نا بەجەرگیانەوە.

ئێستا لەهەركات زیاتر گەلی كورد پێویستی بەپەروەردەی ئاكاریە، دەبێت پەروەردە ببرێتە هەموو ماڵێكەوە لەداهاتودا چیا پێویستی بەشەڕڤان‌و گەریلاو پێشمەرگە نییە نێو ماڵ، مزگەوت، قوتابخانە، كوچەو كۆڵان پێویستیان بەوانە، كورد دەبێت ببێتەوە بەو نەتەوەیەی كە ژیان دەكاتەوە بەبەر سروشتا، ئەو نەتەوەیەی ڕێز لەدارو درەخت‌و مەل‌و باڵدارو دڕندەو بڕندەو سروشت دەگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی