هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک قەڵغانی پارێزەری خاک و ناسنامەی نەتەوەییمان تەنها پەلامارێکی سەربازی نین بەڵکو ڕاستەوخۆ بە ئامانجگرتنی بوون و شکۆی گەلی کوردە لە هەموو پارچەکانی کوردستان چونکە پێشمەرگە هێمای خۆڕاگری و ناسنامەی نیشتمانیی تاکی کوردە و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەری دەبێت بە توندترین شێوە وەڵامی سیاسی و مەیدانی بدرێتەوە بۆ ئەوەی نەیاران تێبگەن کە خاکی کوردستان هێڵی سوورە و تێچووی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی ئەم قەوارەیە زۆر گران دەبێت لەم سۆنگەیەشەوە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نەتەوەیی دەکەوێتە سەر شانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە چیتر کات بە فیڕۆ نەدەن و پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت چونکە هەر بۆشاییەکی سیاسی دەبێتە دەرفەت بۆ دوژمنان تا زیانی زیاتر بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بگەیەنن لە هەمان کاتدا پێویستە مێژووی پڕ لە شانازی گەلەکەمان وەبیر بهێنینەوە کە چۆن بە گیانی سەفەربەری بۆ بەرگری لە شەرڤانان و گەلی ڕۆژاڤا ڕاپەڕین و سەدان و هەزاران جار بۆ پاراستنی گەریلا و شۆڕشی باکور هەڵوێستی نەتەوەیی گەورەیان نواند هەر بۆیە ئێستاش ئەرکی هەمووانە بە هەمان گیانی نیشتمانییەوە خاوەندارێتی لە هێزی پێشمەرگە بکەن لە هەرچوارپارچەی کوردستان و نابێت لەم ساتە هەستیارەدا گەلی خۆشمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەیاد بکەین کە بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕن هەروەها دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە گەلی ئێمە لە باشور جەخت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە وەک دەستکەوتێکی مێژوویی ئەوەش تەنها بە گەرەنتی کردنی مافە دەستوورییەکانمان لە عێراقی فیدراڵی دەستووری و سەیرکردنی کورد وەک پێکهێنەری سەرەکی دەوڵەتی عێراق و پاراستنی پێکەوەژیانی گەلانی عێراق دەبێت بەڵام گەر نا پێویستە گەلی ئێمە بژاردەی وەڵامدەرەوە بخاتە کرۆکی سیاسی خۆی کە وەڵامدەرەوەی پاراستنی بوونی کورد و سەروەریی نیشتمانی بێت ئێستا کاتی ئەوەیە ململانێ حزبییەکان و بەرژەوەندییە تەسکەکان وەلابنرێن و هەمووان پێکەوە کار بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی یەکێتی نەتەوەیی بکەن کە لە ئاستی ئاڵۆزییەکانی هەموو کوردستاندا بێت تەنها بە یەکگرتوویی و بوونی حکومەتێکی بەهێز و نیشتمانی دەتوانین پارێزگاری لە دەستکەوتەکانمان بکەین و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بگرین کە ئامانجی تێکدانی ئاشتی و سەقامگیریی نیشتمانەکەمانە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی