شەهیدکردنی پێشمەرگە چی لە هاوکێشەکە دەگۆڕێت بۆ ئێران؟!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عوسمان گوڵپی

بەردەوامی هێرشکردنە سەر هەرێم و شەهیدکردنی ڕۆڵەکانی لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان و سنورەکەی نەبونەتە بەشێك لە شەڕ و مەترسی بۆ سەر ئێران و گروپەکانی لەسەرەتاوە تا ئێستا خۆی دوور گرتوە لە بونە ناوچەی شەڕ، لە کاتێکدا بەهۆی بونی سنورێکی فراوانی وشکانیەوە دەیتوانی ببێتە مەترسی کە نەبوە، دەبوو ئەم هەڵوێستەی هەرێم بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ بکرایە نەك بەردەوام بە درۆن و موشەك هێرشی بکرێتە سەر و پێشمەرگەکانی شەهید بکرێن.

بۆیە چیتر پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغداد بەیەک دەنگ دژی ئەم هێرشە درۆنی و موشەکیانە بوەستنەوە و بەغداد بخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی، بە دەنگی بەرزیش ببنە بەرگریکاری ئارامی و خوێنی ڕۆڵەکانی هەرێم.

ناوچەکە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە یەك دەنگی و یەکهەڵوێستی زیاترە، ئەبێت لەسەر هەرسێ ئاستی سیاسی و نوێنەرایەتی و جەماوەری ئەم دەسترێژیانە ڕەد بکرێنەوە. پرسیارێکی زۆر سادەشە ئەبێ شەهیدکردنی پێشمەرگە و هێرشکردنە سەر هەرێم چی لە دۆخی شەڕەکە بگۆڕێت؟ جگە لە دژایەتیکردنی هەرێم و مەیلی پەلکێشکردنی بۆ بونە ناوچەی شەڕ؟ 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی