جەنگ لە نێوان ڕاستگۆیی و چەواشەکاریی میدیای کوردی دا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسماعیل حاجی زەڵمی



 چیتر تەنها جەنگ  بە چەکو چۆڵ و فیشەک و گوللە ناکرێت ، بەڵکو  ئەمڕۆ "وشە" و "وێنە" بوونەتە کاریگەرترین کەرەستەی ناو مەیدانەکانی جەنگ، بۆ میدیای کوردی کە مێژووەکەی پڕە لە گواستنەوەی هەواڵی ململانێ و کێشمەکێشم و  شەڕە یەک لەدوای یەکەکان، بەدەر نییە لەو حاڵەتە، بۆیە پرسیارە کە ئەوەیە: ئایا میدیای ئێمە تا چەند توانیویەتی هاوسەنگی لەنێوان گەیاندنی ڕاستییەکان و نەکەوتنە ناو تەڵەی چەواشەکارییەکان بپارێزێت؟
جەنگی دەروونی و بەکارهێنانی میدیا لە کاتی شەڕەکاندا

 میدیا کار و  میدیای کوردی زۆرجار دەکەونە ژێر کاریگەری سۆز و وتار و دروشمە نەتەوەیی و هەندێکجار مەزهەبییەکانیشەوە. ئەگەرچی ئەمە بۆ هەندێک بارودۆخ  گرنگە بە تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی گشتی لە کاتە چارەنووس سازەکاندا، بەڵام هەندێکجار دەبێتە هۆی ونبوونی ڕاستگۆیی (Objectivity). کاتێک میدیا دەبێتە بەشێک لە ئامێری پڕوپاگەندە  لە زۆربەی بارودۆخەکاندا، ئەوا یەکەم قوربانی "ڕاستی" دەبێت کەمیدیای راستەقینەی پێ دەناسرێتەوە.
  یەکەم: ئافاتی "پەلەکردن"
چەواشەکاری و پەلە کردن لە بڵاو کردنەوە و سەبقی خەبەری یەکێکە لە کێشە گەورەکانی میدیای ئۆنلاین و سۆشیاڵ میدیای کوردی لە کاتی جەنگدا، بە تایبەت تر لە جەنگی ئێستای ( ئەمریکا وئیسرائیل/ ئێران ) کێبڕکێیە بۆ "یەکەمین بڵاوکردنەوە". ئەم کێبڕکێیە وایکردووە زۆرجار:
هەواڵی فەیک و  پشتڕاستنەکراوە بڵاوبکرێتەوە.
وێنە و ڤیدیۆی کۆن وەک ڕووداوی ئێستا پیشانبدرێن.
لایەنگری سیاسی و ئایدۆلۆژی و شێواندنی واقیع، دەرکەوت ببێت.
ناکرێت باس لە میدیای کوردی بکەین و ئاماژە بە "میدیای سێبەری حزبی" نەکەین. لە کاتی جەنگدا، بە تایبەت ( ئەمریکا وئیسرائیل/ ئێران ) زۆرجار ڕووداوەکان بەو جۆرە دەگوازرێنەوە کە لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو بێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی تووشی جۆرێک لە "سەرسوڕمانی زانیاری" بێت؛ لە کەناڵێکدا باس لە سەرکەوتن دەکرێت و لە کەناڵێکی تردا هەمان ڕووداو وەک شکست وێنا دەکرێت. ئەم دژایەتییە نەک هەر چەواشەکارییە، بەڵکو متمانەی جەماوەر بە میدیای کوردی لاواز دەکات.
 ئاکاری کاری میدیایی
میدیای ڕاستگۆ ئەو میدیایەیە کە لە ناو جەرگەی جەنگ و ڕوداوە نەخوازراوەکانیشدا، ڕێز لە عەقڵی بینەر دەگرێت. ئەرکی میدیاکارە کە سۆرس (سەرچاوە) پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، لە وردی زانیارییەکە دڵنیا بێتەوە.
بنەمای مرۆڤدۆستی
 دوورکەوتنەوە لە نیشاندانی دیمەنی دڵتەزێن و تەرمی قوربانیی ڤیدیۆی نەگونجا بۆ کۆکردنەوەی لایک و ڤیوو.
هەربۆیە میدیای کوردی پێویستی بە گۆڕینی ستراتیژ هەیە؛ لە میدیایەکی "کاردانەوەی سۆزداری"یەوە بۆ میدیایەکی "پیشەیی شیکاری" دەبێت بزانین جەنگ تەنها لە بەرەکانی پێشەوە نییە، بەڵکو لەسەر شاشەی مۆبایل و تەلەفزیۆنەکانیشە. هەر هەواڵێکی ناڕاست کە ئەمڕۆ بڵاودەبێتەوە، سبەینێ دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی دەروونی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە. ڕاستگۆیی تاکە  پارێزەروو قەڵغانە کە دەتوانێت میدیا لە چەواشەکارییەکانی جەنگ بپارێزێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە