کوردو ئەنجومەنی ئاسایش؛ لەکوێرەوەری مێژوو بۆسەر مێزی بڕیار

3 کاتژمێر پێش ئێستا

سلێمان مستەفا حەسەن

نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)و بە تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایش، یەکێکن لە گرنگترین دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر چارەنووسی گەلان. هەر کاتێک بڕیارێک دەردەکەن، ئەو بڕیارە بە تەنیا ڕاگەیاندنێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو زۆر جار بنچینەیەکی یاسایی و ڕێنمایییە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو، بە شێوەیەکی ڕێکخراو، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کاریگەرییان دەبێت لە شێوەی، دروستکردنی پابەندی یاسایی، دانان بە ماف یان پشتگیریکردن لە ماف، سەرکۆنەوە و مەحکوومکردن، فەرمان کردن بە هەنگاوێکی دیاریکراو، دانانی سزا و هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا ڕێگە دەدرێت بە بەکارهێنانی هێزی نێودەوڵەتی یان چالاکییەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. بەم شێوەیە، بڕیارەکان تەنیا قسەیەک نین، بەڵکوو ئامرازێکی کاریگەرن بۆ گۆڕینی دۆخی سیاسی و یاسایی دانانی کاریگەری لەسەر ژیانی گەلان.

لە ڕاستیدا زۆربەی کات، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش توانیویانە دۆخی گەلێک بگۆڕن، لە پاراستنی مافە مرۆییەکانەوە تا دانانی سنوور و داننان بە مافی چارەی خۆنووسین و چارەسەری کێشە نێودەوڵەتییەکان. بۆیە، گرنگی بڕیارەکانی ئەم دامەزراوەیە تەنیا قسە نییە، تەنیا کاردانەوە نییە، بەڵکوو لەو هێزەوەیە کە هەیەتی بۆ گۆڕینی بارودۆخەکان لە ڕاستییە نکۆڵی لێکراوەکان بۆ دۆخێکی سیاسی و یاسایی نوێ لە ناو نەتەوەیەکگرتووەکان.

لێرەدا ئەگەر دەوری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش بیر خۆمان بهێننەوە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاری خوازی گەلەکەمان ناکرێت ئاماژە بە سێ هەوڵی ئەو دامەزراوەیە نەدەین لە ساڵانی (1963، 1991، 2026).

(١) 
 مەنگۆلیا بەیاداشتێک پرسی جینۆسیادکردنی گەلی کورد دەباتە سەر مێزی نەتەوە یەکگرتوەکان؛
لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ بەرژەوەندی یەکێتیی سۆڤیەت لەوە دابوو هاوکاری شۆڕشی کورد بکات لە باشووری کوردستان، بۆ ئەمەش دەستی بە هەڵمەتێکی دیپلۆماسی کاریگەر کرد هەم لە سەرکۆنە کردنی ڕژێمی بەعس و ڕاسپاردنی یەکێک لە دەوڵەتانی پاشکۆی خۆی کە پرسی جینۆسایدی گەلی کورد بهێنێتە سەر مێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەمەش مەنگۆلیا لە تەممووزی هەمان ساڵ پرسی کورد لە دوو توێ یاداشتێکدا خستە سەرمێزی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەرایەکی زۆری نایەوە، دوای ئەوەش یەکێتیی سۆڤیەت لە 11ی تەممووزی هەمان ساڵ یاداشت نامەیەکی بەرز کردەوە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر پرسی جینۆسایدکردنی کورد، لە نامەکەدا ئاگاداری دەکاتەوە لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەدا، کە گەلی کورد ڕووبەرووی بۆتەوە، ئەمەش خالی دەست پێک بوو کە کوێرەوەرییەکانی کورد بگەنە سەرمێزی ئەنجوومەنی ئاسایش، تا یەکێتیی سۆڤیەت زیاتر و زیاتر هاوکاری شۆڕشی کوردی دەکرد لەبەرامبەر دا ئەمریکا زیاتر هاوکاری ڕژێمی بەعسی دەکرد، بەمەش پرسی کورد بوو بە پرسێکی نێودەوڵەتی بەڵام کەوتە سەرمێزی سەهۆڵ بەندانی جەنگی سارد، براین ڕۆبن گیبسن لە دوو توێ نامەی دکتۆراکەیدا، کە لەدوایدا وەک کتێبێک بەناوی (ئەرێ کورد بوونە بەردە باز) بڵاو کردووەتەوە لە کتێبەکەیدا باسی ووردەکاری دۆخەکە دەکات، هەروەها باس لە یاداشتەکانی کۆمەر دەکات و دەڵێت سەرۆک کەنەدی پرسی کوردی دەقاودەق لە چوارچێوەی هەلومەرجی جەنگی سارددا بینیوە، هاوکاری یەکێتیی سۆڤیەت بۆ کورد بۆتە هۆکار و پاڵنەرێکی بەهێز ئەمریکا یارمەتی ڕژێمی عێراق بکات. لەڕێگەی دەوڵەتێکی پاشکۆی خۆی. لە ناوەڕاستی ئەیلوولی هەمان ساڵدا یەکێتیی سۆڤیەت فەرمانی بە نێردەی مەنگۆلیا کرد پرسی جینۆساید کورد لە ئەجێندای ڕۆژی 16ی کانوونی یەکەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بسڕێتەوە، بەم شێوە ئەم هەوڵە هەر لە لایەن سۆڤیتیەکان لەبار برا.

(٢) 
بڕیاری 688؛ گۆڕینی چارەنووسی گەلێک، لە ڕەوی بەکۆمەڵ بۆ بناغەی هەرێمێکی دەستووری لە ناو دەوڵەتێکی فیدراڵیدا؛
ناکرێت بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 1991دا، وەک خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بۆ مێژووی گەلەکەمان هەژمار نەکەین. ئەم بڕیارە سنووری بیرۆکراتیەت و پیرۆزی سەروەری و سیادەی وەلا نا و پەردەی لەسەر تاوانەکانی گەورەترین ڕژێمی سەدە هەڵماڵی بە قەبارەیەکی گەورە کاریگەری لەسەر چارەنووسی نەتەوەیەک دابنێت کە لەدوای سیڤەرەوە خراوەتە ناو سنوورە دەستکردەکان.

کارێکی هەڵەیە تەنیا وا بزانین بڕیاری 688 وەڵامدەرەوەی بارودۆخێکی مرۆیی بوو، بەڵکوو دەبێت وەک دەروازەیەک بۆ دەرچوون لە قۆناخێکی تاریک لێ بڕوانین و بیناسین: قۆناخی جینۆساید، ئەنفال، کیمیابارانکردن، بەعەربکردن، ڕاگوازتن و سڕینەوە؛ بۆ گواستنەوە بۆ قۆناخی بەرگری، ماف، و ناسنامەی سیاسی. لەو ساتەوە چیرۆکێکی نوێ دەستی پێکرد، کە کورد تەنیا قوربانی مێژوو نەما، بەڵکوو بوو بە بابەتێکی نێودەوڵەتی کە دەبێت پارێزراو بێت و جێگای خۆی لە هاوسەنگییەکانی جیهاندا هەبێت.

بڕیاری 688 یەکێکە لە بڕیارە گرنگە مێژووییەکان کە ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەبوو لە پاراستنی مافی مرۆڤ و پشتیوانی لە کورد، بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991، ئەم بڕیارە دەرەنجامی خەباتێکی ئازایانە و پەیامێکی ڕوونی گەل بوو بۆ ڕای گشتی جیهان لە دژی ڕژێمی بەعس، کە سیاسەتەکانی سنووری فاشیەت و نازی تێپەڕاندبوو.

ڕەوی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بۆ سنوورەکان و چیاکانی کوردستان، گەورەترین بڕیای مێژووی گەلی کوردبوو، پەیامێکی ڕوون بوو بۆ جیهان بۆ مرۆڤایەتی، کە سیستەمی سیاسی جیهانی ڕووبەڕووی دوو بژاردە کردەوە: یان درێژەدان بە کەر و کوێری بەرامبەر کارەساتەکان، یان دانانی سنوور بۆ کردارە تاوانکارییەکان و پاراستنی مرۆڤ. بڕیارەکە وەڵامی ئەم دووڕییە بوو.

لە ڕووی سیاسییەوە، گرنگی ئەم بڕیارە لەوەدابوو کە یەکەم جار بوو نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی ڕوون دەست تێوەردانی ناوخۆیی بکات بە ناوی پاراستنی مرۆڤایەتی. ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە نرخ و بەهای مافی مرۆڤ لەسەرووی گەورەیی و سیادەو سەروەری دەوڵەتاندایە، وە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوو هیچ پاساوێک ناتوانێت جینۆساید بە کاروباری ناوخۆیی بناسێنێت.

لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بڕیارەکە بنەمای دەستتێوەردانی بە بەڵگەو بوونی پێشەلکردنی مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوانی جینۆسیاد بە شێوەیەکی پراکتیکی پەسەند کرد. ئەمە ڕێگایەک بوو بۆ ئەوەی کاتێک دەوڵەتێک دەست بە سەرکوتکردن و جینۆساید دەکات، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بتوانێت دەستتێوەردان بکات بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان. هەروەها ڕێگەی خۆشکرد بۆ دروستبوونی ناوچەی پارێزراو لە کوردستان.
لە ئێستادا، گرنگی بڕیارەکە لە سێ ڕووەوە دەردەکەوێت:

یەکەم، وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ لە کاتی قەیرانەکاندا، لەهەمان کاتدا پێدانی دەرفەت بە گەلان بۆ بڕیادان لە چارەنوسیان.
دووەم، وەک یادەوەرییەک بۆ گرنگی یەکڕیزی ناوخۆیی و چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ، یەکگرتووی کورد بڕیاڕی ڕەوی بەکۆمەڵ، بڕیاری بەکۆمەڵێ گەلێک نەتەوەیەک پێکهاتەیک بوو لەسەر خاکی خۆی.
سێیەم، وەک ئاماژەیەک کە پشتیوانی نێودەوڵەتی گرنگە، بەڵام بەبێ یەکگرتوویی ناوخۆیی و یەک دەنگی بەس نییەو نایەتەدی، دەتوانین بڵێن
بڕیاری 688 بەڕوونی مافی سەربەخۆیی پێ نەداین، بەڵام ئەو مافەی خستە ناو گۆڕەپانی گفتوگۆی نێودەوڵەتی، دەرفەتی خۆ سەلماندنی بۆ ڕەخەساندین. سنووری نێوان کاروباری ناوخۆیی و بەرپرسیاری نێودەوڵەتی تێکشکاند و بناغەیەکی یاسایی و ئەخلاقی بۆ داواکارییەکانی داهاتوو دانا، کە دەرنجامەکەی لەدایکبوونی هەرێمی کوردستان بوو وەک دیفاکتۆخاون دامەزراوەی شەرعی و یاسایی، لەوێشەوە بۆ هەرێمێکی دانپێدانراوی دەستووری لە ناو حکومەتێکی فیدراڵی عێراقدا.

لەیادی بڕیاری 688 نابێت تەنیا یادێکی مێژوویی بێت، بەڵکوو دەبێت ببێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر، کە لەسەر بنەمای یەکڕیزی، دادپەروەری، ئاشتی، یەکگرتووی وتاری ناو ماڵی کوردو حیزبە کوردستانیەکان و یەکخستنی تواناکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەو ماددە دەستوریەکان و بەشداریکردنی کارا لە بەرێوەبردنی دەوڵەتی عێراق، کە هەرێمی کوردستان پیادەی تەواوی مافە دەستووریەکانی بکات و ببێتە خاڵی هێزی عێراق، بۆ چەسپاندنی بنەماکانی شەراکەت و دیموکراسی و سەروەری یاسا، ئەمەش بەبێ هەرێمێکی بەهێز و خاوەن ڕەوایەتی دامەزراوەکانی نایتەدی، کە هێزەکەی لە قولایی متمانەی گەلەکی سەرچاوەی گرتبێت 

(٣)
ڕۆژئاوای کوردستان؛ لە بەرخودانەوە بۆ سەرمێزی بڕیار و دانپێدانان؛
ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی زیاتر لە دەیەک، نیشاندەری گواستنەوەیەک بوو لە بەرخودانی سەرەکی بۆ دروستکردنی هێز و ناسنامەی سیاسی. پازدە هەزار شەهید و هەزاران قوربانی، بە تایبەتی لە شەڕی دژی داعش، نەک تەنیا پارێزگارییان لە ناوچەکە کرد، بەڵکوو کوردیان کرد بە هێزێکی سەرەکی لە پاراستنی ئاسایشی جیهانی.

شەڕی کۆبانێ و ناوچەکانی تر، وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەمێنێنەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا؛ کاتێک شەڕڤانانی ژن و پیاو، بە پشتگیری پێکهاتە جیاوازەکان، توانا و هێزیان پیشاندا کە دەتوانرێت هەموو ئەفسانەیەکی تیرۆریستی تێک بشکێنرێت. ئەمە بوو بە بناغەیەک بۆ ئەوەی کورد لە ڕۆژئاوا نەک تەنیا هێزی بەرخودانبێت، بەڵکوو هێزی پاراستنی ئاشتی و ئازادی و ئاسایشی بن بۆ جیهان.

بەڵام دوای کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بارودۆخێکی نوێ دروست بوو. هێزە گەورەکان هاتنە ناو یارییەکەوە و جارێکی تر کورد بوو بە بەشێک لە هاوسەنگییە سیاسییەکان. لەم قۆناغەدا، پشتیوانی و فشار، هەردووکیان هەبوون، و کورد ناچار بوو بە هەستیاری و ئاگایییەوە مامەڵە بکات و دەست بۆ بژاردەکانی ببات.

ئەوەی لەم ماوەیەدا گرنگ بوو، هەڵوێستی گەل بوو. نەخێری کورد لە بەرامبەر خۆبەدەستەوەدان و سڕینەوە، تەنیا وشە نەبوو؛ بڕیارێک بوو بۆ بەرخودان و پاراستنی ناسنامە. ئەم هەڵوێستە بە دروشمی ئێمە کوردین، ئێمە یەکین، ئێمە خاوەن مافین دەربڕدرا، کە بوو بە پەیامێک بۆ ڕای گشتی جیهان.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کۆبوونەوەکان، ڕێکەوتنەکان، مەڕ سوومی کۆماری، بەیاننامەکان، لەسەر و هەموویانەوە کۆ بوونەوە و بەیاننامەی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەنگاوێک بوون بۆ داننان بە ڕۆڵی کورد لە سووریا. باس لە مافەکانی کورد کرا و دان بەو ڕاستییەدا نرا کە کورد هێزێکی کاریگەرە لە پاراستنی ئاسایش و شەڕی دژی تیرۆر.

بەڵام ڕاستییەکی نکۆڵی لێنەکراو هەیە: هێزە گەورەکان لە نێوان پشتیوانی و بەرژەوەندییەکانیاندا دۆخەکەیان دەگۆڕن. لە لایەک دان بە مافەکانی کورددا دەنێن، لە لایەکی تر پاریزگاری لەهاوسەنگیی ناوچەیی و بەرژەوەندیەکانیان دەکەن. بۆیە، چارەنووسی ڕۆژئاوا هێشتا بە بەردەوامی لە ناو دانوستاندن و ڕێککەوتنەکاندا دەگوزەرێت و لە قۆناغی دەڵەمەدایە، ئەمەش جێگای هەڵوێستەیە و دەبێت بە ئاگایی و هەستیاری دۆخەکە تێپەڕێنین، چونکە تا ئەو کاتە لەناو دەستووردا ماف و بوونی کورد و شێوازی سیستەم حوکمڕانی جێگای دەکرێتەوە و گەل پەسەند دەکرێت، دەخوازێت لە جاران زیاتر بە هەستیاری و بە ئاگایەوە درێژە بە بەرخودان بدرێت.

لەکۆتاییدا؛ لەم بارودۆخەدا، ئەزموونی ڕابردوو وانەیەکی قووڵی هەیە بۆ ئێمەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و هەروەها رەوەندی کورد لە جیهان: ئەویش ئەوەیە کە ماف نادرێت، بەڵکوو دەسەنرێت، مەرج نییە ئەو مافە تەنیا بە هێزی سەربازی دەستەبەر بکرێت، بەڵکوو بە یەکگرتوویی، ئاگایی و ستراتیژیی سیاسی. ئەو هۆشیارییەی ئەمڕۆ لە ناو گەلەکەماندا گەشەی کردووە، تەنیا هەست نییە، بەڵکوو تێگەیشتنێکی سیاسییە، هۆشیارێکی نەتەوەییە کە دەڵێت: ئێمە کوردین، ئێمە یەکین، ئێمە خاوەن مافین، کە دەڵێت یەکە یەکە گەلێ کورد یەکە، کە کورد بەیەکگرتوویی دەنگی هەڵدەبڕێت لەبەرمبەر نادادی و بێ مافی، ئەگەر ئەم یەکگرتووییە بە زمانی یاسایی و نێودەوڵەتی گەشەی پێ بدرێت و کاری لەسەر بکرێت،  بە هێزی نەرم و ئامرازە نوێکانی بەجیهانی بوون و دیجتاڵی پشتگیری بکرێت، ئەوا دەتوانرێت سەکۆکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بکەینە شوێنی داواکارییەکانمان بەهێزو کاریگەریەوە بەرەو ئامانجە باڵاکانمان هەنگاو بنێن.چونکە جیهان تەنیا کاتێک گوێ دەگرێت ئێمە یەکبین و یەکگوتارمان هەبێت، کاتێک دەنگ ڕوون و یەکگرتوو بێت، کاتێک داواکاری ئێمە داوای مافە، داوای ئاشتیە، داوای دیموکراسی، داوای سەروەری یاسا و مافی چارەی خۆنوسینە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە