بەداخەوە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەولێر-ی پایتەخت وەکو ناوچەکە بۆتە ئامانجی هێرشی دڕۆنی بۆمڕێژکراو و موشەکهاویشتنی ئێران و میلیشیا بەڵتەجیە چەکدارەکانی بەناو دەوڵەتی عێڕاق ، بەڕاستی لە فەتریەکی هەستیاری تووندا دەژین ، ئەویش لێکەوتەکانی ئەو شەڕەی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل کە دەیکەنە سەر ئێران ، کە زیاتر لە میانی میلیشیای لەیاسا دەرچووی عێراقی بێسەروەری ئەنجامدەدرێن کە تووڕەیی خۆیان بەسەر شاروشاۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دەڕژێنن ، کە گوێ بە گیانی خەڵکی بێتاوان و پەیوەندی و دراوسێتیی و برایەتی نادەن ، وەک ئەوەی کە ئەوە ئێمەین کە دوژمنی بابەکوشتەی ئەوان بین !! هەروەها گوێ لەوش ناگرن کە هێرشبکەنە سەر کەسایەتی گشتی قبوڵکراوی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و ئەوەی کە هاوڕێتی و دۆستایەتی هەموو لایەک و ئاراستە جیاوازەکانە دەکات ، وەک ئەوەی کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک کە کاردانەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی و میللی لە ناوخۆ و دەرەوەی لێکەوتەوە ، کاردانەوەکان لەبەر ئەوەیە کە نێچرڤان بارزانی کەسێکی عادی نیە و ، لەهەمان کاتیش نوێنەراتی خۆی ناکات ، بەڵکو سومبولێکی کوردستانە و ، بە سەرۆک لە پەرلەمان هەڵبژێردراوە بۆئەوەی نوێنەرایەتی گەلەکەی بکات و ، ڕێزوتەقدیریشی بریتیە لە ڕێزوتەقدیری نیشتیمانەکەی و ، لێدانیشی لێدانە لە کەڕامەتی نیشتیمانیی ، نێچیرڤان بارزانی کەسێکە بۆتە خاڵی جەمسەرگیری و ڕازیبوونی گشتی و خاوەن سەرنجڕاکێشی کەسیی « کاریزما » یە ، تەبعەن هیچ کەس نیە بێخەوش و کەموکوڕی بێت یان جێگەی ڕەزامەندی هەموو خەڵک بێت ، بەڵام لەگەڵیشیدا کاتێک دەبینرێت گیان و موڵکوماڵی هاوڵاتیان بەهۆی هێرشە مووشەکی و دڕۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی ئێران و ملیشیا لە یاسادەرچووەکانی عێڕاق دەکرێنە ئامانج ، هەندێک دەنگی نەشاز لە مەزادی کەوتنی ئەخلاقیدا لێرە و لەوێ لە پاساو دەگەڕێن یان خۆشحاڵی دەردەبڕن ، یان پەنا بۆ بێدەنگی دەبەن ، یان قوربانی و دەستدرێژیکار وەک یەک لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شوێنەکان لە هەرێمی کوردستان دادەنێن ، ئەوە مێژووە دەینوسێت کە لەماوەی مانگێک زیاترە لە دەستدرێژیەکانی ئێران و ملیشیا بەڵتەجیەکانی عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان ، کە مووشەک و دڕۆنەخۆکوژەکان ئەوەندە بە ئازار نەبوون وەک ئازاری ئەو دەنگە نەشازانە و ، ئەمە ئەوەی ئاشکراکرد کە خەلەلێک لە مێشک و هۆشیاری هەیە ، بێلایەن بوون بەرانبەر ئەو دەستدرێژیانەی کە دەکرێنە سەر نیشتیمان لەکەیەکی شەرمەزاریە ، ئەمە تۆمەتی تەخوینکردن نیە بۆسەر کەس ، ئەگەر خۆشحاڵیبوون یان بێلایەنیبوون لەو دەستدرێژیانە لە ڕقی پارتی و یەکێتی و حزبەکان و دەسەڵات و ، یان بۆ ئەو زوڵمەی لە کەسەکە کراوە ، یان مافی لێسەنراوەتەوە ، یان بەهۆی تەماحکردن و وەدەستهێنانی پارە ، یان پەیمانپێدان بە پێدانی ئیمتیازات ، یان ڕقلێبوونەوەی کەسیی ، یان بەوەهمی پاڵەوانبوون ، یان بۆ تۆڵەسەندنەوە ئەوەدەکات کە بەرپرسێک زوڵمی لێکردووە و ، دێت داخی ڕەشی خۆی بەو نیشتیمانە دادەڕێژێت کە هەزارا شەهید و قوربانی بۆدراوە ، دەبێت ئەمە چ مرۆڤێکی دڵڕەش و قین لەدڵ بێت ، ئەم جۆرە کەسانە لە هەموو شانۆگەریەکانی ولیەم شەکسپیر-ی مەزن هەن کە خۆیان لەم خەسڵەتانەدا خوارەوەدا دەبیننەوە : دڵڕەشی ، ئیرەیی ، نەخۆشی ، حەسودی ، درۆ ، ناپاکی ، چاوچنۆکی ، دوڕوویی ، هەر بەجدی کە تووشی ئەمانە بوویت پێویستە دەمامکێک ببەستیت نەوەک بۆنی پیسی نەخۆشی ئەوانت بۆ بێت ، خۆزگە ئەمانە ئەوەیان دەزانی ، کە شوێنی جوگرافیامان و قەبارەمان و ئەو مەترسیانەی دەوروبەرمان ڕێگامان پێنادات ئەو شتە گرانبەهایەی جیاوازیمان هەبێت لەسەر دڵسۆزی بۆ نیشتیمانێک کە بەخشندەبووە بۆ هەمووان و ، ئەوانەشی کە ئینکاری فەزیلەتی نیشتیمان دەکەن و بێمنەتن لێی دەرئەنجامی کارەکانیان وەردەگرن و ، یەکگرتووییمان وەک گەل سەرکەتنە بەسەر هەموو شکستەکانمان و هەوڵی ناحەزان و ، هێزی هەر نیشتیمانێک هەر تەنها بە چەک و تفاق ناپێورێت ، بەڵکە بە خۆڕاگری و هۆشیاری ، ئەوە یەکەم جار نیە کە کوردستان ئەو جۆرە ڕووداوە بەخۆیەوە دەبینێت و تڕاژیدای لەوە گەورەتری تێپەڕاندووە و ، سەلماندویەتی کە ئەو نیشتیمانە زۆر بەهێزترە لەوەی هەندێک کەس خەیاڵی بۆدەکەن .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی