بە درێژایی مێژووی گەلی کورد، یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی بریتی بووە لە دابەشبوونی ناوخۆیی و جیاوازیی سیاسیی، کە زۆرکات لەبەر ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانەوە پەیدا بوون.
پارتە کوردییەکان، کە هەر یەکەیان خاوەنی بیر و ڕێبازێکی تایبەتین کە زۆرترین کات یەکترییان ڕەت کردۆتەوە و پاشان جیاوازییەکانی نێوان لایەنی بەرامبەریان دەستنیشان کردووە، کە ئەم دۆخەش وای کردووە کە هێزی گشتیی کوردان لاواز بێت و دەرفەتەکان بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی لەدەست بچن.
بەڵام، کاتێک دۆخی سیاسیی ناوچەکە گۆڕانی گەورەی تێیدا ڕوویدا، بەتایبەتی لە کاتی هاوپەیمانی و نزیکبوونەوەی ڕۆژئاوا و باشوور، ڕاستییەکی گرنگ دەرکەوت کە مەترسییەکی هاوبەش هەیە! کە هەر کاتێک دەرفەتێکی مێژوویی بێتە پێش، کوردان دەتوانن لەسەر بنەمای کوردایەتی یەکدەنگ بن. ئەم هاوپەیمانییە نیشاندەری ئەوە بوو کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی دەتوانرێت هەموو جیاوازییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان بخرێنە ژێر چەتری یەک ئامانج کە بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی کوردستانە.
ئەم گۆڕانە تەنیا لە ئاستی سەرکردایەتی نەبوو، بەڵکو لە ناو لایەنگران و ئەندامانی پارتەکانیشدا کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو. ئەوانەی کە پێشتر بە توندڕەوانە بەرگرییان لە بیر و بۆچوونی تایبەتی پارتەکانیان دەکرد، بینیمانن کە چلۆن هەموویان یەک دەنگ بوون لە پشتگیریکردنی ئەو هەنگاوە نەتەوەییە لە هەمبەر داگیرکاری ڕۆژئاوا. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کوردایەتی و هەستی خۆشەویستی هاوبەش لە ناو دڵی گەلدا زۆر بەهێزترە لە گشت ئەو جیاوازییە سیاسییەی کە بوونی هەیە.
ئەزموونی تاڵی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی
زۆر کات لەبەر ئەندامبوون لە پارتێک یان ڕێکخراوێکیی دیاریکراو تاکی کورد نەیتوانیوە بە ئازادی ڕای خۆی دەربڕێت.
ئەگەر هەر ئەندامی لایەنە پارتەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لایک یان کۆمێنتێک بکات، یان هاوسۆزیی خۆی بۆ بیرێکی تر دەرببڕێت، بە زووترین کات دەبێتە بابەتی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە. کە ئەم شێوە لە کۆنترۆڵ و فشارە، وای کردووە کە زۆر کەس لە ترسی تەنەر و تاوانبارکردن، دەنگی خۆیان و ڕای خۆیان بخنکێنن. کە ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ دابڕان لە کۆمەڵگە، لێسەندنەوەی کەسایەتی.
هەر بەم شێوەیەش زۆرکات کوردان نەیانتوانیوە بەشداربن لە بۆنە گشتی و نەتەوەییەکاندا، تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە ئەو بۆنەیە لەلایەن پارتێکی دیاریکراو ڕێکخراوە.
لە ڕاستیدا دەکرێت ئەو بۆنەیە ببێتە هۆی جێگایەک بۆ یەکگرتوویی، نەک ببێتە گۆڕان بۆ مەیدانی دژایەتی و دوورکەوتنەوە لە یەکتر.
هەمان کات زۆرێک لە کۆڕ و سیمینارەکانیش، توشی هەمان کێشەدا بوون. کە کەسانێک ناتوانن بە ئازادانە بەشداری بکەن، بەتایبەت ئەگەر کەسی ڕێکخەر، کۆڕگێر یان میوانی سیمینار پێشینەی حزبی هەبێت یان ئەندامی پارتێک بێت. لەبەرئەوەی دواتر مۆرکی ئەو لایەنە دەدرێت بەو کەسەی بەشدار یان گوێگر دەبێت، لێ دواتر دەبێتە هۆی تاشە و تەنەر و ڕەتکردنەوەی لەلایەن توێژە جیاوازەکان، کە بە هەمان شێوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کە بە شێوازی جیاواز هێرشی توند دەرکرێتە سەر کەسانێ بەشدار بوو بە تایبەت ئەگەر ناسراو بێت، کە زۆر بێشەرمانە سوکایەتی و هێرشێکی زۆر ناڕەوا دەکرێتە سەری، هەر بەهەمان شێوەشە ئەگەر لە دەزگایەکی مێدیایی جیاواز دەربکەوێت، هەڵبەت ئەمە بۆ میوان و کارکردن لەو مێدییانە هێرشکردن هەر بە هەمان چەشنە. کە بەداخەوە کە ڕەتکردنەوەش لە توێژی سیاسی، ڕۆشنبیران و نوسەراندا زۆر ڕەنگی داوەتەوە.
هەموو ئەوانەی سەرەوە کە باسمان کرد و چەندین نمونەی تر، تەنیا بەشێکن لە واقیعیەکی تاڵ کە پێویستە بە جیدی چارەسەر بکرێت.
ئەگەر کۆمەڵگەی کوردی بەردەوام بێت لەسەر ئەم شێوازە، یەکگرتوویی تەنیا وەک وشەیەک دەمێنێتەوە، نەک ببێتە ڕاستییەک!
حزب و کۆمەڵگە
حزب و ڕێکخراو پێویستە بگەن بەو تێگەیشتنەی کە ڕۆڵیان تەنیا ڕێکخستن نییە، بەڵکو ئەرکیان دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و فرە ڕەنگییە. ئەگەر حزبەکان بەردەوام بن لە دابەشکردن و جیاکردنەوەی خەڵک، ئەوا بە ئاگایی یان نائاگایی بۆ داهاتوویان هێزی خۆیان لەدەست دەدەن.
پێویستە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان بخرێنە سەر بنچینەی یەکگرتوویی نەک دابەشبوونی کورد، کە دەتوانرێت لە ڕێگای ڕێزمانی نوێی سیاسی، ڕێزگرتن لە جیاوازی و پشتگیری لە ئازادیی تاکەکەسی بەدەست بهێندرێت.
فرە ڕەنگی و هێزی کوردایەتی
کوردایەتی بە فرە ڕەنگییەکانییەوە جوان و لوتکەی سیمای دیموکراسیی وێنا دەکات.
جیاوازیی بیر و بۆچوون، کەمکردنەوەی هێز نییە، بەڵکو زیادبوونی هێزە ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێندرێت.
ئەگەر بمانەوێت دەتوانین ئەم جیاوازییانە بگۆڕین بۆ سەرچاوەی دیالۆگ و تێگەیشتن، ئەوکات دەکرێت کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر و پێشکەوتوو دروست بکەین.
لە کۆتاییدا هیوادارم کە حزب و ڕێکخراو چیدی نەبنە هۆی لێکدابڕانمان، بەڵکو ببنە پەیوەندی و قبوڵکردنی یەکتر لە نێوان کوردا، بەتایبەت کە کاتێک کۆمەڵگە یەک دەنگ بێت، ئەوا حزبەکانیش ناچار دەبن ئەو یەک دەنگییە بپارێزن.
حزب دەتوانێت لەتمان بکات، لێ ناتوانێت گیانی کوردایەتیی بشکێنێت.
ئاڵای کوردستان دەتوانێت هەموومان یەک بخاتەوە، بەو مەرجەی خواستی ئەوەمان هەبێت لە ژێر ئەم ئاڵایەدا بە یەک دڵ و گیان یەکێتی و یەکبونمان رێک بخەین هەروەک چلۆن بۆ دژی داگیرکاری ڕۆژئاوا کردمان.
ن/ نالیا ئیبراهیم ١١ ئەپریل ٢٠٢٦/سوید
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی