دەبوایە پارتی دەستبەرداربوونی سەرۆك كۆمار بكاتە منەت و كلیلی پێكهێنانی كابینەی نوێ
سەرۆكی كۆمار تاكە پۆستە بەشداریی سیاسی كورد پیشانبدات، كەچی بەو دەردە دەبرێت
یەك دەنگی مامجەلال و كاك مەسعود نەبوایە، سەرۆك كۆمار قەت بۆ كورد نەدەبوو
سەرتیپ جەوهەر
هەموو میللەتانی دونیا لەتەنگانەدا پاڵ دەدەنە یەكترو ناكۆكیی و جیاوازییەكانیان وەلاوەدەنێن و یەكگرتووانە رووبەرووی ئالنگاریی و مەترسیەكان دەبنەوە، تەنها میللەتی كورد نەبێت!
لەدوای ریفراندۆمی 2017 كوردستان لەلایەن سوپای عیراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رووبەرووی پەلامارێكی سەرتاسەری بوویەوەو زۆربەی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان كەوتە دەستی ئەو هێزو گروپە عیراقیانە، كەچی هێزو لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتیش پارتی و یەكێتیی لەباتی رووبەرووی ئەو دۆخە خراپە ببنەوەو ناكۆكیی و جیاوازییەكانیان وەلاوە بنێن، جیاوازییەكانیان قوڵتركردەوەو كەوتنە تەخوین و تۆمەتبەخشینەوە بەیەكتر.
ئێستاش ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە شەڕێكی گەورە لەنێوان ئەمریكاو ئێران هەیەو قیامەت هەستاوە، چارەنوسی ناوچەكە روون نییە، كەچی لەبری یەكدەنگیی و كۆبونەوە لەدەوری یەكترو تەگبیركردن بۆ هەموو ئەگەرو پبێشهاتێك، دەبینین دووبارە بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆمار، پەرتەوازەیی و ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان زۆر زیاتر بووە.
لەدوای رووخانی سەدام، تاكە پۆستێك كە كورد بیەوێت جۆرێك لەبەشداری سیاسی لەعیراق بكات، پۆستی سەرۆك كۆمارە، ئەویش بەو دەردە دەبرێت. زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوام بەدوو كاندیدو زیاتر دەچێتە بەغداو نەتوانراوە ئەو پۆستە بكرێتە چەتری كۆكەرەوەو كۆدەنگیی لەبەغدا.
بەر لەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هەموو پێشبینیمان دەكرد پارتی چانسی بردنەوەی ئەو پۆستەی نییە یاخود زۆر لاوازە. هەفتەی پێشوو وتارێكم نوسی كە پارتی چانسی لاوازە، كەوایە مەنتقی نییە پارتی ئەو راستیەی نەزانیبێت؟! بۆیە باشتربوو بۆ پارتی باشتربوو دەستبەرداربوونی ئەو پۆستەی كردبایە منەت بەسەر یەكێتیی و بیكردایەتە كلیلی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نەك بەپێچەوانەوە.
بەپێی مەنتقی گفتۆگۆی سیاسی، جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان بردنەوەیەكی بێ پارتی و بردنەوەیەك بەپشتیوانیی پارتی. ئێستا یەكێتیی بێ پارتی سەرۆك كۆماری بردۆتەوە، هەروەك پێش ساڵێكیش ئەو سەرنجەم نوسیوە كە یەكێتیی بەبێ پارتی سەرۆك كۆمار بباتەوە لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم سەقفی داواكارییەكانی بەرزدەكاتەوە، كەوایە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئاڵنگاریی زیاتر دێنەپێش.
پارتی لەململانێی پرسی سەرۆك كۆمار جارێكی دیكە عینادیی كرد، بەڵام كاتێك عینادیی سەركەوتووە كە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان پشتیوان و یەكگرتوو یەكدەنگ بن. تەماشاكەن لەخولی یەكەم و دووەمی سەرۆك كۆماردا (2005 – 2010) هەوڵێك هەبوو لەلایەن سوننەكانەوە بەپشتیوانیی ئەمریكا رێگری لەكوردو لە رەحمەتی مامجەلال بكەن نەبێتە سەرۆك كۆمار، بەڵام یەكگرتوویی و یەكدەنگی پارتی و یەكێتیی یان روونتر (رەحمەتی مامجەلال و كاك مەسعود) لایەنەكانی دیكەش لەمپەرێكی گەورەبوو لەبەردەم ئەو هەوڵەی سوننەكان بۆیە كورد سەركەوت. من دڵنیام شاهێدی زۆر هەیە لەبارەی تەلەفۆنەكەی باراك ئۆباما بۆ مامجەلال و كاك مەسعود بارزانیی كە ویستی پۆستەكە بدرێت بەسوننەكان، بەڵام هەڵوێستی هەردوولا یەك بوو، بۆیە عینادیەكەی كورد جێگەی خۆی گرت.
ئەم عینادیەی ئێستا، نەك كورد لەبەغدا بەهێز ناكات، بگرە دیسان لاوازی دەكات، بۆیە موقاتەعە كردنی سەرۆك كۆمار (با بەدڵی هەمووانیش نەبێت) بەدڵنیاییەوە بۆ هەموو كورد خراپە. سەردەمی زێڕینی كورد لەبەغدا لەدوای رووخانی سەدام تا نەخۆشكەوتنی رەحمەتی مامجەلال بوو لەكۆتایی 2012 چونكە كورد لەبەغدا یەك فراكسیۆن و یەك گوتاربوو. راستە مامجەلال سەركردەیەكی بەهێزو كاریزمایەكی گەورەو كاریگەربوو، بەڵام بێ پشتیوانیی لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتیش پارتی رەنگە نەیتوانیایە ئەو رۆڵە بگێڕێت یان ئەوەندە كاریگەر بێت، چونكە دژایەتیەكی زۆر هەبوو، بەتایبەتیش لەلایەن سوننەكان و بەشێك لە شیعەكان.
خولاسە؛ ناوچەكە دەكوڵێت. هەرێمی كوردستان لاوازترین ئەڵقەیە لەم بارودۆخە، لەلایەككاتدا لەلایەن ئەمریكاو ئێرانەوە فشاری لێدەكرێت، ئێستاش ئەم بارودۆخەی دەیبنین خراپتری دەكات، عەرەبیش دەڵێن (زاد الطين و بلة!) بۆیە هیچمان لەدەستنایەت تەنها دوعاكردن نەبێت و بڵێین (ئاخیری خێر بێت)، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ناتوانرێت دەرگاکان بکرێنەوە، ئێستاش دەرفەت هەیە بگەڕێنەوەو سەرەتایەکی نوێ دەستپێبکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی