پێشەکی
ڕاگەیاندنی کشانەوەی
تەواوەتی ئەمریکا لە سوریا لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٦، وەرچەرخانێکی ستراتیژییە لە ململانێی
سوریا. دوای نزیکەی دە ساڵ لە ئامادەبوونی سەربازی، کە بە پلەی یەکەم پەیوەست بوو بە
شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، واشنتۆن کۆتایی بە ئامادەبوونی زەمینی خۆی هێنا و
ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕێکخستنەوەیەکى نوێ بە سەرۆکایەتی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی.
پاشخانی بوونی ئەمریکا
لە سوریا
دەستێوەردانی ئەمریکا
لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٥ لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش
دەستیپێکرد. بوونى واشنتۆن لە سوریا بۆ:
پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک هێزێکی هاوپەیمانی ناوخۆیی.
کۆنترۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکان، بەتایبەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
لەو
دەستاوەردانەدا ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا گەیشتە نزیکەی هەزار سەرباز، کە لە بنکە
سەرەکییەکانی وەک تەنف، شەدادی و حەسەکە جێگیر بوون.
دووەم: وردەکاریی
کشانەوەکە
بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ئەمریکا لە 16 نیشانى 2026 دوایین
سەربازیان لە بنکەی قەسرەک لە پارێزگای حەسەکە کشاندەوە، کشانەوەکە لە ڕێگەی خاکی ئوردنەوە ئەنجامدرا بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڕەشەی
میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق. دواى کشانەوەکە هێزەکانی حکومەتی سوریا
دەستبەجێ چوونە ناو بنکەکانەوە لە چوارچێوەی ڕادەستکردنی تەواوەتی شوێنەکان. ئەم کشانەوەیە بەچەند قۆناغێک ئەنجامدرا و پێشتر ئەمریکا لە هێزەکانى تەنف (باشووری سوریا) و شەدادی (باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا)
کشاندبوەوە.
سێیەم: زەمینەی سیاسی
نوێ لە سوریا
کشانەوەکە لە کاتێکدایە
کە چەند گۆڕانکارییەکى سیاسیی بەرچاو ڕوویان داوە لەوانە سەرهەڵدانی ئەحمەد شەرع دوای
ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2014 ، پشتیوانی ئەمریکا بۆ حکومەتی نوێ لە دیمەشق و واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان دیمەشق و
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کە بووە هۆى ڕادەستکردنەوەی ناوچەیەکى
بەرفراوانی وەک ڕەقە و دێرەزۆر بە حکومەت و کۆتایی
هاتنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی ئیدارە خۆسەرییەکان کورد لە ڕۆژئاواى کوردستان.
چوارەم: ڕەهەندی
سەربازی و ئەمنییەکان
کشانەوەکە هێزەکانى
ئەمریکا نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەکات لە هاوسەنگی هێزدا نمونەى ڕادەستکردنى دۆسێی دابینکردنى ئاسایش و
ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر بە سوپای سوریا (لە نێویاندا هێزەکانى
سوریاى دیموکرات) و کەمکردنەوەى ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا
و ئێران لە ناوچەکەدا، بەڵام چەند ئاستەنگێک سەرهەڵدەدەن لەوانە توانای دەوڵەتی سوریا بۆ پاراستنی ئاسایش لەو ناوچانەی
پێشتر لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بوون، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی چالاکی شانەکانی داعش،
سەربارى ناسەقامگیری پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانى
سوریاى دیموکرات لەگەڵ حکومەتى ناوەندى لە سوریا.
لێکەوتە ناوچەییەکان
تورکیا: ئەنقەرە لە مێژە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت. کشانەوەکە گرژییەکانی ئەمریکا و تورکیا کەم دەکاتەوە و دەرگا بۆ ڕێککەوتنی ڕاستەوخۆی ئەمنی لەگەڵ دیمەشق دەکاتەوە.
ئێران: ئەگەر هەیە ئەو وڵاتە کاربکات بۆ پڕکدنەوەى ئەو بۆشاییە ڕێژەییە بۆ بەهێزکردنی کاریگەرییەکانی بەڵام ڕێککەوتنی نوێ دەتوانێت جوڵەی میلیشیاکان سنووردار بکات.
ئەمریکا: کۆتایی بە پابەندبوونێکی سەربازی درێژخایەن و تێچووی زۆری دەهێنێت و لە بەرامبەردا ئامادەبوونی مەیدانی دەگۆڕێت بۆ ڕۆڵی سیاسی/دیپلۆماسی .
کاریگەرییە ستراتیژییەکان
ئەم کشانەوەیە دەتوانرێت
لە چەند چوارچێوەیەکدا لێکبدرێتەوە:
پێگەی جیهانی ئەمریکا: کەمبوونەوەی بەشداری لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرکەوتنی ڕێژەیی ستراتیژی جەنگی بریکارەکان و پشتبەستن بە هاوبەشە ناوخۆییەکان.
گۆڕان لە سروشتی ململانێی سوریا، لە ململانێیەکی نێودەوڵەتییەوە بۆ دووبارە دروستکردنەوەى دەوڵەت.
ئەنجام
کشانەوەی ئەمریکا
لە سوریا نوێنەرایەتی کۆتایی هاتنى قۆناغێک و دەستپێکی قۆناغێکی دیکە دەکات. لە کاتێکدا
کە دۆسێی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی دادەخرێت، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدرێتەوە، کە
تیشک دەهاتە سەر دووبارە دروستکردنەوە دەوڵەتی سوریا و هاوسەنگییە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی.
سەرکەوتنی ئەم قۆناغە بەندە بە توانای دیمەشق بۆ پێکهاتن لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان و
پاراستنی ئاسایش و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی