(Professional Ethic) - کە بەکوردی دەکرێت
بوترێت ئەخلاق یان ڕەوشت ی پیشەیی- ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دروستکردنی پیشەکارانی بەرپرسیار
و پاراستنی کۆمەڵگا.
ئەخلاق بنەمایەکی گرنگی
خوێندنی ڕۆژئاوایە. زانکۆکانی ڕۆژئاوا گرنگی تایبەتی بە ئەخلاق دەدەن، چونکە یارمەتیدەدات
بە هزرکردنی ڕەخنەیی، بەرپرسیارێتی، و پشتگیری لە بەهایەکانی مۆرڤایەتی.
لە سیستەمی خوێندنی نوێی
ڕۆژئاوا، ئەخلاق بەشێکی پێویستی پرۆگرامە پیشەییەکانە (زنست، ئەندازیاری، یاسا، تەندروستی،
تاد)، چونکی زانیاری بێ ئەخلاق دەتوانێت زیان بگەیەنێت. لەگەل سەرهەلدانی زیرەکی دەستکردیش
ئەم بابەتە گرنگی زیاتریشی پێدەدرێت لە جاران. لەسەرتاسەری دونیا ساڵانە چەند کۆنفراس لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت و چەندین جۆرنالی
تایبەت بەم بابەتش هەن.
خوێندنی ئەخلاق یارمەتیدەدات
خوێندکاران فێربن دۆخە ئاڵۆزەکان هەڵسەنگێنن، ڕووانگەی جیاواز ببینن، و لەکاتی
کارکردنیش بڕیارەکان بە شێوەیەك بدەن کە گونجاو بێت لەگەڵ بەهای کۆمەڵگا وەك دادپەروەری،
مافەکانی مرۆڤ، و ئاسایشی گشتی.
لە بوارەکانی وەك ئەندازیاری، پزیشکی و یاسا، بڕیارەکان زۆرجار کاریگەریی گەورەیان
هەیە لەسەر ئاسایش، ژیانی مرۆڤ و دادپەروەری، بۆیە تێگەیشتن لە ئەخلاق پێویستە، هەڵبژاردە نییە.
لە ئەندازیاریدا، ئەخلاق
دڵنیایی دەدات کە پیشەکاران سیستەم و پرۆژەکان بە شێوەیەکی بیمەترسی و متمانەپێکراو
دروست دەکەن. ئەندازیاران بناغە و تەکنەلۆژیا دروست دەکەن کە خەڵك ڕۆژانە پشتی پێ
دەبەستن. خوێندنی ئەخلاق یارمەتیدەدات کە سەلامەتی گشتی بکەوێتە پێش قازانج یان تەواوکردنی
کارەکان بەخێرایی، دوورکەوەنەوە لە کاری ناتەواو یان بێئاگایی.
لە پزیشکیدا، ئەخلاق بە
ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی مرۆڤ. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەبێت پابەندبن
بە ڕاستگۆیی، پاراستنی نهێنی نەخۆشان، و ڕێزگرتن لە مافیان. ئەخلاق ڕێنمایی دەکات
لە بڕیارە گرنگەکان وەك چارەسەری نەخۆش و مافەکانی، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بە
دادپەروەری و وەك پێویست بکرێن.
لە یاسادا، ئەخلاق بنەمای
دادپەروەرییە. پارێزەران و دادوەران دەبێت بە ڕاستگۆیی و دادپەروەری کار بکەن. ئەخلاق
ڕێگری دەکات لە بەکارهێنانی خراپی دەسەڵات، و مافەکانی تاك دەپارێزیت، هەروەها
متمانەی خەڵك بە سیستەمی یاسایی بەهێز دەکات.
لە ئێستادا پرسیار ئەوەیە،
ئایا لە زانکۆ وپەیمانگاکانی کوردستان ئیسك یان ئەخلاقی پیشەیی دەخوێندری ؟ گرنگی
پێدەدری ؟
ڕووداوە گەورەکان لە کۆمەلگا،
فرسەت دروست دەکەن بۆ ئەوەی چاوبخشێنرێتەوە بە یاسا و نەریتەکانی کۆمەلگا. دوای ڕووداوی
شەهیدبوونی پیشمەرگەی کۆمەلە، غەزال، و ئەو هەژانەی لە کۆمەلگای بە دوای خۆیهێنا، بابەتی ئەخەلاق لە پێشەدا بەگرنگی دێتە پێشەوە.
من پێم وایە، ئەوەی رویدا بەشێکی پەێوەندی بە نەبوون یان پەیرو نەکردن لە ئەخلاقی
پیشەیی کارمەندەکانی نەخۆشخانەکان هەیە.
ئەگەر تاکو ئێستا لە
زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان بابەتی ئەخلاقی پێشەیی ناخوێندرێ دەبێت بخوێندرێ، ئەگەریش
دەخوێندرێ دەبێت گرنگی زیاتری پێ بدریت تاکو روودای هاووشێوەی شەهیدبوونی غەزال
دووبارە نەبنەوە. لەهەمو پرۆگرامێك دەبێت
کۆرسێکی چوار مانگی ( ٣٦ سەعات لە ١٢ هەفتە) بخوێندرێت کە باسی ئەخلاقی پیشەیی
بکات. خوێندکاران فیربکات چۆن بریاری ئەخلاقی بدەن لە کاتی پێویست.
یاساکانی کوردستانیش دەبێت
بەجۆرێك بگۆرێت کە سزای ئەوان بدات لە پیشەکەیان کاری نا ئەخلاقی دەکەن، تا ئەو ڕادەیەی ئیجازەی کارکردنیان لێوەرگرنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی