ڕەخنە بۆ دەستکەوتی کەسی نەک چاکەی گشتیی، قەیرانی ئەخلاقی لەکاری پەڕلەمانیدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

ڕەخنەگرتن‌و قسەکردن لەدیدی ڕۆشنبیرو فەیلەسوفەکانەوە تەنها گوزارشت نییە لەئازادیەکی سەلمێنراو تەواو، بەڵکو پەیوەستە بەئیتیکی قسەکردن‌و بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی هەمەچەشنەوە.

فەیلەسوفی گەورە ئیمانوێل کانت ڕەخنە وەک ئەرکێکی ئەقڵانی دەبینێت ئەو پێیوایە مرۆڤ دەبێت بوێریی هەبێت لە بەکارهێنانی ئەقڵی و مەعریفی و دیدوتێڕوانینەکانی خۆیدا ، بەڵام ئەم دەربڕینە دەبێت بەهەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەکی گەورەوەبێت نەک بۆ ئامانجی دیکە.

کانت پێیوایە  ڕۆشنبیر ئازادە ڕەخنە بگرێت و بدوێت، بەو مەرجەی ئامانجەکەی چاکسازی و چاکەی گشتی گەیشتن بێت بە حەقیقەت، نابێت ڕەخنەگرتن ببێتە هۆی تێکدانی فەزای گشتی کۆمەڵگە، بەڵکو دەبێت لە پێناو گەشەپێدانی زانست و ئەقڵ ئەخلاق و سوودی گشتیدابێت.

ژان پۆل سارتەر وەک فەیلەسوفێکی بوونگەرایی، پێی وایە نووسەر و ڕۆشنبیر ناتوانن بێلایەنبن سارتەر دەڵێت، "پیتەکان وەک فیشەک وان"، کاتێک دەدوێیت یان دەنووسیت، تۆ دەستوەردان لە جیهاندا دەکەیت.

ئەو پێیوایە نووسەر بەرپرسە لەو کاریگەرییەی کە قسەکانی لەسەر ئازادیی ئەوانی تر دایان دەنێت، ڕەخنەگرتن لای ئەو جۆرێکە لە خەبات بۆ دادپەروەری نەک ئاکتێک بۆ سودی کەسی و تێکدان.

 ئێدوارد سەعید پێیوایە ڕەخنەگرتن نابێت بۆ خۆدەرخستن بێت، بەڵکو دەبێت نوێنەرایەتی ئەو چین و توێژانە بکات کە دەنگیان کپ کراوەو لەپێناو گەشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو بۆ چاکەی گشتی بێت.

میشێل فوکۆ ڕەخنەگرتن بە پرۆسەیەکی بەردەوام دەبینێت بۆ ناسینەوەی ئەو سیستەمانەی کە مرۆڤ کۆت دەکەن ڕەخنەگر دەبێت ئاگاداری ئەو زمان و چەمکانە بێت کە بەکاریان دەهێنێت، نەک خۆی ببێتە بەشێک لە چەوساندنەوە بە ناوی ڕەخنەگرتنەوە.

کەوابوو بەشێکی زۆر لە نوسەرو بیرمەندو  فەیلەسوفەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئازادیی ڕادەربڕین بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی دەبێتەهۆی پاشاگەردانی ،ڕەخنەی دروست ئەو ڕەخنەیە کە وەک نەشتەرگەری وایە دەبێت بە وریایی و بۆ مەبەستی چاکبوونەوە بەکاربهێنرێت.

بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە کەسێک لەپێگەیەکی فەرمی و بەرپرسیاریەتیدابێت وەک پەڕلەمانتار کە پێگەیەکی  سیاسی و نوێنەرایەتیە بەبێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی یاسای و دەستوری و ئیتیکی کاری پەڕلەمانیەوە زۆر بازاڕیانە قسەبکات و ڕەخنەبگرێت ڕستەی ناڕاست و بابەتی بێبنەما بخاتە ناو پانتایی کۆمەڵگەوە ،لەبەر ئەوەی پەڕلەمانتار ئەرکی ڕەخنەگرتن و قسەکردنی لە مافێکی ئاسایی تاکەکەسیەوە دەگۆڕێت بۆ ئەرکێکی دەستووری و یاسایی و ئەخلاقی ، پەرلەمانتار تەنها گوزارشت لە ڕای خۆی ناکات بەڵکو گوزارشت لە ئیرادەی بەشێک لە گەل دەکات بۆیە نابێت، پەرلەمانتار وەک چالاکوانێکی سۆشیاڵ میدیا ڕەخنە بگرێت و تەنها کێشەکان باس بکات بەڵکو دەبێت ڕەخنەکەی ببێتە پڕۆژە یاسایان یاخود پرساندنی کەس و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەمەبەستی چاککردن 

پەڕلەمانتار نابێت وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی و کەسێکی ڕەخنەگر هەر لەخۆوە ڕستەو وشە فڕێبداتە پانتای سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، بەڵکو دەبێت بەڵگەی یاسایی و ئارگۆمێنتی پێبێت وە ئامانج لێی چاکسازی بێت نەک ناوزڕاندن ، پەرلەمانتار نوێنەری کلتووری نەتەوەیەکە بەکارهێنانی زمانی زبرو جنێودان و تەشهیرو سوکایەتیکردن بە نەیارە سیاسییەکان نەک هەر پێگەی پەرلەمانتارەکە دادەبەزێنێت بەڵکو متمانەی خەڵک بە دامەزراوەی پەرلەمانیش لاواز دەکات لەکاتێکدا دەکرێت.

پەڕلەمانتار  توندترین ڕەخنە بگریت بە بەرزترین ئاستی زمانی ئەدەبی و سیاسی پێشکردنی هەر قسەیەک یاخود ڕەخنەیەک دەبێت لەخۆی بپرسێت ئایا ئەم قسەیە یاخود ئەم ڕەخنەیەی من خزمەت بە کێ دەکات؟ تاچەند دەچێتە خزمەتکردن بە چاکەی گشتی و ئایندەی وڵاتەوە؟

بەڵام بە داخەوە لەم وڵاتەی ئێمەدا زۆرینەی هەرەزۆری پەڕەلەمانتارەکان بۆ ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەر قسەیەک دەکەن کە لە ڕاستیدا زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی ئابووری دەگەیەنێت ، ئەو هیچ باکی بەوە نیە کە ئەو قسەکردنە چی کاریگەریەکی نێگەتیڤ لەسەر فەزای گشتی دروست دەکات ، بەپێچەوانە دەبێت پەڕلەمانتار ڕاستیەکان وەک خۆی ببینێت بیانخاتەڕوو بۆی ڕایی گشتی تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی کەمبوونەوەی دەنگەکانی خۆی و حیزبەکەشی بێت،چونکە ئەو پەڕلەمانتارەو دەستی بە زانیاری و بەڵگەنامەکان دەگات کە هاووڵاتی ئاسایی نایبینێت 

کەوابوو هەر شێواندنێکی ڕاستیەک یاخود خستنەڕووی ڕەخنەیەکی بێ بنەماو نازانستی ، یان شێواندنی زانیارییەکان بۆ مەبەستی کەسی و سیاسی گەورەترین خیانەتی ئەخلاقییە لەو پێگەیە دەکرێت، بەپێچەوانەوە دەبێت خەڵک لە ڕاستی ڕووداوەکان ئاگادار بکاتەوە بەبێ زیادکردن و کەمکردن، بۆیە دەرچوون لەهەر پێودانگێکی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەلایەن هەر پەڕلەمانتارێک یاخود کەسێکی بەرپرسیارەوە هەوڵێکە بۆ تێکدانی دۆخی گشتی و چاکەی گشتی لەپێناو دەستکەوتی کەسی و حیزبیدا، ڕەخنەگرتن بە بەرپرسیاریەتییەوە لەلایەن پەرلەمانتارانەو تەنها ئیتیک نییە بەڵکو پاراستنی نیشتمانە بەڵام کاتێک بەرژەوەندی کەسی بخرێتە پێش بەرژەوەندی گشتیەوە ئەوکاتە پەرلەمان لە ماڵی گەلەوە دەگۆڕێت بۆ یانەیەک بۆ مامەڵە بازرگانییە کەسی و حزبیەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی