ئاڵاکەی سەنیگال و قەڵەم جافەکەی من و هەمان فۆبیا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆران هەڵەبجەیی


لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەدیاری کراوی[٥/٣/٢٠٢٦] هەواڵی سەرکەوتنی یانەی ئامەد سپۆر بۆ خولی سوپەرلیگای تورکیا ملیۆنان کوردی لە تورکیا و پارچەکانی دیکەی کوردستان و جیهان  دڵخۆش کرد .خۆشحاڵبوانی ئەو  ڕووداوە مێژووییە کە بۆیەکەمجارە ڕوودەدات، تەنا ئەوانە ناگرێتەوە کە هەوداری وەرزشن ،بەڵکو خەلفیەتێکی سیاسیشی هەیە ،ئەویش بەهۆی ئەوەی یانەکە کوردیەو هاوکات بەهۆی خۆڕاگری یانەکە بەرامبەر  ئەو فشارو  ئاستەنگیە زۆرەی بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارانی باڵای وەرزشی لە تورکیا  ڕووبەڕوویان  بووتەوە،سەیر لەوەدایە  لە پاڵ خۆڕاگریاندا سەرکەوتنیشیان بەدەست هێنا کە دەکرێ ئەمە وەک گەورەترین تەحەددا  پێناسە بکرێت .جامنێکی دوور لە وەرزش دەتوانم بڵێم  خۆشحاڵیەکەم دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە ناوەرزشیەکان.

لەگۆڕەپانەکەدا چی ڕوویدا
ئەو ڕووداوە کۆمیدیەی سنوری تورکیای تێپەڕاند و گەشتە میدیا جیهانیەکانیش بەتایبەتی ئەڵمانی و فەرەنسی ،بەدحاڵی بوونی هێزە ئەمنیەکانی گۆڕەپانی یاریەکەبوو لە ئاڵای سەنیگال.ئەوبوو پاش سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆر یاریزانەکان لەناو گۆڕەپانەکە ئاهەنی سەرکەوتنیان گێڕا.پێموابێت سێ یاریزانی ئامەد سپۆر کەسانی ڕەشپێستن و خەڵکی سەنیگالن،جا یەکێک لەوان ئاڵای وڵاتەکەی خۆی بەرزکردەوە ،زۆری نەبرد چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکان پەلاماریاندا و ویستیان لەدەستی دەربهێنن،باش بوو بەرپرسانی یانەی ئامەدسپۆر فریاکەوتن و زانیان کە بەدحاڵیبوون هەیە،ئیدی کێشەکەیان چارەسەرکرد.
بەرپرسە ئەمنیەکان وا تێگەشتبوون کە ئەوە ئاڵای هەڤاڵانی قە-ندیلە چونکە هەمان ڕەنگن،بەڵام گەر خۆیان ماندوو بکردایە یاخود بڕێک  زانیاریان دەربارەی ئاڵای وڵاتان هەبووایە جیاوازیەکانیان دەدۆزیەوە .

ئەی چی بەسەر من هات؟
ساڵی [١٩٩٤] بۆ هاوکاریکردنی  برایەکم کە لە کەمپی سلۆپی گیری خواردبوو سەفەری تورکیام کرد .بەهۆی ئەوەی هێشتا [ناسنامە]جنسیەی دانمارکیم وەرنەگرتبوو بیستبووم کە تورکەکان کێشە بۆ خاوەنی ئەو جۆرە پاسپۆرتانە درووست دەکەن.
بەفڕۆکە چوومە بۆدابست،لەوێشەوە بەشەمەندەفەر بۆ ئەستەنبوڵ.دەمێک کاری براکەمم جێبەجێکرد ویستم بەهەمان ڕێگەدا بگەڕێمەوە بەڵام پێویستم بە ترانزیتی بولگاریا بوو چونکە لە بۆدابست تەنها یەک سەرم وەرگرتبوو کە ئەوەش هەڵەی خۆم بوو. لە ئیستەنبوڵ ترانزێتیان نەدا پێم بۆیە ناچار سەفەری ئەنقەرەم کرد ،پێم باش بوو بەر لەوەی بچم بۆداواکردنی ترانزیتی بولگاری پرسیار لەکوونسوڵی هەنگاری بکەم،بەو پێیەی زمانەکەیان دەزانم.کونسوڵی هەنگاریا کەسێکی زۆر بەڕێزبوو گووتی برۆ داوابکە گەرنەیاندا وەرەوە بۆلام من هەوڵت بۆ دەدەم.
وتی ئەدرەسەکەیان لە پاسەوانی باڵوێزخانەکەمان وەربگرە کە لەبەردەرگایە.
هاتمە دەرەوە دیتم گەنجێک بەپۆشاکی مەدەنیەوە لە کابینەیەکی بچووکدا دانیشتوە.سڵاوم کرد لێی ئەویش بەتورکی وەڵامی دامەوە ،تێم گەیاند کە تورک نیم و تورکی نازانم.
بەزەحمەت  تێم گەیاند کە ناونیشانی کوونسوڵخانەی بولگاریام دەوێت. لە چەکمەجەی بەردەمیدا کتێبێکی دەرهێنا لە قەبارەی بچوک کە پڕبوو لە ئەدرەسەگرنگەکان.
داوای کاغەزی کرد لەدەفتەری تەلەفۆنەکانم پارچەیەکم دڕی دام پێی ،پاشان لەتە قەڵەمێکی دەرهێنا تا ئەدرەسەکەی پێ بنووسێت،سەیرم کرد کاربەوجۆرە ناڕوات، جا بۆ ئەوەی ماتل نەبم و فریای ئەولا بکەوم قەڵەم جافێکم لەگیرفانم دەرهێنا تا پێی بنووسێت،هەر کە بینی وەک ئەوەی دووپشک پێوەبدات بەتووڕەییەوە فڕێی داو چەندجارێک گووتی  پێکاکا تەرۆریست.
زۆر بەجددی بوو هەستم کرد خەریک بوو کێشەم بۆ درووست بکات،بۆیەهێورم کردەوەو  بە زەحمەت تێم گەیان کەئەمە قەڵەمی سووپەرمارکێتە بەناوی[ئۆبس]، گیانم بەوەبوو کەناوی سۆپەرمارکێتەکە یا مۆڵکەی لەسەر بوو.
نەگبەتی لەوەدابوو ڕەنگەکانی قەڵەمەکەم لە ڕەنگەکانی ئاڵاکەئ هەڤاڵان دەچوو.
پێموابێت قەناعەتیکرد کە هی سۆپرمارکێتە، بۆیە هەڵی گرتەوەو ئەدرەسەکەی پێ نووسی ، منیش بۆ گاڵتە پێکردن وتم فەرموو پێشکەشت بێت، کەچی بەتووڕەییەوە لەپەرچەکردارردا چەندین جار وشەیەکی دووبارە کردەوە کە لەنامەوێت یا لە نەخێر دەچوو.
تێبینی: بەندە  نزیکەی [٣] ساڵ لە یەکێک لە لقەکانی ئەو [مۆڵانە] کارم کرد ، گەر لەیادم مابێت[١١] لقیان لەهەموو دانمارکدا هەبوو.بەداوە چەندین ساڵە بەهۆی مایەپووچیەوە هەموو لقەکانیان داخران کە هەر یەکێک لەو لقانە هەزارەها شمەکیان تێدابوو.
با بێمەوە سەر باسەکەمان ،ئەوەی ڕوونە نەک تەنها دەسەڵاتدارانی یەک لەدوای یەکی تورک وسەرانی سوپاش  بەڵکو زۆربەی هاوڵاتیانیش دووچاری [فۆبیا]ی ئەو ڕێکخراوە و تەنانەت ناوی کوردیش بوون،هەر بە بیستنی ناوەکانیان فۆبیا هەموو هەست و نەستیان داگیر دەکات و هەرچی ئینسانیەت هەیە لە جەوهەریاندا نامێنێت.
دەپرسم چۆن دەکرێ بەم ئەقڵیەتە دوژمنکاری و ناقەبوڵکردنی لایەنی بەرامبەر، هەنگاو بەرەو چارەسەری دۆزی کورد بنێن؟ تا تورک  خاوەنی ئەو بۆچوونە  ڕەگەزپەرستیەبن هەرگیز ڕزگاریان نابێت لە فۆبیای کورد و پێکاکا وئەمەش پێمان دەڵێت  ناتوان بەهیچ جۆرێک بگەنە ئاشتی.ئاخر گەر ئەوان لەئاڵایەک یا قەڵەمێک  بترسن کە بەهەڵە لێیان تێگەشتوون،ئیدی چۆن دەخوازن ئاشتی مەیسەر بکەن بۆ وڵاتەکەیان؟کە دەبوو نەک ئاڵاکە بەڵکو خاوەنەکانی ئاڵاکەیشیان قەبوڵ بکردایە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی