ئەو ستاتۆیە چییە کە باخچەلی بۆ ئۆجالان داوای دەکا؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم







لە کاتێکدا کە ماوەیەکە لایەنی کوردی ڕەخنەی زۆری لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا دەگرێت بەوەی خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەی ئاشتی دەکات، دەوڵەت باخچەلی جارێکی دیکە گۆمەکەی هەژاند و داوای کرد دەبێت عەبدولڵا ئۆجالان لە نێو ئەو پڕۆسەیەدا پێگەیەکی فەرمی یاسایی و سیاسی هەبێت
شایانی باسە، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی MHP،سەرنجی زۆری ڕاکێشا لە نێو ڕای گشتی تورکیا، کاتێک پێشنیاری ئەوەی کرد کە عەبدولڵا ئۆجالان بتوانێت ڕۆڵێکی فەرمی لە پڕۆسەی ئاشتیدا ببینێت. ئەو ناوی «کۆردیناتۆری پڕۆسەی ئاشتی و سیاسیبوون»ی بۆ ئەو ڕۆڵە بەکار هێنا.
ئەم هەڵوێستەی باخچەلی گرنگ بوو، چونکە ئەو سەرۆکی ئەو حزبەیە کە لە مێژوودا هەڵوێستی توندی دژی PKK و ئۆجالانی هەبووە. بۆیە ئەو گۆڕانە لە زمان و هەڵوێستدا وەک پەیامێکی سیاسی گرنگ سەیر کرا.
گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکانی باخچەلی و سیاسییەکانی تورکیا لە دوای ئەوە هات کە PKK لە دواین کۆنگرەی خۆیادا کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥ گرێدرا ڕایگەیاند خەباتی چەکداری کۆتایی پێدەهێنێت و چەک دادەنێت، ئەویش دوای بانگەوازی ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی هەمان ساڵ بڵاوکرایەوە، گفتوگۆ لەسەر چارەسەری سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی زیاتر بوو.
هەندێک لایەن، بە تایبەت DEM Party، ئەم هەنگاوەی سەرۆکی MHPیان بە ئەرێنی زانی و پێیان وایە دەتوانێت دەرگای گفتوگۆ و ئاشتی بکاتەوە. 
دوابەدوای پێکهێنانی کۆمسیۆنە پەرلەمانییەکە دەرچەی یاسایی و سیاسی و پێدانی ڕۆڵی زیاتر بە ئۆجەلان داخوازی بەردەوامی لایەنی کوردیە لە قەندیلەوە بگرە تا دەم پارتی.

بەڵام لایەنانی دیکە، بە تایبەتی نەتەوەپەرستانی توندڕەو، دژی ئەو بیرۆکەیەن و دەڵێن نابێت هیچ ستاتوسێک بدرێت بە ئۆجالان.
لە هەموو حاڵێکدا، قسەکانی باخچەلی بە یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییانە لە تورکیا دادەنرێت، چونکە یەکەم جارە لایەنێکی نەتەوەپەرستی پێکهێنەری حکومەت بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە ئەرێنی باس لە ڕۆڵی ئۆجالان لە پڕۆسەی ئاشتی دەکات و بۆ دەرچوون لە چەقبەستنی پڕۆسەش پێشنیارێکی لەو شێوەیە پێشکەش دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی