مەهێڵن عجاجەکان تێپەڕن

1 کاتژمێر پێش ئێستا

عوسمان گوڵپی

(پێشنیارێك بۆ سینەماکاران و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی)

ئێستا عەجاج لە زیندانە، ئەو زۆرترین ناوی وەك دڕندە دێت و نمونەی ئەفسەرێکی بێ بەزەییە

لەدوای سزادانی و یەکلا بونەوەی حوکمەکەی زۆر گرنگە لە ڕێگەی فەرمی و سیاسیەوە هەوڵی تەواو بدەن لەگەڵ حکومەتی عێراقی کە دیدار بۆ ستافێکی سینەمایی و بەرهەمهێنانی فیلمێکی دیکۆمێنتاری رێکخەن، کە عجاج خۆی چیرۆکەکان بگێڕێتەوە کە چی کردوە و چۆن عەزیەتی خەڵکی داوە و خەڵکی بە کێبڵ و برسێتی کوشتوە و چۆن دەستدرێژیەکانی ئەنجامداوە.

زۆر گرنگە ئەفسەرێك خۆی بڵێ ئێمەو هاوڕێکانمان ئاوامانکرد لە خەڵکی زیندانیکراوی ئەنفال کراو، ئەوکات جەلادێك خۆی دەبێتە گێڕەرەوەی چیرۆکی ستەمی حکومەتێکی دڕندە، چیرۆکەکە لە ئێعترافی زیندانیەکیەکەوە بگۆڕن بۆ گێرانەوەیەکی دیکۆمێمتاریانەی سینەمایی کوالیتی بەرز.

ئەم دیکۆمێنتکردنە کارێکی گەورە دەبێت بۆ کەیسی ئەنفال و دەکرێ لە پرۆژەی سینەماییدا بەکار بهێنرێت

پێموایە عجاج لە دوای ئەوەی حوکمەکەی دیاری کراو زانی قسەکانی ڕەوتی لێکۆڵینەوە ناگۆڕن، قسە دەکات و چیرۆکەکە وەك خۆی دەگێڕێتەوە، هەندێک جار بۆ ئەم کارانە پارەش بدەیتە جەلاد تا هانی بدەی قسە بکات هێشتا هەر کارێکی گەورەیە

لەبەر ئەوە پێشنیار ئەکەم بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی چونکە ئەمە تەنها پێویستی بە پارە نیە بەڵکو پێویستی بە پەیوەندی حکومی و سیاسی باڵا هەیە و کەیسی ئەنفال و بە دیکۆمێنتکردنی چیرۆکەکە زۆر لەوە گەورەترە کە ئێمە ئاوا خەمساردانە بەسەریدا تێپەڕین، کات زۆر کەمیش لە بەردەستدایە، کات ڕینادا مرۆڤەکان بە زیندوویی بۆ تەمەنێکی درێژ بمێننەوە، بەرلەوەی جەلادەکان بمرن و شاهیدەکان بەئازارەوە دنیا جێ بهێڵن کارێک بکەن و نیشانی دنیای بدەن و بۆ نەوەکانیشمان بمێنێتەوە، کە تیایدا جەلاد و قوربانی خۆیان قسە بکەن

بۆیە مەهێڵن عجاجەکان تێپەڕن تا چیرۆکەکان بگێڕنەوە و دیکۆمێنتیان بکەن، چونکە هێشتا کەیسی ئەنفال نەبوەتە جینۆساید و جیهانیش وەك پێویست نایناسێ


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی