ئۆجەلان و ئیسرائیل و کورد

2 کاتژمێر پێش ئێستا

شنۆ هیرانی




لەدواین چاوپێکەوتندا عەبدوڵا ئۆجەڵان ڕابەری زیندانیکراوی پەکەکە لە شوباتی2026  بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان باس لە ئێسڕائیل و کورد دەکات.

  بێگومان ئەم چاوپێکەوتنە پێش دەسپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکایە. ئەو کاتە ئێسڕائیل هێشتا بەم ئاستە هەوەسی فراوانخوازی لەناوچەکە دەست پێنەکردبوو، بەڵام ئۆجەڵان سەبارەت بەدۆخی ناوچەکە بەردەوام ئاماژەی بەهەوەسی فراوانخوازی ئێسڕائیل بۆ ناوچەکە دەکرد.

لەم چاوپێکەوتەیدا 30بۆ 40جار ناوی ئێسڕائیل دەهێنێ، هەندێ لەو خاڵانەی کە پێشبینیکردن، دەسپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکابوو.
لەم شیکردنەویەدا هەوڵ ئەدەم بە "ئیقتباس"کردنی ئەو خاڵە گرنگانەی قسەکانی ئۆجەڵان بەرچاو ڕوونیەک بدەم.

ئێسڕائیل بۆچی؟
بۆچی ئۆجەڵان ئەوەندە فۆکس دەخاتە سەر ئێسڕائیل؟
ئۆجەڵان سەرۆکی ڕێکخراوێکە کە کاروچاڵاکی سیاسی و سەربازی لەچوارچێوەی جوگرافیایی سیاسی چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.

چەقی جموجۆڵی پەکەکە لەسەروی هەموویانەوە تورکیا، پاشان ئێران و ئەنجا وەڵاتە عەرەبیەکان، فەڵەستین و ئێسڕائیل پێکدەهێنێ .
یەکێک لەو شوێنانەی کە ڕێکخراوەکەی ئۆجەڵان  لەسەرەتایی دامەزراندنیەوە مەشق وپەروەردەی سیاسی و سەربازی تێدا بینوە ئەوشوێنانەبوون کە لەژێر دەسەڵاتی فەڵەستینیەکاندابوە،لەدوایدا ئۆجەڵان دەچێتە سوریا، لەڕێگای سوریاوە لەلوبنان ماوەتەوە و لەژێر پارێزگاری ئەسەدا کە ئەوکاتە پشتیوانێکی سەرسەختی دۆزی فەڵەستین بوو، کاروچاڵاکی سیاسی پەروەردەی ئایدۆلۆژی و مەشقی سەربازی کادرەکانی کردوەو  هەر لەوێشەوە پردێکی بۆ گەیشتن بە جیهانی چەپەکان و ئازادی خوازانی دنیا دروستکردوە.

بۆیە ئۆجەڵان کەسایەتێکە زۆر بەووردی لەناو ئەم پرسەدا چەکەرەی کردووە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر سادە ئەگەر ئۆجەڵان بە پشتیوانکارێکی  فەڵەستین و بە دوژمنێکی ئێسڕائیل پێناسە بکەی، ئەوا دەسنیشان کردنێکی هەڵە دەبێت. بێگومان لایەنی پشتگیری کردنی بۆ فەڵەستین حاشا هەڵنەگرە، بەڵام سەبارەت بە ئێسڕائیل لەدۆخێکدانەبووە کە بەرەیەکی دوژمنکارانەی لێبگرێت.

ئۆجەڵان لەم چاوپێکەوتنەیدا دەڵێت:" ساڵی 1999  ئێسڕائیلیەکان ووتیان: ئێمە دەتپارێزین و دەتبەین بۆ (ئۆسلۆ) بەڵام من ئەمەم پەسەند نەکرد." ئۆجەڵان دەڵێت:" لەموسکۆ .جڕنۆسکی ( کە ئەوسەردەمە ساسەتمەدارێکی زۆر بەناوبانگی ڕوسیا بوو)  لەڕێگایی ئەوەوە پەیامەکەیان بۆ ناردم. بەڵام دوایی ڕەتکردنەوەم  منیان بردە "نایرۆبی."
ئۆجەڵان لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت:" ئەو شێوازە دیالیتیکەی کە ئێسڕائیلی لەسەر بونیاد نرا، لەسەر حسابی لەگۆڕنانی کوردەکان بوو لەناوچەکەدا ، کە ئەمەش ئاشکرایە ئەقڵی ئێنگلیزەکان بوو کە ناوەندی پەرەسەندنی ( زایۆنیزم) لەلەندن سەری هەڵداوە”.

ئۆجەڵان لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی نێوان هەسەدەو حکومەتی دیمەشق ئۆجەڵان زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت:" ئەمەدەستی ئێسڕائیلی تێدابوو. لەپاریس کۆبونەوە کرا، ئێسڕائیل لەگەڵ شام ڕێککەوت و ئۆپراسیۆن دەستی پێکرد."
ئۆجەڵان دەڵێت:" ئەوەی لەسوریا دەرهەق بەکورد ڕوویدا زەمینەکەی لەلایەن ئێسڕائیلەوە ئامادە کرابوو. چونکە ئێسڕائیل دەیەوێت نیوەی سوریا بگرێتە دەست."
ئۆجەڵان لەخاڵێکیتر باس لەپرسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات و لێرەدا قسەکانی ئۆجەڵان زۆر مایەیی سەرنجدانن و دەڵێت:" ئەگەر ئێمە ئەمە دابمەزرێنین؟ دوایی چی دەبێت؟ ئایا بۆ 100 ساڵی تر شەڕبکەین؟  ئەوکاتە ئەوەی بچوک دەبێتەوە ئێمەین و ئەوەی گەورەدەبێ ئێسڕائیلە!
 دوای ئەو قسانەی ئۆجەڵان ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی واقیعانەی بۆ بکەین دەبینین کە ئۆجەڵان ئەم ڕاستیە باش دەبینی و دەزانێ ، بۆیە دەیەوێت ئەمە وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێ. ئەمە زۆر ڕوونە کە ئۆجەڵان بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێت:" ئێوە ترستان  لە هەژموونی ئێسڕائیل هەیە  لەناوچەکە و دەتانەوێ ستۆپی پێبکەن؟ و لەم خاڵەدا نیگەرانن لەوی کە ئێسڕائیل کوردەکان بەلای خۆیدا کێش بکات! ئەوکاتە وەرن ئەمە بەیەکەوە چارەسەر بکەین."
ئۆجەڵان لەچاوپێکەوتنەکەدا ڕووی دەمی دەکاتە کوردو دەڵێت:" من ناڵێم پەیوەندی لەگەڵ ئێسڕائیل مەبەستن، بەڵام زۆر بەووردی چاودێری پەیوەندیەکەتان بکەن.
" ئۆجەڵان بۆ کورد نمونەیەک دەهێنیتەوەو دەڵێت:"  کە "بصرە" بوو بەشارێکی عەرەبی، کەس پرسیاری لە بەغدا نەکرد."  واتا بەڵێنی  خاوەنداریەتی نیوەی سوریا بە ئێسڕائیل دراوە. کێ لەسەر کورد دێتە جواب؟
بەپێی ئەو قسانەی ئۆجەڵان، لێرەدا ئەوە ڕوونە کە نابێ وای لێکبدینەوە کە ئۆجەڵان  دوژمنایەتی ئێسڕائیل ڕادەگەێنێ. بەڵام دەتوانین بڵێن لەبەینی ململانی تورکیاو ئێسڕائیل، ئوجەڵان لایەنی تورکیای هەڵبژاردوە. بەڵام کاتێک ئەمە دەکات، کۆمەڵێک داواکاری لەتورکیا و بەتایبەت لەدەوڵەت هەیە.
بابەتێکی تریش گرنگە باسبکرێ،، ئەویش دۆخی دیاسپۆڕای کوردە . بەتایبەت لە ئەوروپا. دوای ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا شەپۆڵێکی بەهێزی نەتەوەپەرستی کورد لەبەرزبوونەوەدایە. ئەمەش هەندێ ناوەندی هەواڵگری مۆساد ، لەڕێگایی هەندێ گروپەوە خەریکی دروستکردنی تەوژمێکن( دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بەپشتیوانی ئێسڕائیل)  یان ئێسڕائیل دەتوانی دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکات. تەرویج بۆ ئەم مەرحەمەتەی ئێسڕائیل لەبەرامبەر کورد دەکەن، بەتایبەت هەندێ کەسایەتی لەمیدیا فەرمی و نافەرمیەکان و تەنانەت لەناو میدیاکانی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی یەکێتی و پارتیشەوە کەوتۆنەتە ناو ئەم گێژەڵوکەوە..
بۆیە ئۆجەڵان بەتووندی دژی ئەمە دەوەستێتەوە. چونکە دەزانی هێزە کوردیەکانی تر دەرەقەتی پێش لێگرتنی ئەمە نایەن.
بێگومان ئێسڕائیل ئاگاداری هەموو ئەمانەیە. ناتانیاهۆ بەشێوەیەکی بەردەوام ئەردۆغان بەکۆمەڵکوژکردنی کوردان تاونباردەکات. ئێسڕائیلیەکان  دەیانەوێت بەشێوەیەکی بەردەوام یاری بەم کارتەبکەن و مەسیجێکی هەڕەشەی بۆ تورکیا پێ بنێرن... بۆیە من پێم وایە لایەنە سیاسیەکانی کورد ئەم هەڵوێستەی ئۆجەڵان و قسەکانی بەهەند وەربگرن. ئەگەر تا ئێستا لەناوچەکەدا کورد نەبۆتە داردەستی  ئێسڕائیل ئەوا بەکاریگەری ئۆجەلان و ئەو رێکخراوەیە کەلەژێر ڕێبەرایەتی ئۆجەڵاندایه، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەمریکاو ئێسڕائیل لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆسەر ئێران پلانیان بوو کورد بەشێوەیەکی ئەکتیف بەخەنە ناو پلانەکەیان. بەڵام کورد ئەوەی نەکرد. هەرچەندە دەگووتری ئەمە بەهۆی فشارەکانی ئەنقەرەوە بووە، بەڵام من پێم وایە  ئەوەی لە ئێستادا  بەشێوەیەکی جددی خاوەنی هێزێکی چەکداریە لە ئێران  (پژاک) کەسەربە پەککەیە و بەفەرمانی ئۆجەڵان نەچوونە ناو پلانەکەی ئەمریکاو ئێسڕائیل...
لێرەدا پێوستە ئەوەبزانین کە ئەقڵیەتی دەوڵەتی تورک بۆ دەسپێکرنی قۆناغێک کە خۆیان پێی دەڵێت تورکیایی بێ تیرۆر  هۆکارەکەی ئەو (مۆتیفاسیۆن) واتە واقیعی حاڵەی کە لەبنەڕەتدا بۆ پێشگرتن لەهەوڵەکانی ئێسڕائیل لەبوونی بەهێزێکی خاوەن هەژموونێکی ڕەها لەناوچەکەدا . ڕوونە ئیدارەی ئەمریکا، تایبەت ئیدارەی تڕامپ پشتیوانی جددی لێدەکات. دەوڵەتی ئەقڵیەتی دەوڵەت بۆ قۆناغی دیالۆگ لەگەڵ کورد ستراتیژەکەی  ئەوەیە پێش لە ئێسڕائیل بگرێت کە کوردەکان لەناوچەکەدا بەکاربهێنێ و بیانکات بەهاوپەیماننێکی ستراتیژی بۆ خۆی. ئەوەی دەبینرێت لەهەرچوار وڵاتی کوردی بەسەردا دابەشکراوە رێکخستنەکانی پەکک  کاریگەری زۆر جددی و چاڵاکی بەسەر کورد دا هەیە. لەتورکیا و ئێران وسوریا. هەرچەندە لەعێراق لاوازە، بەڵام پاراستنی پێگەی جیۆپۆلەتیکی( قەندیل) وەک چەق زۆر کاریگەرە. بەتایبەت لەتورکیا کاریگەری بزوتنەوەی ئۆجەلانی لەناو جەماوەردا زۆرجدیە. لەم چوارچێوەیەشدا هۆکاری سەرەکی بۆ تورکیا ئەوەبوو، ڕێگە نەدات ئەم ( پۆتانسیەل)ە  بکەوێتە دەستی ئێسڕائیل. لەوانەیە تاکە هۆکار بۆ دەسپێکردنی ئەم قۆناغە بەتەنها ئەمە نەبێ. بەڵام پێویستە بەتایبەت تیشک بخرێتە سەر ئەمە.

شنۆ هیرانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی