سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق
جیهان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە ، دەرچون لە بەندە یاسا
نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانیەتییەکان و ڕوکردنە بەرژەوەندی هاوبەشی فرە ڕەهەندی (تەوافقات) سازانی جیهانی ، بە مانایەکی تر دڕاندن
یان پچڕانێکی مێژویی لە ئارادایە ، چی تر یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێکخراوە جیهانییەکان
بە تایبەت نەتەوە یەکگرتوەکان و پاشان هاوپەیمانییەتیەکان هەرلە ئەوروپاوە تا دەگاتە
ناتۆ و پاشان بۆ هەرێمایەتی بەرەو کۆتا بون دەچێت و سەرەتای دەرکەوتنی ڕێڕەوی ڕێککەوتنی
تر دەردەکەوێت ، بەتایبەت لە دوای بەهێزبونی ڕوسیا و بەخێرایی گەشەسەندنی گەلی چین
و پێشکەوتنەکان لە بواری سەربازی و ئابوری و AI دا ، ئەوەی وەک
سەرەتا دەرکەوتوە (تەوافق) سازانی جیهانی و ناوچەییە کە جێگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان
دەگرێتەوە ، لە ئێستادا لە نێوان ڕوس و چین و ئەمرێکادا وەک سێ زلهێز ئەم (تەوافق)
سازانە لە ئارادایە ، خۆ ئەگەر (مەبدەئی تەوافق) باوەڕی سازان پێشتر لەهەندێ وڵاتی
تازەگەشەسەندو هۆزگەریدا بوبێت ئەوا ئێستا بازنەکە گەورەتر بوە بۆ جیهانی بون ، خۆ
ئەگەر هەردوو جەنگی ئۆکرانیا و ئێران بە نمونە بهێنینەوە ئەوا یاسای جەنگی نێودەوڵەتی
ڕێگەی پێنادات ، بەڵام (تەوافق) سازانێک هەیە لە نێوان زلهێزەکاندا و یاساکان وەلاوە
نراوە .
ئەمریکا لە ئێستادا کەلەدوای شانۆگەری ڕوسیا و ئۆکرانیا
لەگەڵ ئێران لەسەر ستەیجی شانۆکە ڕۆڵ دەگێڕن ، شانۆگەرییەکانیش لەژێر ناوی: (ڕێکدەکەوین
تا جەنگ دروستبکەن بۆ بەرژەوەندی) ئەمریکا و ئێران بە دوو ئاراستە جەنگ دەکەن ( هێزی
ڕەق و نەرم) ئەگەر چی ئێران بەراورد ناکرێت بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵام ناتوانن
سفری بکەنەوە ، ئێران دەزانێت بەشێکە لەو (تەوافق) سازانە جیهانی و ناوچەییە بەنەفسێکی
درێژەوە ئەگەر نەتوانێ ڕوبەرو بێتەوە ئەوا بۆ سەلماندنی خۆی دەتوانێ تێکی بدات ( گەروی
هورمز و کەنداوی عەدەن) بەهەمان شێوە بۆ ئۆکرانیا بەرامبەر ڕوسیا هەر ڕاستە بە کەمێک
جیاوازییەوە ، ئەمریکا کێشەی لەگەڵ ڕەهەندە سیاسییەکەی ئێراندا نیە و دەزانێت لە بەرژەوەندییەتی
وەک هێزی نەرم ، بەڵام جەنگ دژی باڵە سەربازییەکەی ئێران دەکات وەک هێزی ڕەق ، وە
دەیەوێت ئێران ناچار بکات بچێتە ژێر باری (تەوافق) سازانی ناوچەییەوە کە بە نەخشەی
سیاسی و سەربازی و ئابوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ناسراوەکە ئیسرائیل باڵادەست دەکات
و ئەم نەخشە ڕێگایە (تەوافق) سازانی نێوان سێ زلهێزەکەی لەسەرە لەگەڵ کۆمەڵێک فایلی
تر ، وەک دروستکردنی جەنگ بۆ مارکێتنی فرۆشتنی چەک و... هتد ، دەبینین ئێستا
لوبنان بوەتە چەقی ململانێکانیان و دواتر بۆ عێراق و یەمەن و ئەوە سۆدانیشی هاتە سەر
، ئەم (تەوافق) سازانە لە عێراقدا بە ڕونی دیارە کە ئەمریکا لەگەڵ هەژموونە سیاسیەکەی
ئێران لە عێراقدا هاوبەرژەوەندییە وەک هێزی نەرمی ئێرانی بەڵام جەنگ دژی گروپە چەکدارەکانی
نزیک لە ئێران دەکات ، ئەمەش نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە (تەوافق) سازانێکی جیهانی
هەیە بۆ ئەم ناوچەیە و دەبێت ئێران بچوک بکرێتەوە بۆ ناو بازنەی ڕەسمی ئەم ڕێککەوتنە
تەوافقیە کە لە پشتی کەوالیسەوە دانراوە ، لە بەرامبەردا چی ڕوسیا و چی چین هەڵویستێکی
کرداریان نیە ، بە پێچەوانەوە تەوافقەکە وا ڕەسم کراوە کە هەر وڵاتێک بخرێتە ناو
چوارچێوەی بازنەیەکەوە ئەگەر گەورەتر بێت لەو بازنەیە لێی بدرێت و بچوک بکرێتەوە بۆ
ناو سنوری بازنەکە ، وە ئەگەر بچوک بێتەوە لە ناو بازنەکەدا هاوکاری بکرێت تا گەورەتر
بێتەوە بۆ سنوری بازنەکە ، لە ئێستادا ئێران دەیەوێت بازنەکەی بۆ گەورەتر بکرێت لەو
تەوافقاتەی کە هەیە ، ئەمریکاش لە ڕوی سیاسیەوە لە ئێران وەک ناوەند و عێراق و
لوبنان و یەمەن کێشەی نیە ، ئەڵبەت ئەمەش بۆ تورکیا هەر ڕاستە و سەرەی دێت ، بە
مانایەکی تر عێراق وەک جێ هەژمونی ئێرانی ئەمریکا مالیکی لادەبات و عەلی فالح دادەنێت
ڕەزامەندی هەردولایان چی ئێران و چی ئەمریکای لەسەر کە بەشێکە لەو (تەوافقاتە)
سازانە ، لە ناوخۆی عێراقیشدا نەوشیروان مستەفا واتەنی سێ سەقفی تەوافق هەیە ( سونە
و شیعە و کورد)لەژێر هەر سەقفێکیشدا دنیایەک وردە (تەوافق) سازان هەیە ، کە دواجار
بێ ئۆکەی کارئەکتەری (تەوافقە) سازانە گەورەکان ناکرێت ، دواجار یاساکان تەنها ڕێکاری
جێبەجێکردنی سازانەکانە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی