سەرەتا خۆزگەم ئەوەیە ئەم نوسینەی من هەڵە بێت و من بێ
ئاگابم, لهپشت پرۆسهى ئاشتيهوه شتى گرنگ ههبێت.
بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە توركیا دەیبینین شكستی بزوتنەوەی
كوردایەتیەو بەتورك كردنێكی خەستی گەلی كوردە, ناتۆو ئەمریكاو ئەوروپا پشتیوانی و
هاوكاری گەلی كورد نین لە توركیاو تەنانەت وەك دوژمن مامەڵەیان كردووە. پێم سەیرە
ناتۆ ئەم هەموو هێزە چیە دەیبەخشێتە توركیا، هەردەڵێی ناتۆ هێزێكە تایبەت بۆ توركیا
دروست بووە. بەرامبەر ئەوەش توركیا بەقەدەر بەردێكی بچوكیش سودی بۆ ناتۆ نەبووە. تەنها
سێ بەڵگە: لەشەڕی 2003 ئازادی عێراق، توركیا نەك هەر پشتیوانی ناتۆی نەكرد، بەڵكو
بەرەی باكوریشی لێداخستن, لەشەڕی داعشیش تەنها بەناو لەهاوپەیمانیەتی رووبەڕبونەوەی
داعش بوو. لەشەڕی ئێستاش لە گەروی هورمزیش هەمان شت، توركیا دژی ناتۆیەو هاوكاری نیە,
بەڵام ناتۆ رۆژ بە رۆژ خەریكی بەهێزكردنی توركیایە.
سەیر بكەن توركیا كارگەی دروستكردنی درۆن و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی
پێشكەوتووی هەیەو هیچ یاسایەك نایگرێتەوە؟؟ فڕۆكەی ئێف 16ی ئەمریكی هەیەو خەریكی كڕینی
فڕۆكەی ئێف 35یشە؟؟. خاوەنی سیستەمی ئێس چوارسەدە (400ئێس) كە هی روسیایە، خاوەنی
دەبابەو تانكی لۆمپاردی ئەڵمانیە، دوور لەهەموو یاسایەكی ناتۆ توركیا هەم چەك لە ئەمریكاو
ئەندامانی ناتۆ وەردەگرێت، هەمیش لە روسیا. رێك بەرامبەر ئەوە بزوتنەوەیەكی رەوای
خاوەن هەقی وەك كورد لە توركیا نەك هەر چەك و دژە فڕۆكەو درۆن و موشەكی پێ نادەن،
بەڵكو خستویانەتە لیستی تیرۆریشەوە. بێ ئەوەی كورد زیانێكی بۆ ئەوان هەبووبێت كە لەسەر
پلانە ستراتیژیەكەیان بكەوێت.
توركیا بە ئازادی رۆژ بەرۆژ لە تەكنەلۆژیای نوێ و پێشكەوتووی
سەربازی گەشە دەكات(ئەوانەی شارەزای سەربازین وردەكاری ئەمە باش دەزانن). هاوكاری
دەكرێت و یارمەتی دەدرێت، رێك بەرامبەر ئەوە بەردەوام گوشاری زۆر توندو گەمارۆ دەخرێتە
سەر كورد كە تەنانەت چەكی زۆر ئاسایشی نەگاتە دەست؟. بۆیە لەم هاوكێشەیەدا نابێت
گلەیی لە گەریلاكان و قەندیل و ئیمڕاڵی و ئامەد بكرێت، چونكە ئەوان هیچ جۆرە
قوربانی و ئازایەتیەك نەما تاقی نەكەنەوە، هەتا شەهید بوون سەنگەری خۆیان چۆڵ نەدەكرد،
بەڵام بەڕاستی شەڕی غیرەت و ئازایەتی نەماوە، شەڕی درۆن و تەكنەلۆژیاو زانست و
ئاسمانە، لەمەشدا كوردی بەش مەینەتیان لێ بێبەش كردووە. بۆیە مانای وا نیە هیچ خیانەت
و پاشەكشەو گومانێك لەسەر بزوتنەوەی كوردایەتی هەبێت لە توركیاو باكوری كوردستان،
بەڵكو گەشەی سەربازی زۆر ناهاوسەنگە!. ئێوە سەیر بكەن توركیا خاوەنی 700 حەوسەد هەزار
سەربازە، كەچی سودی چڵەپووشێكی بۆ ناتۆو ئەمریكاو ئەوروپا نیە، بەتایبەت لەم شەڕەی
بەرۆكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، كەچی لەبری ئەوەی بێن و دەستی رەوای كورد
بگرن، هاتوون دەستی ناڕەوای توركیا دەگرن!. كەواتە كورد هیچ تاوانی نیەو لەوە زیاتر
ناكرێت بەرامبەر بەم هەموو ئاگرو ئاسنە پێشكەوتوە شەڕی مان ونەمان بكات؟؟.
لە دیوی دووەمیشدا كورد هەر پێشەنگی یەكەمينە، لە پرۆسەی
ئاشتی و تەبایی و دانانی چەكیش ئەوەتا كورد دەستپێشخەری نەما نەیكات، ئامادەیە دەستبەرداری
چەك و سەنگەرو بەرگریكردن بێت، بەڵام توركیا نەك قبوڵی كوردی نیە، بەڵكو هاتووە
ناوی ئەم پرۆسەیەی ئاشتی ناوە (توركیای بێ تیرۆر) واتە هاتوون توركیا لە تیرۆر پاك
دەكەنەوە نەك هەق و حسابی نەتەوەیەك بدەن، ئەوەی هەیە باسێكە ناوی توركیایەو كوردو
كوردستان لە كولەكەی تەڕیش نیە، لەم پرۆسەیەدا شتێك بەناوی حوكمی زاتی، فیدڕاڵی، كۆنفیدڕاڵی،
مافی چارەنوس هەر بوونی نیە، گەلێك بەناوی كورد بوونی نیەو ئەوەی هەیە توركیای بێ
تیرۆرە!. تەنانەت ئامادەنین ژوری رێبەر ئۆجەلان دەستكاری بكەن چ جای ئازادی بكەن،
نە صەلاحەدین دەمیرتاش، نە زیندانیانی سیاسی ئازاد دەكەن، تەنانەت ئامادەنین قەیوم
لا بدەن لەسەر سەرۆك شارەوانيە كوردەكان كە بە كۆمسیۆن و یاسای هەلًبژاردنی تورك دەرچون
و بە یاساو شەرعیەت بوونەتە سەرۆك شارەوانی، ئیدی باسێك نیە بەناوی سەلماندنی مافی
گەلی كورد، ئەوەی هەیە توركیای بێ تیرۆرەو كورد دەبێت چەك دابنێت و بێتەوە ناو
توركیاو وەك هاوڵاتیەكی دڵسۆزی كۆمار ملی خۆی كەچ بكات، نابێت ئاڵاو زمان و جوگرافیاو
كیان و ئیدارەیەكی كوردی وجودی هەبێت، بەڵكو لەنوێترین لێدوانی سەرۆكی توركیا دەڵێت
ئێمە بەم پرۆسەیە قەڵای ناوخۆی توركیا بەهێز دەكەین. ئامانجی یەكەم بەهێزكردنی
توركیایەو هیچی تر.
كاتێكیش باسی پڕۆژەی كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتیك دەكرێت،
توركیا حەرفێكی قبوڵ نەكردووە. ئەو پڕۆژەیەی ناوی كوردستانی تێدانیەو باسكردنە لەبەهێزكردنی
توركیا، نەك دروستكردنی هەرێمێكی كوردی! كەچی ئەویشیان قبوڵ نیە.
ئێمە ئەم قۆناغەی كوردایەتیەمان تێپەڕاند، بۆ داهاتوو
پلانی چیمان هەبێت و كورد چی بكات، گفتوگۆو مشتومڕو دانیشتن و راگۆڕینەوەی زۆر زۆری
دەوێت.
راشكاوانە بەهێزبوونی توركیاو سەقامگیری توركیا واتای زەبرلێدانی
زۆر توند لە بزوتنەوەی كوردایەتی لەهەر
چوارپارچە بۆ نمونە هێشتا ئێران هیچی لێ نەهاتووە، توركیا هەڕەشە لە رۆژهەڵاتی
كوردستان دەكات؟ ئامۆژگاری كوردی عێراقیش دەكەن نابێت بچنە ناو شەڕەوەو دەبێت جوڵەیەك
نەكەن كە بەرژەوەندی كوردی ئێرانی تێدابێت.. ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستانیش بینیمان
رۆشنە لەرێگای هاك كردنی تۆم باراك و ئەمریكا كیانی رۆژئاوای كوردستانیان لەبار
برد، توركیا پەلاماردەری یەكەمی كیانی رۆژئاوای كوردستان بوو نەك هێزەكانی ئەحمد شەرع.
ئەگەر پلان و بەرنامەو هێزی توركیا نەبوایە بەمجۆرە كیانی رۆژئاوای كوردستان لەبار
نەدەبرا.
ئێمەی كورد چۆن هەنگاو بۆ داهاتوو دەنێین؟ بۆچونی من وایە
كورد دەبێت دەستی بگاتە تەكنەلۆژیای نوێی سەربازی و هەموو هەوڵێك بدات، شتێكە نابێت
بەهیچ شێوەیەك پشتگوێ بخرێت. سەردەمی هێزی مۆدێرن و پارەیە، چیمان پێ دەكرێت بۆ ئەم
مەبەستە دەبێت درێغی نەكەین، ئەگینا خراپ شكست دەهێنین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی