رۆژنامەنووس یان سیاسەتوان؛ پەیوەندییەكی ئاڵۆز!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

د. شێرکۆ جەبار

لەبەدبەختیمان، ئەزموونی میدیاو رۆژنامەگەریی كوردیی جیاوازتر لە ئەزموونی رۆژنامەگەریی رۆژئاواو هەندێ وڵاتانی گەشەی دیموكراتی لە رۆژهەڵاتی ناویندا، هاوكێشەیەكی زۆر ئاڵۆزە بەبەراوورد بە ژینگەی میدیایی ئەوانی تر، چونكە لە بنەڕەتدا ئەم ئەزموونە لەسەر بنەمای دووانەی (دەسەڵات و میدیا) بونیاد نەنراوە، بەڵكو لەسەر بنەمای هەندێ لە بەرچاوگرتەی وەكو: مێژووی سیاسی، ژێرخانی حزبی، شوناسی نەتەوەیی، سروشتی دامەزراندنی خودی دامەزراوە میدیاییەكان، تێكهەڵكێشی ئەزموونەكە بوون. هەر ئەمەشە وەهای کردووە تاوەکو ئێستا رۆڵ و وەزیفەی رۆژنامەنووسی کورد بە ناڕوونی و بە نادیاری بهێڵێتەوە.

تایبەتمەندیی رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیای كوردی لەوەدایە، بەشی هەرە زۆری لە ئامێزی رێكخراوی سیاسی یان لە سیاقی بەرخودانی نەتەوایەتی گەشەیان كردووە، نەك لە سیاقی کێبڕکێی بازاڕی سەربەخۆی میدیادا گەشەی كردبێت. ئەمە تەنها پاساوو حوكمێكی بڕاوە نیە بۆ بەهای ئەزموونەكە، بەڵكو وەسفێكی مێژوویی حاشا هەڵنەگرە لە سەرهەڵدانی قەیرانی پەیوەندی نێوان رۆژنامەوان و سیاسەتوان لە ئێستادا. خاڵی وەرچەرخانی بارگرژیی پەیوەندییەكان كاتێك دەستیپێكرد كە رەوتی میدیاو رۆژنامەگەریی كوردی لە سەرەتای ئەم سەدەیە لە قۆناغی (رۆژنامەگەریی ئاراستەكراو) وەك وەزیفەیەكی پاكێجكراو لە فۆڕمی بەرگریكردن لە پرسی چارەنووسسازیی نەتەوەیی دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی (رۆژنامەگەریی لێپرسینەوە) وەك حەتمییەتێك و پێداویستییەكی جیاوازتر لە پێشووتر، گواستنەوەیەك  بوو بەرەو ئەزموونێكی نوێی رۆژنامەگەریی پەلی هاویشت، كە وەزیفەی چاودێریكردنی ئەدای دەسەڵات بێت، نەك بەرگریكردن لە پرۆژەی سیاسی بەتەنها.

سەرباری هەنگاوی ئەرێنیانەی ئەم وەرچەرخانە لە ئەزموونی رۆژنامەگەریی كوردیدا، بەڵام خۆ خزانی هەندێك لە كارەكتەری چالاکوانی سیاسی لەم قۆناغەدا، بە لەبەركردنی بەرگی رۆژنامەگەریی ئازاددا، نەیانتوانی لە كەوڵی سیاسەتوانێکدا بێنەدەرێ و بنچینەكانی پیشەو ئاكاری كێبڕكێ راستەقینەكەی پەیوەندی نێوان (میدیا و دەسەڵات)یان پشتگوێ خست، لە هەناوی ئەم هاوكێشە نا لۆژیكییەدا، گورزێك بەر بێلایەنی ئامانج و ئەرك وەزیفەی كاری رۆژنامەگەریی ئازاد كەوت. لە بری ئەوەی كاری میدیاو رۆژنامەگەریی بگوازنەوە بۆ لۆجیكی (میدیا هاوبەشێكی كۆمەڵگەییە و چاودێرێكی دامەزراوەییە) گواستیانەوە بۆ لۆجیكی (میدیا هاوبەشێكی سیاسیە)!! بە ئێستاشەوە هەندێك لەو كارەكتەرانە پێیان وایە رۆژنامەگەریی ئازاد یەكسانە بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی! بەپێچەوانەوە، پێویستە رۆژنامەنووس كارەكتەرێكی سیاسی شاراوە بێت، وەزیفەی بەجێگەیاندی ئەركی چاودێریكردنی كارەكتەری سیاسەتوانە، هەر ئەم ڕۆڵەیە وادەكات پێگەو جێگەی رۆژنامەنووسی ئازاد لە نێو بڕیاری سیاسی و ژیانی سیاسیدا كاریگەر بێت، نەك هاوبەشێك بێت وەك سیاسەتوان لە كاری رۆژنامەگەرییدا. ئەركی رۆژنامەنووس نە كەواندنی سیاسەتوانانە، نە پیاهەڵدان و بەرگریكردنە لە سیاسەتوانان، بەڵكو تاقیكردنەوەی وتارو كردەوەكانی سیاسەتوانانە بەرامبەر پێشهاتەكان و بەرژەوەندییە گشتییەكان. ئەوە كاری رۆژنامەنووسی ئازاد نیە لە ژێر عەبای رەخنەگرتن نمایشی خۆی بکات، یان پاكتاوی ململانێ كەسییەكانی خۆی لەگەڵ سیاسەتوانان بگشتێنێ بۆ رای گشتی!.

تێكەڵكردنی رۆڵبینین لە هەردوو كایەی كاری رۆژنامەگەریی و سیاسەتوانییدا لە ئەمڕۆدا لای كۆمەڵێ كەس گرفتێكی گەورەی بۆ ئەزموونی رۆژنامەگەریی كوردی دروستكردووە، لە یەككاتدا هەم رۆژنامەنووسێكی بەرگریكاری سەرسەختی بەرهەڵسكارە لە بەرگی سیاسەتوانێکدا خۆی نمایش دەكات، هەمتر بەرجەستەی رۆڵی سیاسەتوانێكی بەرهەڵسكار دەبینێ بۆ ماركێتكردنی وتارەكانی لە ژێر پەردەی رۆژنامەگەریی ئازاددا!!. ئەمەش بەشێكە لە رەگەزەكانی چەواشەكاریی، چونكە پەیام لەم هاوكێشە ناجۆرەدا، تێكەڵكردنی زانیارییەكانە بە بەرژەوەندی كەسیی.

یەكلایكردنەوەی ئەم رۆڵبینینە تەنها هەڵبژاردنی پیشەیی نیە، بەڵكو دسپلینێكی ئەخلاقییە. یان رۆژنامەنووسێكی ئازاو ئازاد بە، تەنها لایەنداریت بۆ راستییەكان هەبێت، یان كارەكتەرێكی سیاسی بە، لە جێگەو پێگەی خۆت بە روونی هەڵویستەكانت بەیان بكە!. وەلێ گەمەكردن لەسەر هەردوو پەت و وەستان لە ناوچەی خۆڵەمێشیدا، ئاقیبەتی خەسارەتە بۆ راستگۆیی شەخسی و مەعنەوی هەردوو رۆڵەكە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی