ڕێوی و قەلەڕەش و کوندەبەبووەکانی ناو ماڵی کورد

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو



زۆر ناخۆشە کاتێک تۆ نێو ماڵێکی شپرزە و لێکترازاو  و دابەشبوو و پڕ قەیران و تەحەدیاتی گەورە و دۆخی خەراپی دەروونیی و ئابووری و پەرش و بڵاوی بڕیار  و پیربوونی پەیوەندی لەگەڵ یەکتری وەک ئەوەی  ئێستای  لەنێو  ماڵی کورد هەیە هەبێت ، کە بەڕاستی قۆناخێکی زۆر سەخت و ناخۆشە ، لەناو ئەو هەموو قەیرانەی کە تێیدا دەژین  تائیفەیەکی بەرفراوان لە کوندەبەبوو و قەلەڕەش بەتایبەتی لەنێو ڕۆشنبیران و نوسەران و مامۆستای زانکۆ و میدیاکار  و حزبەکان و جولانەوە و ڕەوت و بەناو ئۆپۆزۆسیون بەدیارکەوتوون کە وەک ئەو دوو باڵندەیەن لەناو کاولەکانی  هەرێمی کوردستان  دێن و دەچن و دەقاڕێنن و قوڕەقوڕ دەکەن و لەسەریدا چێژ لە ژیان وەردەگرن ، نکوڵی لەوەناکرێت کە لەڕووی مێژووییەوە نوسەر و ئەدیب و ڕۆشنبیرانی کورد خزمەتێکی زۆریان بە دۆزی ڕەوا و کۆمەڵگەکەیان کردووە ، هەمیشە وەک فەیلەسوفی  ناسراوی مارکسی ئیتالیا « ئەنتۆنیۆ گرامیشی » دەڵێت ، کە ڕۆشنبیری ئۆرگانیک بوونە ، واتە ئینحیازیان بۆ کۆمەڵگە و کێشەکانی بووە ، بەڵام بەداخەوە ئەو دیمەنە کلاسیکیە لەگەڵ پەیدابوونی سۆشیالمیدیا و ژیری دەستکرد کۆتایی هات و ، ئێستا ڕۆشنبیری بۆتە کاڵایەک کڕین و فرۆشتنی پێدەکرێت و ، هەموو نەخوێندەوارێک کە بتوانێت بخوێنێتەوە و بنوسێت لەسەر سوشیالمیدیا کێبڕکێی ڕۆشنبیر دەکات ، نکوڵی لەوە ناکرێت کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵە لەدوای هەڵە دووبارە دەکەنەوە و وانە لە هەڵەکان وەرناگرن و مراجەعەی خۆیان لەبەر بەرژەوەندی تەسک ناکەنەوە  ، ئەمە بەرگری نیە لە بەرپرسان کە دەڵێم جۆری قەلەڕەش و کوندەبەبووی ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕاگەیانکار …تاد  لەگەڵ بەرپرسان زۆر خەتابارن کە ئەوان هۆکارێکی زەقن کە وایکردووە دۆخەکە بگاتە ئەو ئاستەی کە خەڵک متمانەی نەمێنێت و بە شەرمەوە باسی پێشمەرگە و کوردستان بکات و هەرێمی کوردستان بگەیننە ئەو لاوازیەی ئێستا ، ئەوە قەلەڕەش و کوندەبەبووکانن  کە بە بوونی قەیران و ناکۆکی و ململانێی حزبەکان و کادیرانی هەردوو پارتی سەرەکی  بەشکستی یەک بەرانبەر ئەوی تر  شاد دەبن ، ئەوجا لە تەلەفزیۆن و سۆشیالمیدیا دەیکەنە چەقەچەقی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی نێوان حزب و ئەو حزب و ئەو شار و شار ، وەک کوندەبەبوو ئاهەنگی وێرانەیی لە هەر شوێنێک وێرانە بوو دەگێڕن و ، ئەم هەرێمی کوردستانە لە وێرانەییدا دەبینن ، هەر بەوەش ناوەستن پشکینینی  ئەو وێرانەییە کە لەناو سەرکەوتنە گەورەکاندا هەیە کە هەرێمی کوردستان هێناویەتەدی دەپشکنن ، بەداخەوە لەگەڵ ئەو جۆرە کوندەبەبوو و قەلەڕەشانە کە هەروا فراوان دەبن و سوپایەک لە عەوام و مێگەل ئەوانەی کە بەغەریزە ئاژەڵییەکانەوە دەجولێنرێن لە ئیریی و تۆڵەسەندنەوە و ڕق و حەسودی بەسەر ئەوانی تر لەگەڵدایە ، کلتووری کوندەبەبوو لەگەڵ بڵابوونەوەی سوشیالمیدیا فراوانتر بووە و بۆتە مەترسیەک بەسەر نەسیجی کۆمەڵایەتی ، لەولاشەوە حەشاماتێک لە ڕێوی و چەقەڵ و قەلەڕەش لە دەوری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی ئەوان  هەن ، کە بە ماستاوکردن و دووڕی و دووفاقی هەڵەکانی بەرپرسان دەڕازێننەوە و بە شان و باڵی-یان هەڵدەدەن و یان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە بەرپرسێک کە لێی داوە کوردستان هەڕاج دەکات ،  ئەمانە خۆیان وا پێشان دەدەن کە ئەوان بە خزمەتکردنی بەرپرسەکانیان یان پێشاندانی قەیران کە لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیەکانە لووتکەی نیشتیمانپەروەریان نوواندوە و ئەمە بە بەرگریکردن لە کوردستان دادنێن و بەرزکردنەوەی ئاڵای نیشتیمانپەروەریە ، بەڵام لەڕاستیدا ئەمانە کۆمەڵگە بەرەو وێرایی دەبەن و زۆر کوێرانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ڕازیکردنی بەرپرسەکانیان گوێیان لێ نیە مللملانێ و ناکۆکیەکان گەورە بکەن و  بیگەننە قوڵکردنەوەی زیاتری دابەشبوونی حزبەکان و خەڵکی کوردستان تا گەیاندنی لێواری تەقینەوەش .
کۆمەڵگەی کوردستان وێڕای نەشیاوی هەندێک لە سەرکردەکانی بۆ سەرکردایەتیکردن  ، بەدەست ئازاری کوندەبەبوو و قەلەڕەش و ئەو ڕێوی و چەقەلانە بە پلەیەک یان هی تر دەچێژێت و ، ئەوانەی یاری بە چارەنووسی ئەو نەتەوەیە دەکەن و پارچە پارچەیان کردووە ، کە ئەوەتا هەریەک لەو دوو پارچەی زۆنی زەرد و سەوز بوونەتە نێچیری ئەم و ئەو و بێهێزترین وڵات  و وایانلێکردووە ببێتە پەڕەمووچ بەر فووێک نەکەوێت  ، ئەمانە مومارەسەی خەراپترین جۆری ژەهراویی سیاسیی لە کۆمەڵگاکەیان دەکەن ، کە بەداخەوە سەکۆکانی ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆن و سۆشیالمیدیا بۆیان ڕەخساوە !!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە