عەجاج‌و ماناکانی!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری

ئەگەر گەڕانێک بەفەرهەنگەکانی زمانی عەرەبی، وەک "لسان العرب و الوسیط و المحیط"دا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە وشەی "عەجاج" ماناگەلێکی سەیروسەمەرەی هەیە. ئەڵێی خودا ئەو ڕۆژەی عەجاجی هێنایە بوون، ئەم ناوە پڕ ئافاتەشی خستە دڵی دایکە تکریتییەکەیەوە، تا هەم پێ و قەدەمی شڕی بە خێر بێنن و هەمیش ناوەکەی پڕ بە پێستی داهاتووە شوومەکەی بێت.

وشەی "عجاج" یەکێکە لە وشە عەرەبییە ڕەوانەکان، هەر بە وێنەی ڕوون و ڕەوانی ڕقی عەجاجە بۆ کورد. ئەم وشەیە خاوەن مانایەکی بەهێزە لە زمان و ئەدەبی عەرەبیدا، تەواو بە وێنەی گەورەیی ئەو ستەمەی عەجاج لە نوگرە سەلمان کردی.

وشەی "عجاج" بە واتای خۆڵبارینی چڕ و زۆر دێت، تەواو وەکو ئەو خۆڵەی ناو قەڵای مەرگی نوگرە سەلمان و ئەو خۆڵە زەردە سەحراییەی دەور و بەری قەڵاکەی عەجاج. یان باشتر بڵێم، عەجاج تەپوتۆزی ئەو خۆڵەیە کە بە هۆی ڕەشەبای ڕقی ئەو بەعسییانەی نوگرە سەلمان و زرمەی پۆستاڵەکانی عەجاج و پەلاماری ڕەوە سەگە مرۆڤ خۆرەکانی نوگرە سەلمانەوە هەڵئەکات.

کاتێک عەرەب دەڵێن: پار العجاج! واتا عەجاج هەڵیکرد، واتا بای پڕ تۆز و خۆڵ هەڵیکرد. ئەمە ڕێک ئەمانباتەوە بۆ هەموو ئەو دەرکەوتنە لە پڕانەی عەجاج بۆ نێو قاوشەکانی نوگرە سەلمان، کە ئیتر مرۆڤەکانی لە ترسان و برساندا نابینا و شەکەت و بێ چارە ئەبوون.

هەر ئەمانەش نا، تەنانەت عەجاجەکان لە شیعر و ئەدەبیشدا وشەی "عجاج" زۆر بەکار دەهێنن، بە تایبەتی لە وێناکرددنی توندوتیژی لە جەنگەکاندا، وجمەی خەڵک و ئاژاوە و نائارامی و تێکەڵ و پلکەڵی و ئاڵۆزیدا. ڕێک وەکو هەموو ئەو چیرۆکانەی پاشماوەی ئەنفالکراوانی نوگرە سەلمان بۆمان ئەگێڕنەوە. جا هەر لە برسی کردن و هەڵواسین و سەگی مرۆڤ خۆر تێبەردان و تەرمی مناڵ دەرخواردی سەگەکان و جموجووڵی بێ شووماری عەجاجەکان و چارەنووسی نادیار و تەمەومژی و مانەوە لە نێوان مەرگ و ژیاندا، تا دەگاتە تەعزیب و تەبعیس و تەعریب و تەرعیب. باوەڕ ناکەم لە هیج زمانێک جگە له زمانەکەی عەجاج، بتوانن بەو قووڵییە وێنای ئەو ئازار و ئەشکەنجانە بکەن، بۆیە ئەو وشانەی کۆتاییم هەر بە زمانەکەی عەجاج نووسی.

ئەم وێناکردنە زۆرانەی مانای وشەی عەجاج و خودی کارە قێزەونەکانی عەجاج لە زینداندا و بەرجەستەکردنی لە نوگرە سەلماندا، بێ هۆکار نەبوون.

عەجاجەکان لە مێژەوە و لە باپیرانەوە لە هەڵبژاردنی ناو بۆ مناڵەکانیان، بە تایبەتی کوڕەکانیان، شەیدای ناوگەلێکی لەو شێوەیە بوون، ڕێک هاوتا لەگەڵ ئەو ژیانە عەشایەری و خێڵەکی و کۆچەری و سەحراییە وشک و برن و بێ خێرەدا. پێویستی زۆریان بە ناوگەلێک بووە، تا لە داگیرکاری و پەلامار و تاڵانییەکاندا لایەنی بەرانبەری پێ بتۆقێنن. بە پێچەوانەی کوردی دێهاتی و نیشتەجێی سروشتی پر خێروبێر کە ناوەکانیان لە ئازاد و فێنک و بەهرە و ئارام و بەهات و ڕێبوار و نشتیمان ...هتد پێک هاتبوون.  ئەم خووخەسڵەتەی عەرەب تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە، هەر بۆیە بێگوومانم لە بوونی سەددان هەزار "عجاج و حرب و صخر و چرغام"دا دژی کورد!

بە کورتی، لە زمانی عەرەبیدا بۆ شیکرنەوەی مانای وشەیەک دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ڕەگە سیانییەکەی وشەکە، واتا بنەڕەتەکەی کە لە سێ پیت پێکهاتووە. بەم پێیەش بێت، وشەی "عجاج" لە "ع ج ج" ەوە هاتووە، کە بە واتای: توندوتیژی و ڕق و کینە و هەڵچوون و توڕەبوون و غەڵبەغەڵب و ئاڵۆزی و... دێت.

بۆیە سەیر نیە کە تەنها بەو کەمە چیرۆکەی لە زاری ڕزگاربووانی نوگرە سەلمان دەیبیستین، بە تەواوی هەموو ئەم مانا شەڕانگێز و نامرۆڤانانە دەسەلمێنن.

ئێستا ئەپرسم: ئاخۆ خودایە چ سزایەک ئەتوانێ تۆڵەی هەموو ئەو تاوانانە لە عەجاج و عەجاجەکان بکاتەوە؟
ئاخۆ خودایە چ قەربوویەک بارتەقای هەموو قوربانییانەیە؟
ئاخۆ خودایە کورد هیچ وانەیەکی لە عەجاجەکان وەرگرتووە؟
ئاخۆ خودایە چەند سەرکردە و چەند حزبی کوردی عەجاجیان لە سزا ڕزگارکردووە و چەند عەجاج ئێستا لەو هەولێرە خاوەن ڤێلا و پڕۆژەی بازرگانی و سەڵتەنەتە؟
ئاخۆ خودایە ئەمە چیرۆکی تەنها عەجاجێکی عەرەبی عێراقە، ئەبێ چیرۆکی سەددان هەزار عەجاجی تورک و فارس و عەرەبی سوریا چی بن؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە