کولتوری داگیرکراو لەنێوان ستەم و بەرگری

3 کاتژمێر پێش ئێستا

حەکیم عەبدوالکەریم



لە ڕۆشنایی بیرۆکەکانی فانون و پرۆسەی ئاشتی
وەک Frantz Fanon ئاماژەی پێدەکات، داگیرکاری تەنها داگیرکردنی خاک نییە، بەڵکو داگیرکردنی هۆش و زمان و مێژووی گەلەکانیشە. هەر بۆیە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە ماوەی سەدەیەکدا هەمیشە هەوڵیانداوە کە زمان و کولتوری کوردی بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، چونکە دەیانزانی کە ناسنامەی نەتەوەیی لە زمان و چانددا دەژی.
لە تورکیا ، قەدەغەکردنی زمانی کوردی و گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان بەشێک بوو لە سیاسەتی “تورککردن”. لە سوریا، کورد لە ناسنامەی فەرمی بێبەش کران و زمانەکەیان نەناسرا. لە ئێرانو عێراقیش، هەندێک قۆناغی ستەم و ئاسیمیلاسیۆن بە شێوازە جیاوازەکان بەردەوام بوو. ئەم سیاسەتانە تەنها ئامانجیان کۆنترۆڵی سیاسی نەبوو، بەڵکو ویستیان مرۆڤی کورد لە ڕیشەی خۆی داببڕن و وای لێبکەن کە زمان و مێژووی خۆی بە کەمتر ببینێت.
بەڵام کورد، بە هۆی هێزی کۆمەڵایەتی و ڕۆحی بەرگری، توانیویەتی ئەم هەوڵانە تێپەڕێنێت. لاواندنەوەی دایکان، شیعری  شاعیران، چیرۆکی شەوان، فۆلکلۆر، هونەر و ئەدەبیاتی زیندانی، هەموویان بوون بە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ناسنامە. کاتێک فێرکردنی زمانی کوردی قەدەغە بوو، خەڵک لە ماڵەکان و بەنهێنی فێری منداڵەکانیان دەکرد. کاتێک ناوی کوردی قەدەغە بوو، خەڵک لە دڵیاندا ناوی مێژوویی خۆیان پاراست. ئەمەش دەریدەخات کە کولتور بە هێزترە لە چەک، چونکە لە ناخی مرۆڤدا دەژی.
لە ئەم چوارچێوەیەدا، بیرۆکەکانی بەڕێز  Abdullah Öcalan گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئۆجالان لە دوای ساڵانی شەڕ و توندوتیژی، گرنگی بە “ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی” دا؛ واتە دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش لەنێوان نەتەوە و کولتورە جیاوازەکان بەبێ ئینکاری یەکتر. لە دیدی ئەودا، ئاشتی راستەقینە تەنها بە وەستاندنی شەڕ دروست نابێت، بەڵکو بە ناسینی زمانی دایک، فێرکردنی کولتور، و ڕێزگرتن لە ناسنامەی گەلەکان دێتە دی.
ئەمە جێی پرسیارە:
ئەگەر دەوڵەتەکان بە تانک و فڕۆکە و هێزی سەربازی نەیانتوانی کورد لەناوببەن، بۆچی ئێستا لە ناساندنی زمانی کوردی دەترسن؟
وەڵامەکە ڕوونە؛ چونکە زمان تەنها ئامرازێکی قسەکردن نییە، بەڵکو بوونی نەتەوەیە. کاتێک زمان بناسرێت، مێژوو و ویژدان و ئیرادەی گەلێکیش دەناسرێت. هەر بۆیە زۆرجار دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئامادەن شەڕ بوەستنن، بەڵام بە ئاسانی ئامادە نین مافی کولتوری بدەن، چونکە دەزانن ئەو مافە دەروازەی ئازادییەکی گەورەتر دەکاتەوە.
لە ئێستادا، پرۆسەی ئاشتی دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بێت بۆ کورد؛ بەڵام ئەگەر ئاشتی تەنها سیاسی بێت و زمانی کوردی و چاندی کوردی تێدا پارێزراو نەبێت، مەترسی ئەوە هەیە کە کورد ببێتە قوربانییەکی نوێی “داگیرکاریی کولتوری”. واتە، لەبری چەک، ئاسیمیلاسیۆن بە میدیا، بازاڕ، و سیستەمی فێرکاری بێت.
لەبەر ئەوە، ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی ئەگەر لەسەر بنەمای ناسینی فرەزمانی و فرەکولتوری بنیات بنرێت، دەتوانێت ئایندەی کورد مسۆگەر بکات. چونکە ئاشتییەکی بەهێز ئەوەیە کە هەموو گەلێک بتوانێت بە زمانی خۆی بخوێنێت، بنووسێت، و بیر بکاتەوە. ئەوکات کورد نەک تەنها دەپارێزرێت، بەڵکو دەبێتە بەشێکی کاریگەر لە دروستکردنی ناوچەیەکی دیموکراتی و هاوبەش.گرنگی  ئەم باسە ئەوەیە کە بەرگریی ڕاستەقینەی کورد تەنها لە شاخ و چەکدا نەبووە، (ڕاستە  هۆکارێکی کاریگەر بوە) بەڵکو لە پاراستنی زمان و چاند و یادەوەریی کۆمەڵایەتیدا بووە. هەر نەتەوەیەک زمانی خۆی بپارێزێت، دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت؛ و هەر ئاشتییەکیش مافی کولتوری تێدا نەبێت، ناتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی