مێژوو سەلماندوویەتی کە نەتەوە بێدەوڵەتەکان لە دەرەوە ناڕوخێنرێن، بەڵکو لە کاتی لاوازی بەرەی ناوخۆیاندا دەکەون، بەغداد نەهێندە بە هێزە و نە دەشتوانێت هەرێم لاواز بکات، ئەوە تاکڕەوی و ناکۆکییە ناوخۆییەکانن دەبنە خاڵی لاوازی هەرێم.
لە رووی واقعییەوە (ی.ن.ک)، لە رابردوودا هەوڵی زۆریداوە بەردەوامیی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بدات، دەیان جار وەفدی ناردووە بۆ دانوستاندن لەگەڵ پارتی و پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت، بەڵام لەلایەن پارتییەوە هیچ چارەسەرێک نەبینرا بۆ کۆتاییهاتنی کێشەکان.
لەڕابردوودا یەکێتی لەپرسی دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک و سەرۆککۆماری عیراق، ئەزموونێکی تاڵی لەگەڵ پارتی هەبووە، هەروەها لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیشدا سیاسەتی دووبارەی پارتی بینی کە (بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش دەخۆم) پەیڕەو دەکات، وایکرد یەکێتی بەدوای هاوپەیمانی نوێدا بگەڕێت و یەکێتیی لە نەوەی نوێ نزیککردەوە و هاوپەیمانیان پێکهێنا، بەڵام پارتی ئەمەشی قبووڵ نییە، لەکاتێکدا ناوچەکە لەژێر رەحمی جۆرەها سیناریۆدایە بۆ لەباربردنی ئەزموونی حوکمڕانی کوردی لە هەرێمی کوردستان.
چارەسەری ئەم بارودۆخەش لە سەرکەوتنی هیچ لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا نییە، بەڵکو لە قبووڵکردنی واقعی فرە هێزی هەرێم و دامەزراندنی شەراکەتێکی راستەقینەی سیاسی و ئیدارییە، بە تێگەیشتن و گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، کاتێک بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە بەرژەوەندیی حزبی بەرزتر بکرێتەوە و هاوسەنگیی هێز و هاوبەشی بکرێتە بنەمای حوکمڕانی، نەک تەنها دەرفەت لە بەغداد و دەرەوە دەسەنرێتەوە، بەڵکو بەرەی ناوخۆیی کوردیش دەبێتە قەڵای سەرەکی پاراستنی دەستکەوتەکان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی