قەیرانە بەردەوامەکانی کوردستان بۆ چارەسەر نابن؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرمان سادق

ئایا دەسەڵات خۆی دروستی دەکات؟
ئایا دەسەڵات بەرژەوەندی لە مانەوە و درێژخانەی قەیرانەکان دایە؟
ئەگەر ئەم قەیرانانە نەبووان، پێتوایە ئێستا تاکی کورد چۆن بیری دەکردەوە؟ ڕازی دەبوو بە مانەوەی پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات و ئەم دابەشکارییەی هەیە؟ ڕازی دەبوو بەم سەرانەی لە بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی لە بازرگانان وەردەگیردرێت بۆ گیرفانی حیزب؟

تیۆرەکانی زانستی سیاسی لەبارەی قەیران چی دەڵێن؟
لەزانستی سیاسیدا چەند تیۆرییەک هەن، بەڵامم ناسراوترینیان ئەمانەن:

یەکەم: سیاسەتی کەمی (Politics of Scarcity): 
ئەم تیۆرییە دەڵێت: هەندێک دەسەڵات هەوڵدەدەن سەرچاوە گرنگەکانی وەک: (کارەبا، ئاو، سووتەمەنی، مووچە...) بە تەواوی ئازاد نەکەن، چونکە کاتێک خەڵک پێویستیان بە حکومەت بێت بۆ دابینکردنی ئەو شتانە، ئەوا بەستراوەتر دەبن بە سیستەمەکەوە.
بە واتایەکی تر:
* خەڵک بەدوای کارەبا دەگەڕێن، نەک بەدوای چاکسازی سیاسی.
* خەڵک بەدوای مووچە دەگەڕێن، نەک بەدوای پرسیارکردن لەسەر دەسەڵات.

دووەم: تیۆری سەرگەرمکردن (Theory of Distraction):
هەندێک بیرمەند وەک نۆوام چۆمسکی باس لەوە دەکەن کە دەسەڵاتەکان زۆرجار هەوڵدەدەن سەرنجی خەڵک لە کێشە سەرەکییەکان بگوازنەوە بۆ بابەتەکانی دیکە.
ئەمە هەمیشە بە واتای دروستکردنی قەیران نییە، بەڵکو زۆرجار بە واتای ئەوەیە کە:
* خەڵک لە ژیانە ڕۆژانەکەیاندا ماندوو بن.
* هێزی دەروونیان بۆ بەشداری سیاسی کەم بێت.

سێیەم: باری عەقڵی (Cognitive Load):
ئەمە لە دەروونزانییەوە دێت، توێژینەوەکان پیشانیدەدەن کە:
* کاتێک مرۆڤ بەردەوام بیر لە پارە، ئاو، کارەبا، مووچە، سووتەمەنی و قەرز بکاتەوە، ئەوا:
* هێزی عەقڵی (mental bandwidth) بۆ بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری کەم دەبێت. واتە مرۆڤ:
* کەمتر بیر لە ئایندە دەکاتەوە.
* کەمتر خۆی ڕێکدەخات.
* کەمتر بەشداری لە گۆڕانکاری دەکات.

بەپێوەری زانستی تیۆرە سیاسییەکان شتێک تێگەیشتین، ئێستا با بزانین فیعلەن ئەم قەیرانە بەردەوامانەی هەمانە حکومەت خۆی دروستی کردووە یان نایەوێت چارەسەری ڕیشەیی بکات، یانیش لە توانایدا نییە؟

٢. ئایا حکومەتەکان بە ئەنقەست قەیران دروست دەکەن؟
لێرەدا دەبێت ئاگادار بین، لە زانستی سیاسی زۆربەی توێژەران کۆکن و دەڵێن: هەموو قەیرانێک ئەنجامی پیلانێکی نهێنی نییە، بەڵکو زۆرجار قەیران بەهۆی:
* گەندەڵی.
* نالێهاتوویی.
* دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەی حیزبی.
* نەبوونی چاودێری.
* بەرژەوەندی کەسایەتی و حیزبی.

هۆکارن بۆ دروستکردنی قەیرانەکان، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەسەڵاتێک کە دەتوانێت قەیران چارەسەر بکات، بەڵام نایکات، ئەوا ئەو قەیرانە دەبێتە ئامرازێکی سیاسی. ئەمە جیاوازە لە دروستکردنی قەیران.

ئینجا با لێرەوە وەڵامی ئەوە بدەینەوە کە بۆچی ٣٥ ساڵی ڕەبەقە ئێمە گیرۆدەی کۆمەڵێک قەیرانین و، یەخەمانی گرتووە؟ ئایا قەیرانەکان کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوەمان داناوە کە وەک مرۆڤێکی ئاسایی نەتوانین بیربکەینەوە؟

لێرەدا با گریمانەی ئەوە بخەینەڕوو کە (چۆن دەبێت ناوچەیەک نەوت و گازی هەبێت، قەیرانی بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل، غاز، کارەبای هەبێت؟).
بۆ نمونە؛ لە وڵاتانی دەوروبەرمان وەک عەرەبستانی سعوودیە، ئیمارات، قەتەڕ، کوەیت، بەحرێن، تەنانەت ئێران لە وڵاتانێکی خاوەن نەوت و گازن وەک ئێمە، ئایا قەیرانی بەنزین، گاز، نەوتی سپی، غاز، کارەبایان هەیە؟ یان لە ڕیزبەندی پێشەوەی وڵاتانی جیهانن لە هەرزانی نرخی سووتەمەنی و کارەبا، تەنانەت بەخۆڕاییکردنی خوێندن و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و شارەوانی و زۆرێکی دیکەش> تەنانەت هەندێک وڵاتیان سندوقی داهاتی سووتەمەنیان بۆ نەوەکانی دیکەش داناوە و، هاوڵاتیانیشیان سوودمەندن لە فرۆشتنی نەوت.

کەواتە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە: چۆن دەکرێت ئەم قەیرانانە بەردەوام بن؟ دابەشکردنی مووچە ببێتە کێشەیەکی بەردەوام؟
 
لەڕوانگەی زانستییەوە ئەگەر قەیرانێک دەیان ساڵ بەردەوام بێت، ئەوا توێژەران پرسیار لەسەر ئیدارەدانی ئەم ناوچەیە دەکەن و دەپرسن ئایا:
* گرفتەکە لە سیستەمی بەڕێوەبردن دایە؟
* لە بەرپرسیارێتی دایە؟
* گەندەڵی ڕێگرە؟
* ئیرادەی سیاسی نییە؟

من پێموایە هەموو ئەم گرفتانەمان هەیە، ئەم دەموچاوانەی ئێستا حکومڕانن خۆیان بەشێکن لە کێشەکە و پێشتر لە دەسەڵات بووینە و تاقیکراونەتەوە، بۆیە باوەڕم وایە؛ ئەوانە ئەهلیەتی ئەوەیان تێدا نییە قەیرانەکان چارەسەر بکەن، ئەگەر قووڵتری نەکەن!

ئێستا با لەخۆمان بپرسین؛ ئەگەر ئەو قەیرانانە نەبوونایە، ئایا خەڵک باشتر بیر دەکردنەوە؟

زۆرێک لە توێژینەوەکانی دەروونزانی دەڵێن: بەڵێ. دەڵێن: کاتێک مرۆڤ:
* دڵنیابێت لە کارەبا.
* دڵنیابێت لە مووچە.
* دڵنیابێت لە سووتەمەنی.
* دڵنیابێت لە ژیانی ڕۆژانەی.

ئەوا کاتی زیاتر و هێزی عەقڵی زیاتر بۆ:
* خوێندنەوە.
* ڕێکخستن.
* چاودێریکردنی دەسەڵات.
* بەشداری مەدەنی.
* بیرکردنەوەی ستراتیژی.
دەچێت. بۆیە مێژووی زۆر لە وڵاتە دیموکراسییە سەرکەوتووەکان پیشانی دەدات کە گەشەپێدانی ئابووری و دڵنیایی ژیان زۆرجار هاوشان بووە لەگەڵ زیادبوونی بەشداری سیاسی و مەدەنی.

کورتەی وەڵام:
لە زانستی سیاسی و دەروونزانی، ئەو بیرۆکەیە قبوڵکراوە کە (مرۆڤێک کە بەردەوام سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی ژیانە، کەمتر توانای بیرکردنەوە و خەبات بۆ گۆڕانکاری هەیە).
بەڵام زانست ناتوانێت بەبێ بەڵگە بڵێت هەموو قەیرانێک بە ئەنقەست دروستکراوە. ئەوەی زانست دەڵێت ئەوەیە کە (قەیرانی درێژخایەن، هەر بەهۆی نالێهاتوویی بێت یان بەهۆی بەرژەوەندی سیاسی، لە کۆتاییدا زۆرجار خزمەتی مانەوەی دەسەڵات دەکات و توانای کۆمەڵگا بۆ بیرکردنەوە و ڕێکخستن کەم دەکات).

ئێستا تێگەیشتی بۆ قەیرانەکان بەردەوامن؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی