ئەرمەنی کەرکوک پێکهاتەیەکی دیرۆکی و مێژینەی کەرکوکن ئەوان
لەقۆناغی جیاجیادا هاتونەتە ئەوشارەو بەشی زۆریان پاش ستەم و کوشت و بڕی ئەرمەن لەسەر
دەستی تورکی عوسمانی لەساڵی ۱۹۱٥ هاتونەتە کەرکوک
و لەوێ نیشتە جێبوونە، ئەرمەنی کەرکوک پێکهاتەیەکی ئاشتیخوازو دورە کێشەو گرفت بونەو
ناوەندی ئاینی و کڵێسای خۆیان هەبوەو تێکەڵی کۆمەڵایەتیانەی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک
بوونەو هەمیشە بە ئاشتی و تەبایی ژیاون.
ئێستا ئەو پێکهاتەیە لەکەرکوک هەر سی ماڵێک ماون لەم ڕۆژانە
سۆراغم کردن ئەوانیش وەک تەواوی ئەوانەی پێشتر کۆچیان کردوەو ئەم وڵاتەو کەرکوکیان
جێهێشتوە، زۆر وابەستەو دڵگیری ئێرە نین، کەئەوەش بۆ خۆی جێی نیگەرانیەو دەبوو
حکومەتی عێراق و کەرکوکیش دۆخێکیان بڕەخساندایە ئەوانی دیکە بگەڕێنەوە، نەک ئەوەی
ماویشە دڵی لەزێدی خۆی هەڵکەندرێت، پێشتر ئەم پێکهاتەیە کەسانی دیارو خاوەن سەرمایەو
ئیشکەری باشیان هەبوەو ڕۆڵیان لەگەشەی ئابوری و تەلار سازی و کاری دیکەی شارەکەو عێراقداگێڕاوە، ئەرمەنێکانیش وەک کلدۆ ئاشورو سابیئەی مەندائی
و ئێزدی و یارسان و کاکەیی بەردەوام لەبەردەم
هەڕەشەو سڕینەوەدا بوونەو ڕوبەڕوی توندو تیژی بونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشداژیاندۆست و
ئازادیخوازبوونەو گوڵچنی کۆمەڵایەتی کەرکوکیان ڕەنگاو ڕەنگ تر کردوە.
لە ماوەی ڕابردودا کونسڵی گشتی ئەرمینیامان بینی و لەسەر
جینۆسایدی ئەرمەن و ڕوداوگەلی سەرەتای سەدەی ڕابردوو قسەو باسی زۆرمان کرد، هەروەها
باسی ئەرمەنی کەرکوکیش کرا دیار بووئەو بەبایەخەوە لەبوون و مانەوەی ئەوان لەکەرکوک
قسەی کردو هەروەها شارەزای باشیشی لەپێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان کوردو ئەرمەن هەبوو،
هیوای ئێمەو ئەویش ئەوە بوو کە ئەو ماڵە ئەرمەنیانەی ماون لە ئاشتی و ئارامیدا بژین
و دوور بن لەهەر کێشەو گرفتێک و حکومەت بایەخیان پێبدات و ژیان و ئارامیان بۆ دەستە
بەر بکات.
گەلی ئەرمەن لەڕابردودا وەک گەلی کورد ڕوبەڕوی زەبرو زەنگ
و سڕینەوە بونەتەوەو ئەنفال و جینۆساید کراون، ئێستاش ئەو بەشەی لەوڵاتی خۆیان لەئەرمینیا دەژین لەبەردەم
هەڕەشەو چاوتێبڕینی ئەم و ئەودان و نزیکەی دووهێندەو نیوی ئەوەی لەو وڵاتە دەژین لەدەرەوەی
ئەو وڵاتەو بەتایبەت لەئەمەریکاو ئەوروپا دەژین، چ ئەوان و چ تەواوی پێکهاتەکانی ئەم
ناوچەیە کاتێک سەرفرازو ئازاد دەبن کە دیموکراسیەت و مافی ئازادانەو ژیان و وەک یەکی
بۆ هەموان دەستەبەربێت.
لەم گۆشەیەداڕەنگە بواری ئەوە نەبێت لەوەزیاتر بنوسرێت،
بۆیە دەشێ لەکات و شوێنی تر بگەڕێینەوە سەری.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی