سەرباری گرنگی ستراتیژیی ئەم پرسە، تاکو ئێستا لەسەر
ئاستی هیچ دامەزراوەیەکی نیشتمانی، داتایەکی ورد و پشتڕاستکراوە لەبارەی قەبارەی ڕاستەقینەی
ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە لەبەردەستدا نییە، ئەو ئامارانەی لێرە و لەوێ دەخرێنەڕو
تەنها مەزەندەکردنن و پشتیان بە سەرژمێریی فەرمی نەبەستوە، بەڵام بەشێک لە سەرچاوە
سەربەخۆکان ژمارەی ئەم ڕەوەندە بە زیاتر لە دو ملیۆن کەس دەخەمڵێنن، ئەم قەبارە دیمۆگرافییەش
لە ژمارەی دانیشتوانی هەندێک لە دەوڵەتە سەربەخۆکانی
وەک مەقدۆنیا، ئەستۆنیا، لاتفیا و بەحرەین زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی قورساییەکی
ستراتیژی بەم قەبارەیە دەبەخشێت تەنها زۆری ژمارەکەی نییە، بەڵکو ئەو وەرچەرخانە چۆنایەتییە
گەورەیەیە، کە بەسەر خەسڵەت و مەکانەتی ئەم هێزە مرۆییەدا هاتوە.
جێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەم وەرچەرخانەش لەوەدا دەردەکەوێت ڕەوەندی
کوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، قۆناغی کۆچبەری کلاسیکی، سەردەمی پەناهەندەیی و پەرواێزخراوی بەجێهێشتوە
و ئەمڕۆ گەشەی کردوە بۆ پێکهاتەیەکی مرۆیی جێگیر و خاوەن ڕۆڵ، ئەم تەوژمە ئێستا بە
شێوەیەکی ڕێکخراو و قوڵ، ئاوێتەی ژێرخانی ئابوری، ناوەندە ئەکادیمییەکان، کایە پیشەیی
و تەکنەلۆژییەکانی کۆمەڵگە نوێیەکانیان بوە، لە ڕوی سیاسیشەوە، ئاستی بەشدارییان گەیشتوەتە
لوتکەی کارگێڕی و دامەزراوەیی بە جۆرێک تاکەکانی ئەم ڕەوەندە چونەتە نێو چەقی بڕیاردان
و یاسادانانەوە، وەک بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانی، پۆستی پارێزگار، ئەندامێتیی
شارەوانییەکان و چەندین پێگەی هەستیاری دیکە لە وڵاتە جیاوازەکاندا. بێگومان، ئەم
چونەپێشەوە و ئامادەییە سیاسییەش دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی گەشەسەندنی ئاستی زانستی و
هۆشیاریی تاکەکانی ئەم ڕەوەندەیە، کە وای کردووە ببنە بزوێنەرێکی چالاکی داینەمۆی
کار و سیستمەکانی بەڕێوەبردن و وەک سەرمایەیەکی مرۆیی کاریگەر و پێشکەوتو لەسەر
ئاستی جیهان دەربکەون.
لە ڕوانگەی لۆژیکی سیاسییەوە، دەبو ئەم گۆڕانە جەوهەرییەی
ڕەوەندی کوردی، هاوتەریب لەگەڵ ئەو مێژوە پڕ لە کارەساتەی نەتەوەکەمان و دۆسیە مرۆیی
و یاساییە قورسەکانی وەک جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، یەکبگرن و ببنە
بەهێزترین پاڵنەر بۆ یەکخستنی ئیرادەی گشتی واتە، لەبری ئەوەی ئەم دۆسیانە تەنیا لە
چوارچێوەی سۆزداری و یادکردنەوەی قوربانیبوندا قەتیس بمێنن، دەبو توانا نوێیەکانی ڕەوەندەکە
و قورسایی ئەم کەیسانە پێکەوە بخرێنە گەڕ و ببن بە کارتی فشاری ستراتیژی بۆ سەپاندنی
ئەجێندای نەتەوەیی، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هێشتا نەتوانراوە ئەو هەنگاوە بنرێت
و ئەم قورساییە مرۆیی و زانستییە تەوزیف
بکرێت بۆ دروستکردنی لۆبییەکی نێودەوڵەتیی خاوەن ئەجێندایەکی ڕوون.
بۆ ئەمەش ناکرێت پەنجەی کەمتەرخەمی بۆ تاکەکانی ڕەوەندی
کوردی درێژ بکرێت، چونکە ئەوان لە چەندین قۆناغی هەستیاردا بەڕوداوەکانی ئەم دوایەی
رۆژئاوای کوردستانیشەوه، لە ڕێگەی جوڵەی جەماوەری و کەمپینی مەدەنییەوە، ئینتیما و
پەرۆشیی خۆیان سەلماندوە و سەنگ و ئامادەیی خۆیان بەرجەستە کردووە، ئەشکالیەت لە غیابی
ئەقڵییەتێکی دامەزراوەییدایە، کە تا ئێستا ستراتیژییەتێکی سیستەماتیک پیادە نەکراوە
بۆ داڕشتنەوەی ئەم سەرمایە بەرفراوانە لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی دیپلۆماسیی یەکگرتودا،
وەک چۆن فەیلەسوفی سیاسی هانا ئارێنت دەڵێت: (هێز هەرگیز موڵکی تاکێک نییە، بەڵکو
هی گروپە و تەنها تا ئەو کاتە بونی هەیە کە پێکەوە کار دەکەن) بۆیە دەبێت تاکەکانی
ڕەوەندەکە لە هێزێکی پەڕشوبڵاوەوە ببنە گروپێکی فشاری دەستەجەمعی کارا و بە بەرنامە
خزمەتی پرسە ستراتیژییەکان بکەن.
لە کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، گۆڕینی سەرمایەی
پەرتەوازەی مرۆیی بۆ هێزێکی دامەزراوەیی، پێشمەرجی سەرەکییە بۆ دروستکردنی کاریگەری
سیاسی و ئاراستەکردنی بڕیاری نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری بۆ شێوازی ڕێکخستن
و کارکردنی ڕەوەندە جیهانییەکان ئەوەمان بۆ ڕون دەبێتەوە، کە ئاڵۆزترین پرسە جیۆپۆلەتیکییەکان
لە دەرەوەی سنورە نیشتمانییەکان و لە تاراوگەوە یەکلایی کراونەتەوە، بۆ نموونە، ڕەوەندی
جوولەکە لە ئەمریکا و ئەوروپا بە تایبەت لە ڕێگەی ناوەندەکانی وەک ئایپاک( AIPAC) نەک تەنها وەک
ئەندازیاری پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل کاریان
کرد، بەڵکو تا ئێستاش ڕاستەوخۆ ئاراستەی بڕیاری سیاسیی زلهێزەکان دەکەن.
لە پاڵ ئەوەشدا، ڕەوەندی ئەرمەنی سەرەڕای لاوازیی پێگەی
دەوڵەتەکەیان لە قۆناغە جیاوازەکاندا، لە ڕێگەی ڕێکخستنێکی تۆڕبەندییەوە پرسی جینۆسایدی
نەتەوەکەیان کردە بەشێکی نەگۆڕ لە ئەجێندای دیپلۆماسی وڵاتانی جیهان، هەمان ئەم هێزە
کاریگەرە لە ئەزمونی ڕەوەندی ئێرلەندی_ئەمریکیشدا بە ڕونی ڕەنگی داوەتەوە، کاتێک لۆبییەکەیان
نەک هەر ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە پرۆسەی سەربەخۆیی ئێرلەندادا گێڕا، بەڵکو دواتریش بوە
فاکتەری سەرەکی بۆ دەستەبەرکردن و چەسپاندنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی (Good Friday). ئەم ئەزمونە
پراکتیکییانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، ڕەوەندێکی رێکخراو، تەنها ئامرازێک نییە بۆ
مسۆگەرکردنی مافی چارەی خۆنوسین، بەڵکو قەڵغانێکی دیپلۆماسی ستراتیژییشە بۆ بەرپەرچدانەوەی
هەر هەڕەشە و پیلانێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دژی قەوارەی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە
باڵاکانی نیشتمان.
بۆ گەیشتن بەم ئاستە لە کاریگەری، ڕەوەندی کوردی لە
تاراوگە پێویستی بە ستراتیژییەتێکی هاوشێوە بو، تاوەکو بە پشتبەستن بەو ئاستە باڵایە
لە هۆشیاری و توانستی ئەکادیمی، بتوانێت ڕۆڵی مێژویی خۆی لە نێو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا
بەرجەستە بکات. بەڵام ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەم پرۆسەیەی ئیفلیج کردوە، تەنیا جەمسەرگیرییەکی
سیاسیی ڕوت نییە، بەڵکو دەرەنجامی حەتمی ئەو دابەشبونە جیۆپۆلەتیکییە قوڵەی
کوردستانە، کە سەرجەم جیاوازییە کلتوری، زمانەوانی و ئایدۆلۆژییەکانی بە شێوەیەکی
ئۆرگانی گواستوەتەوە بۆ نێو پەیکەربەندی ڕەوەندی کوردی.
ئەم واقیعە وای کردوە سەرباری هەڵکشانە پیشەیی و زانستییەکانی
تاکی کورد، قەوارەی ڕەوەندەکە ببێتە ئاوێنەی هەمان ئەو پاشخانە ناوخۆییە ئاڵۆزە و
بەسەر هێڵە جوگرافی، کلتووری و ئایدۆلۆژییەکاندا پەرتەوازە بێت. لێرەوە، دەرەنجامی
کۆتایی ئەم هاوکێشەیە بە ڕوونی دەردەکەوێت تاوەکو لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی باڵای نەتەوەیی
و چوارچێوەیەکی دامەزراوەییی سەربەخۆوە کار نەکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی ئەم هێزە و ڕزگارکردنی
لەم پاشکۆیەتییە فرەڕەهەندە، لەپێناو داڕشتنی ئیرادەیەکی دیپلۆماسیی یەکگرتو، ئەوا
ئەم قەبارە مرۆییە زەبەلاحە تەنیا وەک بارستاییەکی دیمۆگرافی بێکاریگەر دەمێنێتەوە
و هەرگیز ناتوانێت وەک بکەرێکی ستراتیژی و خاوەن بڕیار، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە
ئاراستەکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت بۆیە لەبری مانەوە لە قۆناغی دەستنیشانکردنی
کێشەکان، کاتی ئەوە هاتوە نەخشەڕێگایەکی ستراتیژیی گشتگیر دابڕێژرێت بۆ کۆکردنەوەی
ئەم توانا پەرتەوازانە، ئەم هەنگاوە عەمەلییەش پێویستی بە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی
نیشتمانی هەیە کە نوخبە، بیرمەندان، بازرگانان و سیاسەتمەدارە کاریگەرەکان لەخۆبگرێت،
بە جۆرێک کە ئیرادەی ناوەوە و دەرەوە و تواناکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە
چوارچێوەی دامەزراوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتیدا یەکبخات و بیانکاتە خاوەنی یەک
گوتار و یەک ئەجێندای هاوبەش، بەڵام ئایا ئەمە رو ئەدات؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی