تۆم باراک؛ هەڵەی ستراتیژیی واشنگتۆن و سەرهەڵدانی تورکیا وەک هێزی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

1 کاتژمێر پێش ئێستا

موحسین رۆستەم

لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، زۆر جار گەورەترین گۆڕانکارییە جیوپۆلیتیکییەکان نەک بەهۆی بەهێزبوونی لایەنێک، بەڵکو بەهۆی هەڵە و هەڵخەڵەتاندنی ستراتیژیی لایەنی بەرامبەرەوە ڕوویان داوە. ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، نموونەیەکی ڕوونی ئەم یاسایەیە. تورکیا توانیویەتی خۆی وەک کارەکتەرێکی بڕیاردەر لە ناوچەکەدا بسەپێنێت، نە تەنها بەهۆی توانای خۆی، بەڵکو زیاتر بەهۆی ئەو بۆشاییە ستراتیژییەی کە ئەمەریکا بە دوای خۆیدا جێی هێشتووە.

لە ساڵی 2016دا، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی لوبنانی،غسان شربل ، لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی «ئاشەرقی ئەوسەت» باس لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی کرد کە گوایە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچووە. بەپێی ئەو زانیارییانە، سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەکەی سەرپەرشتی کردووە و نوێنەرانی تورکیا، ئێران، عێراق و هەندێک لە گرووپە ئیسلامییەکانی سوریا تێیدا ئامادە بوون. ناوەڕۆکی سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بوو لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەمەریکا و چۆنیەتیی پێکهێنانی ڕێکخستنێکی نوێی هێز لە ناوچەکە.

لەو دیدارەدا، ئامادەبوونی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە وەک هەڕەشەیەکی هاوبەش سەیر کراوە. هەروەها بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا وەک بەربەستێک بۆ ستراتیژییە ناوچەییەکان دەستنیشان کراوە. ئەگەرچی دروستی و هەموو وردەکارییەکانی ئەو کۆبوونەوەیە جێی مشتومڕە، بەڵام ڕووداوەکانی دوای ئەو ساڵە وا دەردەخەن کە بەشێک لەو بیرکردنەوانە بە شێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێ کراون.

گەڕانەوەی کەرکووک بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا لە ساڵی 2017 دوای ڕاپرسی سەربەخۆیی، بۆ زۆرێک لە کوردان تەنها شکستی پڕۆژەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێک بوو کە تێیدا هێزە ناوچەییەکان لەسەر سنووردارکردنی پڕۆژەی سیاسیی کورد هاوڕا بوون. لەوە بەدوا، هەر چوار بەشی کوردستان بە شێوازێکی جیاواز تووشی فشار و هێرش بوون، لە کاتێکدا ئەو هێزانەی پێشتر لە شەڕی دژی داعشدا هاوپەیمانی ڕۆژئاوا بوون، بەبێ پشتگیرییەکی جددی جێهێڵران.
سەرەڕای ئەوەی تورکیا لە بواری کردەوەدا توانیویەتی کاریگەری و نفووزی ئەمریکا لە سوریا سنووردار بکات و بە هاوکاری و پشتیوانی لە هێز و لایەنە ئیسلامییەکان، هاوکات هێزە کوردییەکانیش کە ماوەیەکی درێژ هاوپەیمانی سەرەکی واشنگتۆن بوون لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم، لاواز بکات، هێشتا هەوڵ دەدات وا پیشان بدات کە پرۆسەی سیاسیی سوریا لە ژێر ڕابەرایەتی ئەمریکادا بەڕێوە دەچێت و ئەمەش لە ڕێگەی باڵیۆزی ئەمریکا لە  تورکیا دەخاتەڕوو.
ئەم ستراتیژییە زیاتر لەوەی پەیوەندی بە هێز و کاریگەریی ڕاستەقینەوە هەبێت، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی وەهم و مێرگی سیاسی. ئەم بارودۆخە یادم دەخاتەوە بە شوانێک کە بەرخێکی تازە لەدایکبوو دەدات بە گوێدرێژێک تا پەروەردەی بکات. کاتێک بەرخەکە گەورە دەبێت، شوانەکە زەنگۆڵەیەک بە ملیەوە دەبەستێت و ڕێگا دەدات مەڕەکانی تر وەک سەرکردە شوێنی بکەون. بەڵام لە ڕاستیدا بەرخەکە هەر شوێنی گوێدرێژەکە دەکەوێت، چونکە وای بۆ دەچێت کە دایکی خۆیەتی. بە هەمان شێوە، ئەو لایەنەی کە لە دەرەوە وەک سەرکردە دەردەکەوێت، لەوانەیە لە ڕاستیدا خۆی شوێنکەوتووی هێز و بەرژەوەندییەکانی تر بێت کە لە پشت پەردەوە ئاراستەی دەکەن.


لە بنەڕەتدا، ئەوەی تورکیا بەهێز کرد، سەرکەوتنی ستراتیژیی ئەنقەرە تەنها نەبوو، بەڵکو شکستی ستراتیژیی واشنگتۆن بوو. سەرکردایەتیی ئەمەریکا لە سەردەمی باراک ئۆباما بڕیاری دا کە گرنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکات و سەرنجی خۆی بەرەو ئاسیا بگوازێتەوە. ئەم بڕیارە لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لۆژیکی دەردەکەوت، بەڵام لە ڕووی جیوپۆلیتیکییەوە بۆشاییەکی مەترسیداری دروست کرد. لە کاتێکدا ئەمەریکا کشایەوە، تورکیا، ئێران و ڕووسیا هەنگاو هەنگاو شوێنی بەتاڵکراویان پڕکردەوە.

تورکیا زوو تێگەیشت کە دۆخی نوێ هەلێکی مێژوویی بۆی ڕەخساندووە. ئەنقەرە توانی لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بپارێزێت، ئەندامێتیی ناتۆ بەردەوام بکات و ڕۆڵی کارەکتەرێکی ناوەندی لە سوریا، لیبیا، قەفقاز و عێراق ببینێت. ئەو سیاسەتەی کە لە ڕابردوودا بە «نوێ-عوسمانی» ناسراوە، ئێستا لە زۆر شوێندا لە چوارچێوەی ستراتیژیی دەوڵەتدا جێگیر بووە.

هەڵەی گەورەی ڕۆژئاوا ئەوە بوو کە پێی وابوو تورکیا هەمیشە وەک هاوپەیمانێکی بێ مەرجی ناتۆ مامەڵە دەکات. بەڵام ئەردۆغان نیشانی دا کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی دامەزراوە، نەک پابەندبوون بە ستراتیژیی واشنگتۆن. لە کاتێکدا زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە تووشی قەیران و دابەشبوون بوون، تورکیا وەک یەکێک لە کەمترین دەوڵەتە جێگیرەکان دەرکەوت و ئەمەش ڕێگای بۆ فراوانبوونی کاریگەریی ناوچەیی خۆش کرد.

ئەمڕۆ پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا تورکیا هێزی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت یان نا، چونکە بەشێکی زۆری ئەو پڕۆسەیە پێشتر دەستی پێکردووە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە سنووری ئەو هەژموونە کوێیە و ئایا دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا دەتوانن هاوسەنگییەکی نوێ دروست بکەن یان نا.

ئەگەر ئەمەریکا هەر بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی ئامادەبوونی خۆی لە ناوچەکە و جیهانی عەرەبیش هەر لە دابەشبوون و ناکۆکیدا بمێنێتەوە، ئەوا سەدەی بیست و یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانەیە بە سەردەمی سەرهەڵدانی تورکیا وەک هێزی بڕیاردەر بناسرێت؛ سەرهەڵدانێک کە بنەماکەی نە تەنها لە توانای ئەنقەرە، بەڵکو لە هەڵە ستراتیژییە یەک لە دوای یەکەکانی واشنگتۆن و ڕۆژئاوادا دۆزرایەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی