حزب و دەوڵەتان باڵوێزیان هەیە، کولتور باڵوێزی نییە!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسماعیل حەمەئەمین

کولتور خاوەنی جەوهەرێکی دیاریکراوی نەگۆڕ نییە، تاوەکو وەک بەهایەکی جێگیر، کڵێشەیەکی جێگیر، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و نوێنەرایەتی هەبێت. کولتور ئەو چالاکییە هەمەجۆرانەیە کە مرۆڤەکان لە چوارچێوەی نەتەوەیەک، گروپێک، تەنانەت ڕیتواڵێکی تایبەتدا پراکتیزەی دەکەن.

کولتور خواردنە، سیاسەتە، وەرزشە، پیشەی دەستییە، هونەر و شێوازی دیباتە و زمانە، کە ماڵی بیرکردنەوە کولتورییەکانە. ئاوەها کولتور بە هەمەڕەنگییەوە وەک هەژدیها سەد سەرەکەی ئەفسانەی یۆنانی (لادۆن) وەهایە کە درەختی سێوی نەمری دەپارێزێت...

کولتور بەردەوام خۆی تازە دەکاتەوە و خۆی تێک دەشکێنێت، ئیدی تۆ نوێنەری کامەیانیت؛ نوێنبوونەوە یان تێکشکاوەکە؟ ئیدی بەڕێزم کولتور بەم هەمەجۆرییەوە، ئەو پرسیارانە دەهاروژێنێت: تۆ نوێنەری کامە کایەیی کولتورییت؟! پرسیارێکی دیکە ئەوەیە؛ کاتێک حیزب وەک زەمەنی ستالین، گدانۆفی* خۆی هەڵبژرێت، ئەکتەری بەناو کولتوری، ماستاوچی و دەمپانکەرەوەی بێ ناوەڕۆک و کەرنەڤاڵی و بێمانا هەڵبژێرێت و لەژێر هەژموونی بەرژەوەندیی حیزبدا بێت.

ئیدی لەم فەوزای دووبەرەکی ماڵی کوردیی، بەڕێزت باڵوێزی کێها کولتوریت؟ کولتوری شەڕەجنێو و شەڕی ناوخۆ و یەکتر سووک کردن؟ کولتوی هاوار و پۆپۆلیزمی گۆڕانیت یان کولتوری پیاهەڵدان و مەرایی و دەمپانکرەکانی مامە و کاکەیت؟! نوێنەری کلتوری ئیسلامی سیاسی ئیخوانیت یان تۆرابۆرایت؟ باڵوێزی کولتوری سەلەفی ساڵح و چوار ژنە و هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵانیت ؟ یان کولتوری چەپگەرای ئایدۆلۆژیست، کە بڕوات وایە دەبێت هەموو شتێک لەسەر بنەما گدانۆڤییەکان بڕوات بەرێوە و دیکتاتۆرییەتێک پێویستە کە هی پڕۆلیتاریایە؟ بە دیوێکی تردا کولتور خۆی باڵێوزی نییە و شتێک نییە ناوی باڵێوزی کولتوریی بێت.

دووهەم لەم فەوازایەدا ئازادی بوونی نییە، ئەوەی هەیە ئازادیی ڕووکەشییە، لە کوێشدا ئازادی هەبوو، لەوێدا کولتور گەشە دەکات. ئیدی کە ئازادی نەبوو، ئەو کولتوریش بوونی نابێت. گەر ئەو کولتورەش هەبێت پێویستی بە سیاسیکردنی باڵوێزگەرانە نییە، مەگەر بۆ داتاشینی وەزیفە و فەرمانگەیەک بێت بۆئەوەی بودجەی گشتی بەو ناوەوە بخوات- لەوەش سەیرتر ئەوەیە ناوی ئەو دەزگایەی (Version) نوێنەری کولتوری خۆبەکەمزانینی کوردییە بەرامبەر بێگانە، هەربۆیە وشەیەکی کوردیی وەک (ڕوانین - تیژبین، ڕەهەند، بوار، مەودا...هتد) بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دیباتەیە بە ڕەوا نەبینی! ئیدی باسی کامە کولتور دەکەن، هی کوردی یان هی Version ڤێرژنی ئینگلیزییە ؟! کورد چ پێویستیەکی بە ڤێرژنی ئینگلیزی هەیە بۆ دیباتەی کولتوری! لێرەوە و لە دەمەوێت بڵێم؛ کولتور لە کوردستاندا بوونی نییە، کولتور باڵوێزی نییە... --------- * ئەندرێ ژدانۆف یان گدانۆڤ Andrei Zhdanov سانسۆرکار و پارێزەری خەتی ئایدۆلۆژی ئەدەب و هونەر و کولتوری سۆڤێتی ....

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی