بەتەواوەتی وێنەگەورە و پەنهانەکەی ئەساڵەتی کوردبوون و مرۆڤ بوونمان بەهەموو ڕەچەتەکانییەوە لە ناو ڕوووداوو پانۆرامای مەرگی ڕوقییە منداڵە بەڕەگەز عەرەبەکەمان بینی، کە نمایندەیی ئەم ئەساڵەت و مرۆڤ دۆست و ژیان دۆستییە، خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان کردی.
ئەم وێنە گەورە پڕ لە مرۆڤ بوون و کوردبوونە بەردەوام لەناو توراس و بوونی ئەم ناوچەیە ئامادەگی هەیە، لەزۆر قۆناغ و ڕووداودا هەڵەبجەو هەڵەبجەیەکان ئەم تابلۆ پڕ لە ڕەنگی پێکەوەژیان و ئاشتی و ژیاندۆستییەیان وێناکردووە.
ئەوەی جێی تێڕامان و هەڵوەستەلەسەرکردنە ڕۆڵی میدیایە لەگەیاندنی ئەم وێنەیە بەچاو و زهنی بینەر، کەبەداخەوە هەموومان زۆر گلەیمان لە ڕۆڵ و ئیتیکی کاری میدیا هەیە ، ئەویش تێکەڵکردنی مەلەفەکانە بۆ ئامانجی سیاسی یان ئایدۆلۆژی. هەرئەمەش وایکردووە میدیا زۆرجار هێندەی خەریکی شێواندنی وێنەکانە هێندە کار لەسەر گەیاندنی پەیامی دروستی ناو وێنەکەناکات.
بەڵام جێی دڵخۆشی و دەستخۆشییە، مایکەکان لەهەڵەبجە جۆرێکی تر و ڕەنگ و ئەساڵەتێکی تریان هەیە. ئەم هەموو وێنەجوانەی مرۆڤ دۆستی و کوردبوون و ژیاندۆستی، مایکەکانن دەیگوازنەوە، ڕۆڵی ئەوان زۆرگەورە و کاریگەرە. لەڕووداوی مردنی ئەم کچە نازدارە. لەیەکەم لەحزەوە تاکۆتایی مایکەکان و میدیاکاران لەهەڵەبجە ، بوونە سەربازی ونی ناو ئەم تابلۆ پڕشکۆ و شانازییە. توانیان وێنەی ڕاستەقینە بگوازنەوە، بەبێ ڕتوشکراو بەبێ ئامانجی لابەلا هەڵەبجەییانە کوردانە توانیان بە جیهان بڵێن ئەمەیە وێنەی ڕاستەقینەی کوردبوون.
بەبێ جیاوازی میدیاکاران لەهەڵەبجە توانیان جیهان لەناو مەتەرێزی کامێرا و سەدای مایکەکانیانەوە بهێننە ناو ئەو ئەساڵەتەی کە کوردبوون شانازی پێوەدەکات، ئەوان توانیان زۆر پیشەییانە مرۆڤانە کوردانە، جوانی هەڵەبجە و هەورامان و خەڵکە جوامێرەکەی بگوازنەوە.
ئەمەیە ڕۆڵی ڕاستەقینە و بەهادارانەی میدیا. ئەمەیە ئەرکی بەرپرسیارانە و پیشەییانەی میدیا.
میدیاکاران و مایکەکان لەهەڵەبجە پەیامێکی جوانیان گەیاندووە. ئەویش پێیان وتین میدیا بەرلەوەی شاشەی نمایشی درۆ و بازرگانی بێت . شاشەی گەیاندنی پەیامی ڕاستی و جوانی میللەتەکەتە.
کەپێموایە لەمەرگی ڕوقییەدا چۆن خەڵکی نەجیبزادەی هەڵەبجە و هەورامان بەهەموومانیان وت پێش هەموو ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و نەتەوە و هتد پێش ئەمانە ئێمە مرۆڤین پێویستە کار و کردارمان مرۆڤانەبێت.
میدیاو میدیاکاریش لەهەڵەبجە پێیان وتین پێش میدیا پێش میدیاکار مرۆڤین. کاتێک خەڵک و میدیاکار دەگەنە ئەو خاڵەی کە پێش هەموو شتێک مرۆڤبوون سەنتەرە. ئیتر ئەو وێنە شکۆمەندانەیە دەبینیت کە لەهەڵەبجە و هەورامان بینیمان.
خاڵێکی دیکە. ئەوەیە لەم جوگرافیایەی کەناومان هێنا وتاری ڕق و تۆڵە وهتد گەشەناکات. لێرە ژینگەی میهرەبانی و ئاشتی ، پێکەوەژیان و مرۆڤبوون باڵادەکات. لێرە کوردبوون گەشەدەکات.
جێی خۆیەتی پڕبە جیهانی ڕاستی سوپاسی میدیاکارانی هەڵەبجە بکەین بۆ ئەو بەرپرسیارییەتە کە لەسەرشانتانبوو. بۆ گواستنەوەی پانۆرامای جوانییەکان ...
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی