من ناوم لیژنەیە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

زیرەک کەمال


من ناوم لیژنەیە، بنەچەکە مێژووییەکەم و هەواری لە دایکبوونم وڵاتێکە، ئەو وڵاتەی عەرەبی چاوڕەش پێی دەڵێن شیمال و سیاسییە کوردەکانیش ددانی پێدانانێن، بۆیەش دابەشیان کردووەتە سەر دوو زۆنی سەوز و زەرد. منی لیژنە لەسەرەتادا کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێک نەبوو، ئاخر هەرگیز نەمەڕ و بزن و کەر و گۆلک و مانگام بەردابووە ناو لەوەڕگای هیچ کەسێک و نە پوش و پاوانی هیچ کەسێکم سوتاندبوو، نە ئاوبڕیشم لەسەر زەوی و زار و کێڵگەی کەس کردبوو. لەوەتەی بە بیرم دێت نەهێللانە پەڕەسێلکەم تێکداوە و نەلێفەشڕەم لەسەر منداڵی هەتیوان لابردووە و نەپێخوستی شارەمێروولەشم کردووە، بەڵام بەڕاستی حزبی و سیاسییەکان ناهەقییەکی گەورەیان لەگەڵ کردم، بەدبەخت و چارەڕەش و ناوبەد و سووک و ڕسوایان کردم. کردمیان بە ڕەمز و هێمای درۆی گەورە، وایان لێ کردم لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێک، لە هەر گوندێک، لە دیوەخانی هەر ئاغایەک، لە حوجرە و تەکیە و خانەقای هەر شێخێک، لە کوچە و کۆڵانی هەر شارێک، لە هەر ئاوەدانییەک دەربکەوم، خەڵکی بە چاوی سووک و وەکو ڕیاکار و درۆزن و بەدفەساڵ سەیرم بکەن. منداڵان بە هۆیها بەدوام دەکەون. دایکانی سەربەرماڵ دوای نوێژکردن دەستەودوعا دەوەستن و دەڵێن خوایە بمانپارێزیت لە لیژنە. عاشقان کە مەوعیدی ژوان دادەنێن بە یەکتری دەڵێن وریابە لیژنە نەمان بینێت، چونکە پێیان وایە دوژمن و دڕکی نێوان مەم وزین لیژنە بوو نەک بەکرە شۆفار. من ناوم لیژنەیە و بەردەوام هەواڵی بەپەلە و مانشێتی ڕۆژنامەکان و ژێرنووسی تەلەفزیۆنەکان و وسەردێڕی هەواڵی هەموو میدیاکانم، کەچی کەس باوەڕم پێناکات و هەرچی خەڵکێک گوێبیستی ناوم ببێت، پێم پێدەکەنێت. منداڵەوردکە لە کوچەوکۆڵان بە جنێو و درۆزن دوام دەکەون. بەڵێ چیڕۆک و حیکایەتی من تاڵ و خەمناکن دەزانن بۆ؟ ئاخر زۆر لە دەستڕۆیشتووەکان و بەڕێوەبەری فەرمانگەی سیاسی و کارگێڕی و سەرۆک زانکۆکان، بەڕێوەبەری قوتابخانە و کارگە و سوپەرمارکێت و زۆر لە یەکە ئیدارییەکانی ئەم دەڤەرە بۆ داپۆشینی گوناهەکانیان، بۆ پەردەپۆشکردنی بەدکاریەکانیان، بۆ جوانکردنی ناشیرینی و ناشیرینکردنی جوانییەکان و بە هاوسەنگنیشاندانی تەرازووی ناهاوسەنگی سیاسییان، بە درۆنیشاندانی ڕاستی و بەڕاستی چواندنی درۆ، بۆ هاوشانکردنی سیخی تیژی زوشک و پەڕی نەرمی باڵندە، بۆ تاوانبارکردنی بێتاوان و بە فریشتە نیشاندانی تاوانبار من ڕادەسپێرن و کارە چەوت و چەوێڵ و ناهەقییەکانیان بە من دەسپێرن. دوا کار کە پێیان کردم، لەسەر کێشەی نێوان مریشک و ڕێوی بوو. ڕاپۆرتێکیان پێ نووسیم، کە تاوانباری گەورە مریشکە، چونکە لە شیرینە خەودا هێرشی کردۆتە سەر کولانەی ڕێوی.چونکە بەرلەوەی من ی لیژنە دەست بەکار بم بڕیارەکان دراون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی