مەترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر گەروی هورمز ئاشكراده‌كرێت

2 کاتژمێر پێش ئێستا

none

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕوانی ئاساییبونەوەی بازاڕی وزەیە، شەڕی مینەکان لەگەروی هورمز دۆخەکەی ئاڵۆزترکردوە؛ تانکەرو كه‌شتیه‌ نەوتییەکان لەترسی تەقینەوەکان ناچارن پاشەکشە بکەن‌و تاران بەتوندی وەڵامی پلانە سەربازییەکەی فەرەنساو بەریتانیا دەداتەوەو ڕایدەگەیەنێت، ڕێگه‌ نادات گەروەکە ببێتە هێڵی پێشەوەی نمایشە دەرەکییەکان.


ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمریکی، لەزاری ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى هەڵسەنگاندنى سەربازیی بۆ گه‌روى هورمز ده‌كه‌ن بڵاویکردەوە، مەترسییەکان لەگەروی هورمزدا هێشتا بەگەورەیی ماونەتەوەو مینەکان لەناوەڕاستی ئەم گەروە گرنگه‌دا بڵاوبونەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، شه‌ش كه‌شتى زه‌به‌لاحى نه‌وت‌و غاز لەهاوشانی کەناراوەکانی عومان بینراون‌و نیشانەیەکیش هەیە بۆ چاکبونەوەی جوڵەی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی هورمزدا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوبارە کردنەوەی گەروه‌كه‌ هێشتا بەئاڵۆزیی ماوەتەوە، سەرەڕای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئێران‌و ئەمریکادا، چونکە لانی کەم هه‌شت کەشتی لەنێوان ڕۆژانی هەینی‌و شەممەدا گەڕاونەتەوە دواوە، دوای ئەوەی هەوڵیانداوە لەڕێگەی ئەو ڕێڕەوەی کە هاوشانی کەناراوەکانی عومانە، کەنداوی عەرەبی بەجێبهێڵن.

شەممەى ڕابردوو ئێران هۆشداریدا لەوەی کە گەروی هورمز "شانۆیەک نییە بۆ نمایشە سەربازییەکانی هێزە دەرەکییەکان"، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بەیاننامەیەکی هاوبەشی فەرەنساو بەریتانیا سەبارەت بەگەشتوگوزاری دەریایی لەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.

هەینی ڕابردوو کیه‌ر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاو ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئامادەیی وڵاتەکانیان دەربڕی بۆ ناردنی "نێردەیەکی سەربازیی فرەنەتەوەیی بۆ پشتگیریکردن لەئازادی گەشتوگوزاری دەریایی لەگەروی هورموزدا".

هەروەها، لەماوەی هەفتەکانی ڕابردودا ئێران‌و عومان باسیان لەڕێکخستنی نوێ کردوە بۆ بەڕێوەبردنی گەشتوگوزاری دەریایی، لەکاتێکدا مەسقەت لەلێدوانەکانی پێشودا جەختیکردبوەوە، هەر ڕێکخستنێکی داهاتوو دەبێت لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بێت‌و نەبێتە سیستمێکی ناچاری بۆ وەرگرتنی ڕسوماتی تێپەڕبون.

گەروی هورمز بەیەکێک لەهەستیارترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان دادەنرێت، چونکە کەنداوی عەرەبی بەدەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوەو بەشێکی زۆری هەناردەی نەوت‌و غاز لەڕێگەیەوە بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا تێپەڕدەبێت، کە لەپێشەنگیاندا چینە، وەک گەورەترین هاوردەکار بۆ وزەی ناوچەکە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە