نهێنیی هەڵکشانی هێرشی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح


پێشەکی
ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەفتەی یەکەمی مانگی تەموزی ٢٠٢٦ شەپۆلێکی نوێی هەڵکشانی چەکدارییان بەخۆوە بینی؛ شەپۆلێک کە بە یەکێک لە فراوانترین قۆناغەکانی پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئێران و بالی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK/YRK) دادەنرێت. ئەم قۆناغە لە ڕووی فراوانی جوگرافیایی، فرەیی بەرەکانی شەڕ و جۆری ئۆپەراسیۆنەکان جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ پێکدادانەکانی پێشوودا هەبوو. 
گرنگیی ئەم ڕووداوانە تەنها لە ڕەهەندی ئۆپەراسیۆنەکانەوە نییە، بەڵکو لە کاتەکەیدایە. ئەم پێکدادانانە تەنها چەند هەفتەیەک دوای کۆتایی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران و ڕوویاندا؛ جەنگێک کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین پێکدادانە سەربازییەکانی ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوو دادەنرێت. ئەو جەنگە بارودۆخێکی ستراتیژیی نائاسایی دروست کرد و چاوەڕوانییەکی فراوانی لەنێو بەشێک لە ڕای گشتیی کورددا هێنایە ئاراوە سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی چالاکیی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەڵام ئەو چاوەڕوانییە لە ماوەی جەنگدا نەهاتە دی. چالاکیی سەربازی لە ئاستێکی سنووردار مایەوە و ئەمەش مشتومڕێکی فراوانی لەنێو بازنە سیاسی و میدیایی کوردیی دروست کرد. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە بوو: بۆچی پارتە کوردییەکان لە کاتی جەنگ سوودیان لەو دەرەتانە وەرنەگرت؟ دوای کۆتایی جەنگ و دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی پێکدادان، ناوەندی مشتومڕەکە گۆڕا و پرسیارێکی قووڵتر هاتە ئاراوە: بۆچی هەڵکشانە چەکدارییەکە دوای تەواوبوونی جەنگ دەستی پێ کرد، نەک لە کاتی جەنگدا؟
ئەم نوسینە ئامانجی ئەوە نییە بە شێوەیەکی پێشوەخت بڵێت ئەم هەڵکشانە نیشانەی سەرکەوتنی ستراتیژێکی دیاریکراوە، یان لە بەرامبەردا، نەبوونی ئۆپەراسیۆن لە کاتی جەنگ بە بەڵگەی لاوازی یان شکستی پارتە بەرهەڵستکارەکان دابنێت، بەڵکو هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە زانیارییە مەیدانییەکان، کۆمەڵێک گریمانەی جیاواز تاقی بکاتەوە بۆ گەیشتن بە وەڵامی پرسیارەکان.
شەپۆلی هەڵکشانی هێرشی چەکداری لە تەموزی ٢٠٢٦
ژینگەی پێش هەڵکشان
پێش ئەوەی شەپۆلی دواهەمین پێکدادانە چەکدارییەکان دەست پێ بکات، بارودۆخی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ئێران تا ئاستێک ئارام و جێگیر بوو، بە تایبەتی بە بەراورددا بە چەند ساڵی پێشوو. لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاسایشی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣، فشارەکان لەسەر پارتە کوردییە چەکدارەکانی دژبەری ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوو. ئەم گۆڕانکارییانە بوونە هۆی سنوورداربوونی جوڵەی سەربازیی ئەو پارتانە و گواستنەوەی هەندێک لە بنکە و بارەگاکانیان بۆ ناوچەیەکی دوورتر لە هێڵی سنوور.
ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئێران  جێبەجێکرا؛ ڕێککەوتنێک کە ئامانجی سەرەکیی ئەوە بوو نەهێڵرێت خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
ئەم ژینگەیە بووە هۆی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەی پێکدادانی چەکداری کەم ببێتەوە و زۆربەی ڕووداوەکان تەنها لە چوارچێوەی پێکدادانێکی سنووردار بمێننەوە.
بەڵام لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ژینگەیەکی نوێی ستراتیژی دروست بوو. لەو قۆناغەدا، دامودەزگاکانی ئاسایشی ئێران سەرلەنوێ پێویستییان بە ڕێکخستنەوە هەبوو، لە کاتێکدا کە هەندێک لە پارتە کوردییە دژبەرەکانی ئێران لە ڕاگەیاندنە سیاسییەکانیاندا ئاماژەیان بە مافی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک دەربڕی  بەو پێیەی کە پێیان وابوو فشار و پێشێلکاری بەرامبەر چالاکوان و هاوڵاتی کورد بەردەوامە.
زنجیرەی کاتی هەڵکشان
پێکدادانی مریوان: لە ٢ی تەموزی ٢٠٢٦ لە سنووری شارۆچکەی مریوان بووە یەکەم مەیدانی ئەم شەپۆلە. لەو ڕۆژەدا پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و گرووپێکی چەکدار ڕوویدا. دەسەڵاتدارانی ئێران بە فەرمی ڕایانگەیاند کە یەکێک لە ئەفسەرانی هێزی سنوورپاریز لەو پێکدادانەدا کوژراوە. ئەو ڕاگەیاندنە گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە یەکەم دانپێدانانی فەرمی بە هەبوونی قوربانی مرۆیی لەم شەپۆلە نوێیەدا بوو و ئاماژەی بەوە دەدا کە بارودۆخ لە قۆناغی ئارامی و چاودێری تێپەڕیوە بۆ قۆناغی پێکدادانی ڕاستەوخۆ.هەرچەندە ئەم پێکدادانە لە ڕووی فراوانییەوە بەراورد بە ڕووداوەکانی دوایی سنووردارتر بوو، بەڵام دەکرێت وەک دەستپێکی زنجیرەیەک لە ڕووداوەکان بخرێتە بەرچاو کە دواتر بە شێوەیەکی بەردەوام فراوانتر بوون.
ئۆپەراسیۆنی بانە: لە ئێوارەی ٥ی تەموزی ٢٠٢٦ هێرشێکی چەکداری لە ناوچەی ڕەشەقەڵات لەسەر ڕێگای نێوان بانە و سەقز ئەنجامدرا و خاڵێکی پشکنین بووە ئامانجی هێرشەکە. دەزگا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ژمارەیەک لە هێزەکانیان کوژراون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. لە بەرامبەردا، هەندێک میدیای کوردی باس لە ژمارەیەکی زیاتر لەقوربانیی کرد، بەڵام تا ئێستا سەرچاوەیەکی سەربەخۆ ئەم ژمارانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
گرنگیی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەوەدایە کە یەکەم هێرش بوو کە بە فەرمی لەلایەن یەکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK)، بالی سەربازیی حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK)، بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆگیرا. ئەو هەنگاوە نیشانەی ئەوە بوو کە پژاک تەنها نەیویستووە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجام بدات، بەڵکو هەوڵی داوە پەیامێکی سیاسی و میدیایییش بگەیەنێت. لە ڕوانگەی تاکتیکییەوە، ئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنین نیشانەی گۆڕانێک بوو لە شێوازی کارکردن؛ واتە گواستنەوە لە پێکدادانی بەرگری یان بەرکەوتنێکی هەڕەمەکی بۆ هێرشێکی پلانبۆدانراو .
ج- شەڕی بەرەی مەهاباد–پیرانشار
پێکدادانەکانی ٦ و ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦ لە بەرەی مەهاباد–پیرانشار خاڵی وەرچەرخانی سەرەکیی ئەم شەپۆلی هێرشانە بوون. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، شەڕەکان چەندین ناوچەیان گرتەوە، لەوانە شارستێن، دولی قەڵەوەڕان، مامەشال، دەوروبەری کانی ولیزادە و ناوچەی هەوارەبا. یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم شەڕە، ماوەکەی بوو. بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێکدادانەکان بۆ نزیکەی دە کاتژمێر بەردەوام بوون، ئەوەش بەراورد بە زۆربەی پێکدادانەکانی پێشووتر کە زوو کۆتاییان پێ دەهات، گۆڕانکارییەکی بەرچاوە.
ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە هێزەکانی ئێران لەم شەڕەدا سوودیان لە تۆپخانە، کاتیۆشا، و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری وەرگرتووە. هەروەها چەندین جار هێزی پشتیوانیان بۆ ناوچەکە ناردووە. ئەوەش دەریدەخات کە شەڕەکە لە سنووری پێکدادانێکی بچووک دەرچووە و گۆڕاوە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانتر.
هەڵسەنگاندنی هەواڵگری
یەکەم: ئاماژە ستراتیژییەکان: بەپێی ئەو زانیارییانەی تا ئێستا لەسەر شەپۆلی هەڵکشانی تەممووزی ٢٠٢٦ بەردەستن، چەند ئاماژەیەکی ستراتیژی گرنگ دەردەکەون کە دەتوانن یارمەتی شیکردنەوەی ئاراستەی داهاتووی ئەم ململانێیە بدەن:
1.فراوانبوونی مەیدانی ئۆپەراسیۆنەکان: یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم شەپۆلە ئەوە بوو کە پێکدادانەکان لە ماوەیەکی کورتدا لە چەندین ناوچەی جیاوازی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان ڕوویاندا. ئەم بڵاوبوونەوەیە نیشانەی ئەوەیە کە هێزە چەکدارەکان توانیویانە لە چەند بەرەیەکی جیاوازدا لە یەک کاتدا چالاکی بکەن، ئەگەرچی ئەمە هێشتا بە مانای دەستپێکردنی کەمپەینێکی فراوانی سەربازی نییە.
2.گۆڕانی شێوازی ئۆپەراسیۆن: زۆربەی پێکدادانەکانی ساڵانی ڕابردوو بریتی بوون لە شەڕی سنووردار یان هەوڵی بەرگری. بەڵام لە شەپۆلی هێرشەکانی تەموزی ٢٠٢٦دا، بە شێوەیەکی پلاندانراو هێزە سەربازییەکانیان کردە ئامانج. ئەگەر ئەم شێوازە لە مانگەکانی داهاتوودا دووبارە ببێتەوە، ئەوا دەتوانێت نیشانەی ئەوە بێت کە بەشێک لە پارتە چەکدارەکان ستراتیژیی کاری خۆیان نوێ کردووەتەوە. بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانە بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بناسرێت.
3. بەردەوامبوونی توانای وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئێران: لەگەڵ هەموو ئەو پێکدادانانەدا، هێزەکانی ئێران نیشانیان دا کە توانای گواستنەوەی خێرای هێزی یارمەتیدەر، بەکارهێنانی تۆپخانە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامرازەکانی چاودێرییان هەیە.ئەمە نیشان دەدات کە هاوسەنگی هێزی سەربازی هێشتا لە قازانجی دەوڵەتی ئێرانە. هەربۆیە، ئەگەرچی پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات توانیویان هێرشی پلاندانراو ئەنجام بدەن، بەڵام ئەوە بە مانای گۆڕانی بنەڕەتی لە هاوسەنگی هێزەدان نییە. بەڵکو زیاتر ئاماژەیە بۆ توانای ئەو پارتانە لە دروستکردنی فشارێکی تاکتیکی لە ژینگەیەکی جوگرافیایی ئاڵۆزدا.
4.گرنگیی کات: لە نێوان هەموو ئاماژەکاندا، کاتی هەڵکشانەکە خاوەن گرنگی تایبەت بە خۆیەتی بەتایبەت ئەوەی هێرشەکان دوای تەواوبوونی جەنگ دەستیان پێ کرد، نەک لە کاتی جەنگ، کەئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بڕیاری جوڵەکە تەنها پەیوەندی بەهۆکاری سەربازییەوە نەبووە، بەڵکو زۆر ئەگەر هەیە کە هەڵسەنگاندنی سیاسی، هەواڵگری، ڕێکخراوەیی و هەروەها گوشاری جەماوەریش ڕۆڵیان هەبوو بێت لە پڕۆسەی بڕیارداندا.
دووەم: ئاماژەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە
ئەگەر بمانەوێت بزانین ئایا شەپۆلی هێرشەکانی تەموزی ٢٠٢٦ دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، یان تەنها ڕووداوێکی کاتی بووە، پێویستە لە مانگەکانی داهاتوودا کۆمەڵێک ئاماژە بەردەوام چاودێری بکرێن. گرنگترین ئەو ئاماژانە بریتین لە:
1.بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان بە هەمان ئاست. 
2.فراوانبوونی مەیدانی پێکدادان بۆ ناوچەی نوێ. 
3.زیادبوونی هاوئاهەنگی نێوان پارتە کوردییە بەرەهەڵستکارەکان. 
4.گۆڕانی جۆری ئامانجەکان، لە هێرش بۆ سەر بنکەکانەوە بۆ ئامانجە ستراتیژییەکان. 
5.گۆڕانی وتاری سیاسیی پارتەکان بە ئاراستەی ستراتیژییەکی نوێ. 
لە بەرامبەردا، ئەگەر ئەم ئاماژانە دووبارە نەبنەوە، یان هەڵکشانی چەکداری بوەستێنرێت، ئەوا زۆر ئەگەر هەیە ئەوەی ڕوویدا تەنها شەپۆلێکی سنوورداری کاتی بووبێت کە بارودۆخی دوای جەنگ دروستی کردووە.
سێیەم: هەڵسەنگاندنی کۆتایی
بەپشتبەستن بە هەموو زانیارییە بەردەستەکان تا کاتی ئامادەکردنی ئەم توێژینەوەیە، دەتوانرێت ئەم هەڵسەنگاندنانە بخرێنەڕوو:
یەکەم: ڕاستییە مەیدانییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەڵکشانێکی بەرچاو لەهێرشی سەربازی  بەراورددا بە ساڵانی ڕابردوو ڕوویداوە؛ چ لە ڕووی ژمارەی بەرەکانی پێکدادان و چ لە ڕووی جۆری هەندێک لە ئۆپەراسیۆنەکان.
دووەم: هێشتا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە کە بتوانێت بیسەلمێنێت هاوسەنگی هێزی سەربازی لەنێوان دەوڵەتی ئێران و پارتە کوردییە بەهەڵستکارەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە، چونکە هێشتا دەوڵەت لە زۆربەی بوارە سەربازییەکاندا باڵادەستی خۆی پاراستووە.
سێیەم: گرنگترین خاڵی شیکاری، کاتی هەڵکشانەکەیە. ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکان دوای جەنگ دەستیان پێ کرد، پرسیارگەلێکی گرنگ دەربارەی پەیوەندی نێوان ژینگەی سیاسی و بڕیاری سەربازی دروست دەکات، بەڵام هێشتا ناتوانرێت یەک تێڕوانین وەک وەڵامی کۆتایی وەربگیرێت.
چوارەم: ناتوانرێت بە دڵنیایی بگوترێت ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپەراسیۆنانە گەڕاندنەوەی شرعیەت یان دووبارە دروستکردنی هێزی بەرپەرچدانەوە بووە، هەروەها ناتوانرێت ئەم دوو فاکتەرەش لە هەڵسەنگاندنی بڕیارەکە دووربخرێنەوە.
پێنجەم: ئەوەی لە داهاتوودا یەکلاکەرەوە دەبێت، بەردەوامبوون یان وەستانی ئەم شێوازەی ئۆپەراسیۆنە. ئەگەر بەردەوام بێت، دەکرێت وەک نیشانەی گۆڕانێکی ستراتیژی بێت؛ بەڵام ئەگەر زوو کۆتایی پێ بێت، بەئەگەری زۆر تەنها شەپۆلێکی کاتی بووە.

کۆتایی
شیکردنەوەی هەڵکشانی شەپۆلی هێرشی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنها بە خوێندنەوەی ڕووداوە سەربازییەکان بە جیا لە بارودۆخی سیاسی و کاتەکەیان تەواو نابێت. ڕووداوەکانی تەممووزی ٢٠٢٦ دەریخست کە کاتی بەکارهێنانی هێز لە ململانێکاندا هەندێک جار گرنگترە لە قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان خۆیان، چونکە ئەوەی کەی، لە کوێ و بۆچی هێز بەکار دێت، دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەتر لە خودی ئۆپەراسیۆنەکە هەبێت. 
هیچ هۆکارێکی یەکلاکەرەوە ناتوانێت هۆکاری هەڵکشانی هیرشە چەکدارییەکانی دوای جەنگ ڕوون بکاتەوە. بەڵکو ئەوەی بەدی دەکرێت، تێکەڵبوونی ژمارەیەک هۆکاری جیاوازە؛ وەک گۆڕانی ژینگەی سیاسی، هەوڵی دووبارە دروستکردنی توانای بەرپەرچدانەوە، گەشەی توانای پارتەکان و هەروەها کاریگەریی ڕای گشتی. بەڵام، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە کە بتوانێت یەکێک لەم هۆکارانە بە هۆکاری سەرەکی بناسێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی