تەڵەی بەدیجیتاڵکردن لە سایەی داڕمانی نەختینەدا؛

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئیبراهیم حاجی زەڵمی

دواکەوتنی مووچە و دزینی سەدان ملیۆن دینار لە عێراق، نیشاندەری ئەوەیە کە سیستمی دارایی و بانکی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە ئێستادا بە یەکێک لە تاریکترین، ئاڵۆزترین و پڕقەیرانترین قۆناغەکانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت؛ چونکە ئەم کێشەیە تەنها گۆڕانکارییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی گەندەڵی سستماتیک (بنیادنراو)، ململانێی حزبی و بەکاڵاکردنی قوتی بنەڕەتیی خەڵکە. قەیرانی نەختینە و بارمتەگرتنی مووچە لەم نێوەندەشدا، بارگرانیی سەرەکیی ئەم داڕمانە داراییە لەسەر شانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە؛ بەهۆی کێشەی دواکەوتنی درێژخایەنی مووچە کە بووەتە دیاردەیەکی باو و جومگەکانی ژیانی هاوڵاتیانی ئیفلیج کردووە.

بەجۆرێک، کەمبوونی کوشندەی نەختینە (سیولە) بازاڕەکانی هەرێمی بەدەست نەبوونی پارەی کاشەوە ناڵاندووە، ئەمەش هێزی کڕینی تەخت کردووە و بێ متمانەییەکی قووڵی لای هاوڵاتیان دروست کردووە. لە لایەکی ترەوە، بارمتەگرتنی شایستە داراییەکان وایکردووە مووچەی فەرمانبەران، لەبری ئەوەی مافێکی یاسایی جێگیر بێت، ببێتە کارتێکی گوشاری سیاسی لە ململانێی نێوان بەغدا و هەولێردا کە باجەکەی تەنها هاوڵاتی سادە دەیدات.

ڕۆڵی بانکە ئەهلییەکان و سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا هاوکات، زیادبوونی بێسەروبەر و گوماناوی ژمارەی بانکە ئەهلییەکان لە عێراقدا نەک نەبووەتە هۆی بوژانەوەی کەرتی وەبەرهێنان، بەڵکو زۆربەیان بوونەتە مەکینەیەک بۆ قۆستنەوەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراو لە بانکی ناوەندی. ڕەفتاری نادروستی ئەم بانکە ئەهلییانە وایکردووە بەشێکی زۆری نەختینەی دینار لە بازاڕی ناوخۆ کۆبکەنەوە بە ئامانجی کڕینی دۆلار و گواستنەوەی سەرمایە بۆ دەرەوەی وڵات، کە ئەمەش پێی دەوترێت (ڕاکردنی سەرمایە). ئەم کارە نایاساییانەش سەرەنجام سزای توندی واشنتۆن و گەنجینەی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک دەیان بانکی ئەهلیی عێراقی بەهۆی تێوەگلان لە قاچاخچێتی دراو و سپیکردنەوەی پارە بۆ وڵاتانی دراوسێ خرانە لیستی ڕەشەوە. دەرەنجامەکەی بووە هۆی بلۆکبوونی قەبارەیەکی گەورەی نەختینەی بیانی و شڵەژانی توندی بەهای دینار لە بازاڕی هاوتەریبدا، کە ڕاستەوخۆ بووە هۆی گرانبوونی بژێوی و شێواندنی زیاتری پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.

ململانێی هەژماری من و تەوتین لە پاڵ ئەوەشدا، پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە کە لە جیهاندا بۆ ئاسانکارییە، لە عێراق و هەرێمدا بووەتە کێشەیەکی تر؛ چونکە ململانێی نێوان پڕۆژەی (هەژماری من) لە هەرێم و پڕۆسەی (تەوتین)ی بەغدا لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانەوە (وەک بانکی ڕەشید و ڕافیدەین) گەمەیەکی سیاسی قووڵە. هەر ئەمەشە کێشەکە کە هاوڵاتیان متمانەی کلتوری و داراییان بە بانکە ئەهلییەکانی ناو پڕۆژەی هەژماری من وەک پێویست نییە؛ چونکە مەترسی ئەوەیان هەیە لە کاتی هەر تەنگژەیەکدا نەتوانن پارە کاشەکەی خۆیان بکێشنەوە، و ململانێی یاسایی و سیاسی نێوان هەردوو پڕۆژەکەش تەنها بووەتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی دواکەوتنی مووچەکان. گەندەڵی بنیادنراو و بەهەدەردانی سەرمایە هاوكات لەگەڵ قەیرانی سیوولە، زنجیرەیەک دۆسیەی گەورەی گەندەڵی و دزینی سەدان ملیۆن دینار لە ناو سیستمی بانکیی عێراق و هەرێمدا ئاشکرا بوون، کە تێیدا چەندین بەرپرس، خاوەن بانک و بازرگانی سەر بە پارتە سیاسییەکان تێوەگلاون. ئەمەش بەشێوەیەک کە لە ڕێگەی (قەرزی مردوو/دیون معدومە)، پارەی کاش و نەختینەی نیشتمانی بەهۆی پێدانی قەرزی بێ گەرەنتی بە کۆمپانیاکانی سێبەر و ساختەکاریی فەرمی لە ناو خودی بانکە ئەهلی و حکومییەکاندا بەهەدەر دەدرێت.

ئەم تاڵانکردنی بودجەیە، کاتێک سەدان ملیۆن دیناری هاتووی مووچە یان بودجەی پڕۆژەکان دەخرێتە خزمەت بەرژەوەندیی تاقمە مافیا سیاسییەکان، سیستمی دارایی لە کەرتی هاوکاریکردنی هاوڵاتیانەوە دەگۆڕێت بۆ کەرتی دۆشینی سەرمایەی نیشتمانی. لێرەوەو داواجار، دەرەنجامەکە ئەوەیە کە هەتا ئەو کاتەی سیستمی دارایی و دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران لە کێڵگەی ململانێی حزبی و تەڵەی بانکە سزادراوەکان دەرنەهێنرێت، پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن تەنها وەک دەمامکێک دەمێنێتەوە بۆ شاردنەوەی قەیرانی ڕاستەقینەی نەختینە؛ چارەسەری ڕیشەییش پێویستی بە شەفافییەت، سەربەخۆیی بانکە حکومییەکان و دوورخستنەوەی قوتی خەڵکە لە هاوکێشە سیاسییەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی