هەگبەی زەیدی لەکۆشکی سپی !

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار شاوەیس

بە هەگبەی قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و راوەدوونانی گەندەڵەکاران، هەرەشەی چەککردنی میلیشیا زۆر و زەوەندەکان ، سنگ دەرپەراندن بەرامبەر عەراقچی ، بریارە عەلی زەیدی سبەی بچێتە کۆشکی سپی و لەوێ میوانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکابێت. ئەم سەرۆک وەزیرانە گەنجە تازە ناسراوەی دنیای سیاسەت کەبەهەفتەیەک بەر لەوەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات لەعیراقدا ، هیچ پەیوەندیەکی راستەوخۆی بەهیچ لایەنێکی سیاسیەوە نەبوو و رۆژێک لەرۆژان ئەندامی حیزب یان لیستی پەرلەمانی یان پۆستی حکومی نەبوە ، بەڵکو وەک بسنزمانێک کەبەرێژەیەکی سنووردار ناوەکەی دەهات و دەچوو، ئێستا بوەتە جێ سەرنجی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق و لەدوای سەردانەکەیشی بۆ واشنتن پێدەچێ جێپەنجەی زیاتر قایم بکات و دەسەڵات و پاوەری بچێتە قۆناغێکی نوێوە.

ئەگەر کەمێک دیقەت بدەین دەبینین کە بەراورد بەسەرۆک وەزیرانی پێشتر ، پێدەچێ ئیدارەی ئەمریکا و خودی ترەمپ ئومێدی زۆریان لەسەر هەڵچنیوە و جگە لەپیرۆزباییە گەرمەکانی کۆشکی سپی و دەربرینی پشتیوانیە بەردەوامەکانی کە هەر لەسەرەتاوە بە ئازادکردنی ملیاران دۆلاری عیراق دەستی پێکرد ئەوەتا بەر لەتەواوکردنی دانانی ئەندامانی کابینەکەی پێشوازی لێدەکرێت، لەکاتێکدا کەهەریەک لە عەبادی، عبدالمهدی، کازمی و سودانیش لەکۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبینران. پرۆسەی دۆزینەوە و دانانی زەیدی کەبەفلتەری تۆم باراک- فائیق زیدان پاڵاوتەی بۆکراوە، لێکەوتەی توند لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی جێدەهێڵێت.

چونکە لەلایەکەوە لەناوخۆی عیراق بەهەڵمەتی دەستگیرکردنی دەیان بەرپرسی پلە باڵا لەپەرلەمانتار و وەکیل وەزیر و وەزیری کۆن و بەرێوەبەری گشتی تا خوارەوە دەستی کردوەتە ناو کونی زەردەواڵە و لەئاستی ئیقلیمیشدا بەوتنی ( ئایا ئێوە رێگەدەدەن من لەئێران گروپی چەکدار دروست بکەم بە عەباس عەراقچی ) مەیدانی ململانێکانی قوڵ و توندتر کردوەتەوە. ئەمە جگەلەوەی کەبەهەرەشەی چەکدانان بە میلیشیاکان و گەرانەوەی چەکەکانیان بۆ دەوڵەت تا کۆتایی ئەیلولی داهاتوو. وە نوێکردنەوەی رێکەوتنی ستراتیژی ئەمنی نێوان عیراق و ئەمریکا، گواستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان بەغداد و واشتنتن لەئیدارەدانی قەیرانەوە بۆ هاوبەشی ئابووری درێژخایەن. زەیدی هێشتا لەبەغدایە و گەشتەکەی دەست پێنەکردوە، بەڵام ئەم بەلاداکەوتنە بێ چەندوچۆنەی عەلی زەیدی لەململانێ توندەکانی نێوان تاران و واشنتن و رانەگرتنی پارسەنگی نێوان هەردوولا، ئەگەر لەرووکەش و لەقوڵایدا وەک یەک بێت و جیاواز نەبن ئەوا ئاکامی ئەم کابینەیە باش نابێت و لەئایندەی نزیکدا رووبەرووی ئاستەنگ دەبێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی