جەنگی ئێران، قوفڵی شەڕە درێژخایەنەکانە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەژار سدیق


ئەم خولەی جەنگی ئێران و ئەمریکا، یەکلاییکەرەو لەهەمان کاتیشدا، هەستیارو ئاڵۆزە، ئێستا بەشێکی زۆری شیکەرەوە ڕۆژنامەوانی و سیاسی و ستراتیژیەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
تێڕوانین بۆ ڕەهەندە ناوخۆییەکانی هەڵگیرساندنی شەڕی ئەم دواییە، سوپای پاسداران بە هەڵگیسێنەری تۆمەتبارکراوە، جێگەی سەرنجە، چونکە دانوساندنەکانی سویسرا زۆر دادپەروەرانەبوو، دۆڕاو و سەرکەوتووی تێدانەبوو.
ئایا ئامانج چیبوو لەخولێکی دیکەی شەڕ ؟؟؟
ئایا ئامادەکاری بوو بۆ ڕێگەگرتن و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی لەدوای جەنگ دروست دەبن ؟؟؟
درێژەدان بەجەنگ سەرنجی شەقام دوورناخاتەوە لەکێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، پەنابردن بۆ دروستکردنی دۆخی نائاسایی و شەڕ، پێگەی هیچ دەسەڵاتێك قایم ناکات.
لەم ڕوانگەیەوە، سوپای پاسداران لە ڕێگەی نیشاندانی خۆی وەك "پارێزەری نیشتمان" هەوڵ دەدات شەرعیەتی خۆی لە ناوخۆدا نوێ بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر باجی ئەم کارە تێچوویەکی زۆری سەربازی و ئابووریی بۆ وڵاتەکەش هەبێت.
لە ڕوانگەیەکی ستراتیژیدا، پاسدار هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت، کە تاکە هێزە دەتوانێت ڕێگری لە داڕمانی تەواوەتی بکات، بەڵام ئەم سیناریۆیانە لەم قۆناغەدا زیاتر وەك هەوڵێك دەردەکەون بۆ هێشتنەوەی پێگەی دەسەڵات لەژێر سێبەری دۆخێکی ناسەقامگیردا، بەڵام گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم ئەم سیاسەتەدا، ئەو بۆشاییەی نەبوونی متمانە کە لەنێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەی ئێراندا دروست بووە، کە بە تێپەڕبوونی کات قووڵتر دەبێتەوە.
ئەوەی جڵەوی شەڕی بەدەستە، نابێ بەتەنیا بیر لەژمارەی دڕۆن و  ڕۆکێتە دوور هاوێژەکانی بکاتەوە، ئەگەر ئەم خاك و ئاو و ئاسمانەش بەهی خۆی بزانێت، پێویستە بیر لەژمارەی خەڵك و شەقام و شۆستەکانیش بکەیتەوە، کە چییان پێویستە ؟؟؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی