ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان قسەی زۆر لەسەر "قۆناغێکی نوێ لە تەعریب" دەکرێت. زاراوەی تەعریب بەکار دێت بۆ ئەم قۆناغە. ئەم پرس و دیاردەیە، هەقوایە توێژینەوەی زۆر و ماستەرنامە و دکتۆرای لەسەر ئەنجام بدرێت و قسەی زۆر هەڵدەگریت، بەڵام ئەمن لێرە زۆر بەکورتی ئاوڕێک لەو پرسە دەدەمەوە چونکە هەڵە تێگەیشتنێکی گەورە هەیە.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، بەتایبەتی لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ناکرێت و نابێت وەک تەعریب تەماشا بکرێت و ناوی تەعریبی بەسەردا بسەپێنرێت چونکە تەعریب سیاسەتێکی سیستەماتیکی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی عێراق بووە، کە لەسەردەمی مەلەکی دەستی پێ کردووە و لەسەر دەستی حیزبی بەعس و سەدام حوسێن گەیشتۆتە ترۆپ. تەعریب سیاسەتێکە کە دەوڵەتی عێراقی پلانی بۆ داناوە و دایڕشتووە و و جێبەجێی کردووە و دەیکات، مەبەست لێی گۆڕینی دیموگرافی باشووری کوردستان بووە، ئەویش بە دەرپەڕاندنی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و نیشتەجێ کردنی عەرەب لە جێگەیان. ئەمە تەعریبە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێم ڕوودەدات، ئەمە نییە.
ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات لە بیست ساڵی ڕابردوودا، "بەعەرەببوون" و "خۆبەعەرەبکردنە"، کە پێنج ساڵ دەبێت باسی ئەو شتە دەکەم. جیاوازییەکان زۆرن بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە: لەکاتێکدا کە تەعریب لە ئاکام و دەرئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقییە، بەعەرەببوون لە ئاکام و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمە، کە زۆر هۆکاری لە پشتە، بەڵام لە هەموویان سەرەکیتر سیاسەتی خۆدەوڵەمەندکردنی خێرای کۆمەڵێک سەرمایەداری حیزبی و دەسەڵاتدار و چەند کەسێکی نزیک لە حیزبە باڵادەستەکانی هەرێم بووە. ئەویش بە فرۆشتنی خانووبەرە بەبێ هیچ بیرکردنەوە و پلان و سیاسەتێک، قازانجی خێرا و نابەرپرسانە نەبێت.
لە ئاکامی ئەم سیاسەتەدا خەڵکێکی زۆر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق هاتوونەتە کوردستان. من ناوم لەوە ناوە "بەعەرەببوون"، واتە دیاردەیەک کە دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەدی "خۆبەعەرەبکردن" چییە؟ لە ڕاستیدا، "خۆبەعەرەبکردن" کردار و ڕەفتاری خەڵکی سادە و بازاڕی کوردستانە. لێرە مەبەستم هەڵسوکەوتی خەڵکی سادەی هەرێمە چ کڕیار بن، چ فرۆشیار.
با وردتر قسە بکەین. لە ئاکامی هاتنی خەڵکێکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان، بەکاربەرێکی زۆر عەرەب لە بازاڕەکانی کوردستان دا هاموشۆی دوکان و چێشتخانە و مارکێتەکانی کوردستان دەکەن. خاوەنی ئەو بیزنسانەش بۆ سەرنجڕاکێشانی بەکاربەر و کڕیارە عەرەبەکان خۆیان فێری عەرەبی دەکەن، یان کارمەندی عەرەبی لە بیزنسنەکانیان دادەمەزرێنن. ئەمەش وای کردووە، کاتێک کڕیارێکی عەرەب دەچێتە بازاڕ ئەوە خاوەن دوکانەکە بە عەرەبی قسە لەگەڵ کڕیارەکە/بەکاربەرەکە بکات.
لە هەمان کاتدا، بەشێکی زۆر لەو عەرەبە نیشتەجێیانەی کوردستان بیزنسیان کردۆتەوە لە کوردستان، واتە دوکان و چێشتخانە یان نمایشگەیان داناوە، کاتێکیش کوردێک دەچێتە لای ئەمانە وەک بەکاربەر یان کڕیار، دیسانە ئەوان بە عەرەبی لەگەڵ کوردە بەکاربەر و کڕیارەکە دەکەن. بە واتایەکی دیکە، کورد ئێستا لە هەرێمی کوردستان، بەکاربەر بێت، کڕیار بێت یان فرۆشیار، ئەوە دەبێت بە عەرەبی قسە بکات. ئەمەش من ناوم ناوە: "خۆبەعەرەبکردن".
بەکورتی، "بەعەرەببوون" دەرئەنجامی سیاسەتی سەقەت و بێپلانی حکومەتی هەرێمە کە هاتنی عەرەبێکی زۆری لێکەوتۆتەوە و دیاردەی "بەعەرەبوونی" بەرهەمهێناوە. بەعەرەبوونی هەرێمیش وای کردووە کە خەڵکی هەرێم لە کوردستان لەبری کوردی لە بازاڕ و مۆڵەکان و دوکانەکاندا زمانی عەرەبی بەکاربێنن، ئەمەش "خۆبەعەرەکردنی" لێکەوتۆتەوە.
بۆیە، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات تەعریب نییە و دەوڵەتی عێراق لێی بەرپرس نییە، بەڵکوو خەتای حکوومەتی هەرێمە، لەبری "تەعریب" دەبێت وەک "بەعەرەببوون" و "خۆبەعەرەبکردن" ناوزەد بکرێن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی