ئایا زەیدی دەتوانێت سیستەمی سیاسی ئیدارەدانی دەوڵەت بگۆڕێت؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڤاڵ عارف



لە بنەڕەتدا دیاریکردنی زەیدی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، تەنها هەنگاوێک نەبوو بۆ تێپەڕاندنی گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەت، ئەزموونەکانی پێشوو لەگەڵ عەبدولمەهدی، کازمی و سودانی، کە لەسەردەمی خۆیاندا تەنها وەک کاندیدی چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی بنبەستەکان  هێنرانە پێشەوە، بەدیاریکراوی کەسێتی سوودانی ترسێکی گەورەی لای هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەکە دروستکردبوو لە دەرکەوتنی کارەکتەرێکی ڕکابەر، کە ببێتە سەرئێشە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان.

بۆیە زیاتر لەسەر ئەم بنەمایە، بڕیاریاندا سەرمایەدارێکی بێ پاشخانی سیاسی بهێننە پێشەوە، ستراتیژییەتەکە بریتی بوو لە پابەندکردنی تەواوەتی ئەم کەسایەتییە نوێیە بۆ ئەوەی لەبری سەرۆکوەزیرانێکی خاوەن بڕیار، وەک فەرمانبەرێک لەژێر دەستیاندا بمێنێتەوە و هیچ مەترسییەکی سیاسییان بۆ دروست نەکات.

بەڵام پێدەچێت ئەو سەرۆکوەزیرانەی چاوەڕوان دەکرا کارەکتەرێکی پەراوێزخراو و بێ پێشینەی سیاسی بێت، بە جوڵە و بڕیارەکانی لەم ماوە کەمەدا، تەواوی حیساباتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تێپەڕاندبێت، جونکە ئەم جۆرە لە ئەدای حوکمڕانی، نەک تەنیا ستراتیژی پابەندکردنەکەی بەئاراستەی پووچەڵ کردنەوە بردووە بەڵکو بە جوڵاندنی ئەو مەلەفانەی بۆ کابینەکانی پێشوو هێڵی سووربوون، ڕاستەوخۆ هەژموونی هێزە تەقلیدییەکانی خستووەتە بەردەم ئاڵنگارییەکی جدییەوە، پێشهاتێک لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا، دەکرێت ڕۆڵی بەشێک لە سەرکردە باڵاکان پاشەکشە پێبکات و مەرجەعییەتی بڕیاردان لە هێزە سیاسییەکانەوە بۆ سەنتەری دامەزراوەیی دەوڵەت بگوێزێتەوە، هەڵبەتە ئەگەر ئەمانەی ڕوودەدەن شانۆگەری سیاسی نەبن.

ئەوەندەی تێبینی کراوە ڕەهەندە پراکتیکییەکانی ئەم شێوازە نوێیەی حوکمڕانی، لە دوو ئاراستەی سەرەکیدا ڕەنگیان داوەتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆ، جوڵە خێراکانی دژ بە تۆڕەکانی گەندەڵی و بەکارهێنانی گوتارێکی ڕوون بۆ سنووردارکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتن، هەوڵێکن بۆ سەپاندنەوەی هەیبەتی دامەزراوە فەرمییەکان، لەسەر ئاستی دەرەکییش، مامەڵە جیاوازەکەی و بەریەککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران، ئاماژەیە بۆ خواستێکی نوێ بە مەبەستی دروستکردنی سەربەخۆیی لە بڕیاری سیاسی بەغدا و پێداچوونەوە بە شێوازی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەدەر لەو بنەما تەقلیدییانەی پێشتر کاریان پێدەکرا.

بەدیوێکی دیکەدا و لە پاڵ ئەم جوڵە ناوخۆیی و هەرێمایەتییانەشدا، ئامادەییە بەهێزەکەی زەیدی لە کۆشکی سپی و وەسف و پێداهەڵدانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەسایەتی و هەنگاوە سەرەتاییەکانی، سەنگێکی نێودەوڵەتی و تەوژمێکی دیکە بە ناوبراو دەبەخشێت و وەک کارتێکی بەهێز، ڕووبەری مانۆڕی سیاسیی بۆ فراوان دەکات و توانای بەرپەرچدانەوەی فشارە ناوخۆییەکانی پێدەدات بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی نوێی حوکمڕانی، لەهەمانکاتدا بەرپرسیارێتیی سەر شانیشی قورستر دەکات و دەیخاتە بەرەم تاقیکردنەوەیەکی ئاڵۆز، دەرئەنجام، ئەو کارەکتەرەی هێزە سیاسییەکان دەیانویست تەنها وەک فەرمانبەرێک ئاراستەی بکەن، خەریکە دەبێتە ژمارەیەکی قورس و ڕەنگە تەواوی هاوکێشەکە و هەژموونی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵبگێڕێتەوەو مێزەکەیان بەسەردا قەڵپ بکاتەوە،

لەگەڵ ئەوانەشدا، داخلبوونی ئەم قۆناغە ئاڵۆزە لەلایەن زەیدیەوە و دەستبردن بۆ بژاردە هەستیارەکان پێناچێت بێ باج تێپەڕێت، بەڵکو گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت دەرگای بەریەککەوتنێکی توند و کراوە لەگەڵ سەرجەم ئەو هێزانەدا بکاتەوە، کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە لە ئەگەری توندبوونەوەی کاردانەوەکان و مانەوەی زەیدی بەتەنیا لە گۆڕەپانەکەدا، ئایا دەتوانێت هەرەس بە سیستمی بەرخۆری و پشک پشکێنەی سیاسیی ئێستای عێراق بهێنێت و مۆدێلێکی نوێ بونیاد بنێت، یان لانی کەم هەموارێکی ڕیشەیی تێدا بکات؟ سیستمێک، کە هێزە باڵادەستەکان لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە کاری لەسەر دەکەن و وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە تەواوی جومگەکانیان پێ تەنیوە و هەموو کایەکانی دەسەڵاتیان تێدا بۆ خۆیان قۆرخ کردووە، یان ئەویش لەنەتیجەدا لەناو هەمان ئەو تۆڕە ئاڵۆزەدا نقوم دەبێت و ناچار دەکرێت خۆیشی ببێتە بە بەشێک لە خودی سیستمەکە؟

سەرئەنجام قۆناغی داهاتوو تەمومژی سەر وێنەکەمان بۆ لادەبات و دەریدەخات، کە ئایا ئەم هەنگاوانەی زەیدی تەنیا ڕووکەش و مانۆڕی کاتین و لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی هەمان ڕۆڵی فەرمانبەرەکەدا دەمێنێتەوە؟ یان جادووەکە بەسەر جادووگەردا هەڵدەگێڕێتەوە و سەرباری فشارو سەختییەکانی رێگەی دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی ڕیشەیی لە عێراقدا؟
بێگومان وەک ئاماژەمان پێکرد لە ئەگەری دووەمدا، گۆڕەپانەکەی بۆ تەخت نابێت و ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە، پرۆسەیەک ئەگەرچی مەحاڵ نییە، بەڵام یەکجار قورسە و بە ئاسانی تێناپەڕێت، باچاوەڕوان بیـــن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە