سیاسەتی نەخۆش گۆڕانکاری تەندروستی لێ بەرهەم نایەت

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دەشتی بەرزەواری


کاتێک دەڵێین «سیاسەتی نەخۆش»، مەبەست تەنیا کەمتەرخەمیی ئیداری نییە، بەڵکو مەبەست لە سیستەمێکە کە بنەما فکری و سیاسییەکانی تووشی ئیفلیجی یان گەندەڵی بوون. لە سیستەمێکی وەهادا، چاکسازیی تەندروستی نایێتە بواری جێبەجێکردن، بەڵکو دەبێتە دروشمێکی جوانی بریسکەداری ناوەرۆک‌بەتاڵ.
لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، تەندروستی تەنیا چەمکێکی پزیشکی یان بایۆلۆجی نییە، بەڵکو چەمکێکی سیستەمی و سیاسییە؛ کاتێک دەسەڵات لە ڕێگەی بڕیارەکانییەوە کۆنترۆڵی جەستە و تەندروستیی تاکەکان دەکات، ئەگەر ئامرازی بڕیاردان (سیاسەت) خۆی نەخۆش و داڕزاو بێت، ناکرێت چاوەڕێی بەرهەمهێنانی تەندروستی و چاکسازی لێ بکرێت.
مێژووی حوکمڕانی و گەشەی کۆمەڵگەکان سەلماندوویەتی کە هیچ چاکسازییەکی بنەڕەتی لەسەر ژێرخانێکی ڕزیو و پڕ لە قەیران دروست نابێت. کاتێک ئامرازی بڕیاردان و جومگەکانی دەسەڵات خۆیان تووشی داڕمان و «نەخۆشیی ناوەکی» بووبن، دروشمدان بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری، جۆرێک دەبێت لە خۆخەڵەتاندن و بەفیڕۆدانی کات.
ناتوانرێت بە هەمان ئەو عەقڵیەت و ئامرازانەی کە قەیرانەکەیان دروست کردووە، چارەسەر پێشکەش بکرێت. سیاسەتی نەخۆش، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تەسک، گەندەڵی و نەبوونی شەفافییەت دامەزراوە، بەردەوام لە هەوڵی ڕاگرتنی دۆخی هەنووکەییدایە. لە ژینگەیەکی وەهادا، هر پڕۆژەیەکی چاکسازی پێش ئەوەی بەرهەم بدات، لەناو ململانێ و بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکاندا تووشی ئیفلیجی دەبێت.
لە فەلسەفەی سیاسیی بونیادگەریدا، کاتێک سیاسەت تووشی نەخۆشی دەبێت، ئەوکات دیدگای کورتخایەن جێگەی دیدگای درێژخایەن دەگرێتەوە؛ بڕیارەکان تەنیا بۆ خامۆشکردنی قەیرانە کاتییەکانن، نەک بۆ چارەسەری ڕیشەیی.
بازاڕگەرمیی بازرگانی دەخرێتە پێش مافی مرۆڤ، نەخۆشخانە و دەرمان لە سەرمایەی گشتییەوە دەبنە کاڵای بازرگانی. نایەکسانی و بێدادی جێگای دادپەروەری دەگرێتەوە؛ زۆرینەی کۆمەڵگە لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش دەبن، خزمەتگوزاریی کوالیتی‌نزم بە نرخێکی زۆر بەرز دەدرێت بە زۆرینەی کۆمەڵگە، وەک ئەو کارەبا ٢٤ کاتژمێرییەی بەناو هەیە، کە وەک ترافیکی سەرشەقامی لێهاتووە و لە کاتژمێرێکدا دە جار دەکوژێتەوە؛ یان نەبوونی ئاو کە هەموو ساڵێک خەڵکی شارەکانی کوردستان هاواریان لێ هەڵدەستێت لە بێئاوی، جگە لەوەی نرخی ئاو چەندین جار بەرز بۆتەوە. تەنیا چینی خاوەن دەسەڵات و سەرمایەدارەکانی سەر بە دەسەڵاتن کە دەتوانن بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزاریی کوالیتی‌بەرز بگات.
ئەوەی ئێستا لە کوردستان بەناوی چاکسازی دەهۆڵی بۆ دەکوتن و هەندێک لە بەرژەوەندخواز و ناحاڵی پێی هەڵدەپەڕن، جگە لە نمایشێکی ڕواڵەتی بۆ خەڵەتاندنی چینی هەژار شتێکی دیکە نییە. چونکە دەسەڵاتی نەخۆش لە چاکسازیی ڕواڵەتیدا (Cosmetic Reform) زۆرجار هەوڵ دەدات بە دروستکردنی چەند بینایەکی نوێ یان کڕینی ئامێری هاوچەرخ بڵێت چاکسازیم کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژێرخانی بڕیاردان و بەڕێوەبردنەکە گەندەڵە، ئەو ئامێرانە یان بێ کەڵک دەمێننەوە یان دەکەونە خزمەتی کەرتی تایبەتەوە.
چاکسازی ئەوە نییە کە تۆ نرخی کاڵایەک لە بازاڕدا سێ بەرامبەر زیاتر لە نرخی ئاسایی بەرز بکەیتەوە، دواتر بەناوی نەهێشتنی گەندەڵی و قۆرخکارییەوە دابەزێنیت، کە هێشتا دەبێتە دوو بەرامبەری نرخی ئاسایی لە بازاڕدا! بۆ نموونە، ئەو غەدرەی ئێستا بەناوی هەرزانکردنی بەزین لە هاووڵاتییانی هەرێم دەکرێت. دەسەڵاتداران لەگەڵ دەڵاڵەکانیان هاتن سناریۆیەکیان داڕشت، نرخی غاز و بەنزینیان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا فڕاند، کە نرخەکەی لە هەموو جیهان گرانتر کرا؛ سێ بەرامبەر و نیوی نرخی بەنزین لە بەغدا بە هاووڵاتییانی هەرێم دەفڕۆشنەوە، لە کاتێکدا بەنزینەکە هی خۆمانە، پاڵاوگە هی خۆمانە و حکومەت خۆی دەیهێنێتە بازاڕەوە، ئیتر ئەوە بێوەژدانییە بۆچی؟! دواتر بۆ پەردەپۆشی ئەو غەدرە، بەنزین دابەزێنن و بیکەنە ٨٥٠ دینار کە هێشتا دوو قاتی حکومەتی بەغدایە! بە هەمان شێوە لە کەرتی خزمەتگوزارییەکانی تردا هەمووی چەند بەرامبەری حکومەتی بەغدا لە هاووڵاتیی کوردستان وەردەگرن.
یان ئەوەی لە کەرتی تەندروستیدا دەکرێت؛ خراپیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە کەرتی گشتیدا بۆ ئەوەیە خەڵک ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن، کە نرخەکەی چوار قات زیاترە. لە کاتێکدا تەندروستی تەنیا دەرمانخواردن، دەرزی‌لێدان یان بوونی نەخۆشخانە نییە، بەڵکو ئاوی پاک، هەوای خاوێن، ئاسایشی دەروونی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە. کاتێک سیاسەت خۆی هۆکاری پیسبوونی ژینگە و تێکدانی ئاسایشی دەروونیی هاووڵاتی بێت، چۆن دەتوانێت لە چوارچێوەی نەخۆشخانەدا تەندروستییەکی باش بۆ نەخۆش بەرجەستە بکات؟
لە ڕاستیدا سیستەمی سیاسیی نەخۆش متمانەی هاووڵاتی دەکوژێت؛ لە ئاسەوارە دیارەکانیشی بێ‌باوەڕیی خەڵکە بە ڕێنماییە پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان.
گۆڕانکاری لە سێکتەرەکانی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تر بە پۆڵیشکردن دەست پێناکات. بۆ نموونە، چاکسازی لە کەرتی وزە تەنیا بە دابەزینی نرخی غاز، بەنزین و کارەبا دەست پێناکات، بەڵکو بە بەرزکردنەوەی کوالیتی و دادپەروەری لە دابەشکردنی یەکسان بەسەر تەواوی چینوتوێژەکاندا دەست پێدەکات؛ یان چاکسازی لە بواری تەندروستیدا بە کڕینی دەرمان یان بەکارخستنی بڕێک بودجەی زێدە دەست پێناکات، بەڵکو بە چاککردنەوەی ژینگەی سیاسی و ئیداری دەست پێدەکات.
تەندروستیی جەستەی کۆمەڵگە، ئاوێنەی تەندروستیی ئەقڵیی دەسەڵات و سیاسەتە. تا ئەو کاتەی سیاسەت لە سەرچاوەکەیەوە پاک نەکرێتەوە، هەر هەوڵێک بۆ چاکسازیی تەندروستی تەنیا وەک ڕازاندنەوەی دارەمەیتێک دەمێنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی