لەنێوان شەڕو ئاشتیدا، چارەنوسی ناوچەکە بەرەو کوێ؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڤاڵ عارف

گورزی سەربازی لە شەوان و مێزی گفتوگۆ لە ڕۆژدا ئەمە تابلۆ نوێیەکەی دۆخی ئێران و ڕەوشی ناوچەکەیه، لە دوای وەستانی جەنگە چل ڕۆژەییەکە و گەڕانەوە بۆ بژاردەی دیپلۆماسی و پاشان واژۆکرنی لێکتێگەشتنێکی سەرتایی ناچاری لەنێوان هەردوو لادا،  لەئێستادا ململانێکانی نێوان واشنتۆن و تاران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستووەتە نێو تەمومژێکی قوڵ و چارەنوسێکی نادیارەوە، ئاراستەی ڕوداوەکان هێندە خێرا و دژبەیەکن،  لێکدانەوە و پێشبینی بۆ کردنیان ئەستەمە و زەحمەتە هیچ گریمانەیەکیشان لەسەر بونیاد بنرێت، چونکە هەندێک جار لە یەک رۆژدا هەڕەشەی توند و بۆردومانی قورس ڕودەدەن، لە هەمان ڕۆژیشدا دەگەڕێنەوە بۆ ئاگربەست و بژاردەی مێزی گفتوگۆ، ئەم هاوکێشە دژبەیەکەش، کە تێیدا گورزی سەربازی و دیپلۆماسی بەردەوام جێگۆڕکێ دەکەن هیچ گرەنتییەکی بۆ سەقامگیری و ئارامی فەزای گشتی نەهێشتوەتەوە و وای کردوە گۆڕەپانەکە بەردەوام لە لێواری جەنگێکی کراوەدا بێت.

مەترسی ئەم قۆناغە لەوەدایە، نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە کەوتوەتە نێوان بەرداشی دوو بژاردەی شکستخواردوەوە، نە زەبری سەربازی توانی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی هیچ جەمسەرێک یەکلایی بکاتەوە، نە مێزی دانوستانیش توانی زەمانەت و بەرجەستەی ڕێککەوتنێکی واقیعی و گێڕانەوەی سەقامگیری بکات، قەتیسمانی هەل ومەرجەکەش لە فۆرمی (نە جەنگ ، نە ئاشتی)  ئاسایشی ئیقلیمی و سەروەری دەوڵەتانی ناوچەکەی کردوەتە بارمتەی قەیرانێکی نوێی تەمومژاوی و پێشبینینەکراو.

پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ نێو ئەم ئاڵۆزییانە، کرۆکی ستراتیژییەتی سیاسەتی ئێستای ئێرانە و ئامانج لێی سەپاندنی هاوکێشەیەکی نوێیە بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تاکو پێیان بڵێت (یان سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە، یان باجدان و وێرانکاری بۆ هەموان) بۆیە بەر مەبنای ئەم سیاسەتە، تاران ململانێ دوقۆڵییەکانی لەگەڵ واشنتۆن هێناوەتە دەرەوە و پڕیشکی ئاگرەکەی بەسەر هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا پەرت کردوە، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو و شانشینی ئوردن، کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە باجی ئەم ناسەقامگیرییە دەدەن و بونەتە سەنگەری پێشەوەی بەرکەوتنی لێکەوتەی کاردانەوەکانی ئێران، لەهەمانکاتدا هەرێمی کوردستانیش  بەبێ هیچ پاساوێکی لۆژیکی  ڕوبەڕوی هەمان و دۆخ و دەستدرێژی بوەتەوە.

ئەوەی زیاتر بوەتە مەترسی و دڵەڕاوکێ ئەوەیە، کە لێکەوتەکانی ئەم دۆخە تەنیا لە پێشێلکردنی پارێزبەندی و تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەدا کورت نەبونەتەوە، بەڵکو زەبرێکی کوشندەشیان لە ئابوریەکەی  وەشاندوە، بەتایبەتی عێراق، کە ئابورییەکەی تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی وزە و یەک ڕێڕەوی هەناردەکردن دەبەستێت، هەر بۆیە فراوانبونی ئەم قەیرانە، وڵاتانی بەرکەوتوی ئەم دۆخەی خستووەتە پەلەقاژەی دۆزینەوەی سەرچاوە و ڕێڕەوی ئابوریی جێگرەوە بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی زیانەکان بەڵام ئەمەش کارێکی هەروا ئاسان نیەو  پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە، بە شەو و ڕۆژێک بە دی نایەن.

پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە سەرباری ئەوەی ئەم دۆخە هیچ ئاسۆیەکی ڕونی بۆ تێپەڕاندن لێ بەدیناکرێت، ئەی چارەسەر چییە؟ ئایا دەکرێت جارەنوسی ناوچەکە بەردەوام لەم ئاڵۆزییەدا بمێنێتەوە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئابوریی جیهان هێشتا وابەستەی ئەم جوگرافیایەیە؟ شرۆڤە و خوێندنەوەکان پێمان دەڵێن پێناچێت ئەم گرێکوێرەیە بە ئاسانی بکرێتەوە، بەو پێیەی نە متمانە و زەمانەتی سیاسی ماوە پشتی پێ ببەسترێت، نە ئەو دیپلۆماسییەتەش هێز و کاریگەریی ماوە، کە ئەمریکا دەیەوێت بە زۆرەملێ بیسەپێنێت بۆ ڕاستکردنەوەی هاوکێشەکان، لەم نێوەندەدا، هەردو وڵات لەناو گێژاوێکدا گیرییان خواردوە، کشانەوە و دەرچون لێی بەبێ دەستکەوت، بە واتای شکستێکی گەورە و قەیرانێکی قوڵتر دێت بۆ هەریەکیان، هەر ئەمەشە وادەکات ئەم ململانێیە وا بەئاسانی بەلایەکدا نەکەوێت.

بەتایبەت کە ئێستا هەردولا کەوتونەتە بەردەم واقیعێکی جیاوازی چاوەڕواننەکراوەوە، ئەو واقیعەی، کە ئەوەی ئێران لێی دەترسا لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی، بە تەواوی ڕویدا، ئەوەشی ئەمریکا پێشبینی نەدەکرد، تاران بتوانێت بەم شێوەیە ئیدارەی قەیرانەکە بدات و پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات، ئەویش هەر ڕویدا،  لەم هەلومەرجەشدا مانەوە لەسەرهێڵی (نە جەنگ نە ئاشتی) بوەتە تاقە ستراتیژی بەردەستی هەردوولا، یێگومان ئەم فۆرمە نوێیەش تا ئەو کاتەی  زەمینەی رێگاچارەیەکی دیکەی هاوبەش دەرخسێت و قەبارەی کاریگەری و هێڵی سوری بەرژەوەندییەکانی هەردولا لەسەر نەخشەکە گەرەنتی دەکات، ناوچەکە هەر لە نێوان خواستی خۆسەپاندنی ئەمریکا و ملنەدانی ئێران دەهێڵێتەوە و گرژییەکان بەردەوامییان دەبێت، ئەمەش پرسێکی ئاسان نیە و ڕەنگە کاتێکی زۆر و ماوەیەکی دورودرێژ بخایەنێت، سەرئەنجام ئەوەی باجی ئەم پێشهاتە دەدات بەپلەی یەکەم ئابوریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە  هەنگاو بە هەنگاو بەرەو داڕمان و پوکانەوە دەچێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی