پاشەکشەی ڕۆشنبیر و هەڵکشانی کەسە کاریگەرەکان لە سۆشیالمیدیا !!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محمد خۆشناو

پێشتر دەستبژێری ڕۆشنبیر کاریگەریەکی زۆری هەبوو لە بەرهەمهێنانی مەعریفە و هۆشیاری ، دەشێت مەعریفە زانیاری پەرش و بڵاو بێت ، بەڵام هۆشیاری بریتە لە توانایی لەسەر تێگەیشتنی پەیوەندیەکانی نێوان شتەکان و ، بەستنەوەی ڕابردوو بە ئێستا و ، ئاشکراکردنی ئەو بەرژەوەندی و هزرانەی کە واقیع شاردوتیەوە ، لەمەوە ڕۆشنبیر دەبێتە مێژوونوسی ئێستا و بەقەد ئەوەش دەبێتە ئاراستەکەری داهاتوو و ، وا لە کۆمەڵگا دەکات کە توانای ئەوەی هەبێت کە جیاکاری لەنێوان هەقیقەت و پڕۆپاگەندە و ، نێوان بەرژەوەندی ڕاستەقینە و چاکسازی شەکلیدا بکات ، بەڵام ئایا لەو دیمەنەی ئەوڕۆدا ڕۆشنبیر ئەو ئامادەبوونەی هەیە ؟

لەو دیمەنەدا ڕۆشنبیر لە پاشەکشەیە و ونبووە و ، ئێستا نموونەیەکی نوێ هاتووە کە خۆی لە کەسە کاریگەرەکان ( الموءثرون ) و دروستکەری ناوەڕۆک دەبینێتەوە ، کە لە سۆشیالمیدیا بەتایبەتی سەکۆکانی « تیک تۆک » و « یوتیوب » هەزارا و ملیۆنەها کەس بۆ لەقتەیەک کە چەند خوولەکێک یان چرکەیەک بەدواداچوونی بۆدەکەن و ، هەندێک جار کاریگەریەکەی تەجاوزی دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندن دەکات ، ئەمانە توانایەکی ڕادەبەدەریان هەیە بۆ کاریگەریتێکردنی لەسەر کەسان ، بەڵام کاریگەریەکەیان چرکەساتە و کاتیە ، چونکە بەتاڵە لەوەی گرێنتی بەردەوامی بداتێ ، لەوانەیە ئەو کەسە کاریگەرانە بتوانن چەند ڕۆژێک یان چەند مانگێک یان چەند ساڵێک بەردەوامبن لە کاریگەریکردن ، بەڵام زۆر بەخێرا خۆی دەسوتێنێت و کۆتایی بە کاریگەریەکەی دێت ، جا لەناو ئەو فەزا کراوەیەدا ، چەندین نموونەی هەمەڕەنگ و هەمەجۆری گەمژەشی تێدایە کە هەندێکیان لە پشتیان کتێبخانەی زەبەلاح و کتێب و تابلۆ دەبینرێت و ، ئەمانە هێز و نفوز-یشیان هەیە ، مەترسیەکە لەو سەردەمی ئێستاماندا بریتیە لە قاییلبوونە بۆ گەمژەیی یان ئامادەبوونە نفوز و گوێڕایەلی بدیتە گەمژە ، جا لە لایەن ڕۆشنبیر یان پیاوانی ئایینی یان چاڵاکوان یان ئەو سیاسایەنە بێت کە هەستی جەماوەر گڕتێپەردەدەن بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگەکەیان ، لەناو کۆمەڵگای کوردستانی گەمژەیی بۆتە تایبەتمەندێتی ئێستامان ، بەجۆرێک زۆر قورسە جیاوازی لەنێوان کەسێکی عاقل و گەمژەدا بکەیت ، ئامرازەکانی سۆشیالمیدیا بۆتە بوارێکی لەبار بۆ دروستبوونی کاریگەرەکان و بە بازاڕکردنی گەمژەیی و پەیداکردنی هەوادار بۆ ژمارەیەکی زۆر لەوان ، ترسناکی گەورە لەوەدایە کە ئەمانە کاریگەریەکی ئەفسوناویان بەسەر جەماوەردا هەیە ، کە بوونەتە دروستکەری هزر و سەرکردەی « ڕا »ی ملیۆنەها هەوادار و « پاڵەوان » لەو جیهانە گریمانەییەدا ، ئێستا کۆمپانیاکان پشت بە هەندێک لەو کاریگەرانە دەبەستن بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەماکانیان ، هەروەها حزبە سیاسیەکان و حکومەت بۆ موخاتەبەکردنی ڕای گشتی پشتیان پێدەبەستن و ، زۆرجار وایلێهاتووە بۆ گەیشتن بە جەماوەر دەبێت بە کەسە کاریگەرەکاندا بڕۆیت ، زیاتر لەوەی لە میانی ڕۆژنامە یان کتێب یان بەرنامەیەکی حیواری دا بڕۆیت ، بەجدی ئێمە سۆشیالمیدیا-مان کردۆتە مەنزومەیەکی پڕ لە ژەهەر ، کە مرۆڤ-ی دووچاری دڵەڕاوکی و گرژی و تووڕەیی و هەڵچوون دەکات ، ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە ، نەداری و هەژاری زۆر لەوەی ئێستا زۆرتر و خەراپتر بوو و کەسیش حەسودی بە کەس نەدەبرد و هەموو ڕازی و قانیع بوو بە بەشی خۆی و ، هەژاری لە سەردەمانی پێشوودا کاریگەری سلبی ئەوتۆی لەسەر ئەخلاق نەبوو چونکە بەزەڕووڕەت نەدەبووە مایەی ناڕازیبوون و نائاسووەیی ، کەچی ئەمە شۆڕشی پەیوەندیەکان و سۆشیالمیدیا بوو کە توڕەیی کەسەکان دروستبکات و ، وایلێکردن کە ئەو نایەکسانیە بەرچاوە لەسەر ئاستی بژێوی ببینن و

هەروەها ئەمە پەخشی ڤیدۆکانی مۆبایلە کە بەشدارە لە پاڵنانی هەزاران کەمدەرامەت بۆ ئەشکەوتی توڕەیی و بێزاری و خەمۆکی ، ئەمەش دوای ئەوەی کە کەناڵە تەلەفزیۆنەکان ڕێگەی پێدان بۆ بینینی نەک هەر تەنها ئەوەی لەدەرەوە ڕوودەدات ، بەڵکو بینینی ئەوەی کە چۆن ئەوانی تر لە هەمان نیشتیماندا ژیان بەسەر دەبەن !! بەداخەوە هەڵکشانی کەسانی کاریگەر بریتیە لە سەرکەوتنی سەتحیەت بەسەر قووڵایی و ، ڕۆشنبیریی جدی بۆتە قوربانی سەردەمی خێرا و ، سەردەمی پووچگەرایی بەسەر ڕووناکبیریی ، ئەوەتا کۆمەڵگای کوردستانی بەتایبەتی لەکاتی قەیرانەکاندا بەدەست ئاستێکی بەرزی گەمژەیی دەناڵێنێت ، هەروەها بەزیادبوونی ژمارەی ئەو گەمژانەش دەناڵێنێت ئەوانەی سەرکەتن لەوەی کە هەوادەرێکی زۆر و سەرسامکەر-یان هەبێت….ئەو نەتەوەیەی ڕۆشنبیرەکانی پەڕاوێز بخات ، لەوانە بۆ هەندێک کات لە ئیدارەدانی ئێستای سەرکەوێت ، بەڵام تواناکەی لاواز دەبێت بۆ دروستکردنی ئاییندەکەی ، دەسەڵات دەتوانێت هەموو شتێک هاوردە بکات ، بەڵام هۆشیاری هاوردە ناکرێت و ، ناسنامە ناکڕدرێت و ، هۆشیاریش بە بڕیارێکی کارگێڕی ناسەپێنرێت ، بەڵکو بەری ڕەنجی عەقلێکی ئازاد و ووشەی بەرپرسانەیە ، سیاسەتەکان دەگۆڕێن ، بەڵام بیروهزر کە عەقلی جەمعی پێکدەهێنێتەوە ، بۆ چەندین نەوە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە