دابڕانی نێوان ماڵ‌و شاشە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

چۆلی ئەسعەد

شاشەکان، لە ڕێگەی پەخشی فێستیڤاڵی خواردن و ماراسۆنی ناوبازاڕ و هاتوهاواری خەڵاتی مۆندیال و .. کە خۆیان ناویان لەخۆیانناوە یەکەم و تاقانە و تاک و تەنها و شتی تریش. بوونەتە دەمامکی ڕەنگاوڕەنگ بۆ دەموچاوە ماندووەکانی ناو ماڵ، لە شاشەدا فێستیڤاڵی ڕەنگ و خواردنە، بەڵام لە ماڵدا خەمی نان و تاریکییە. کاتێک شاشە لە ئازاری ماڵ دادەبڕێ، ئیتر ئاوێنە نییە بۆ نیشاندانی ڕاستی، بەڵکو پەردەیەکی درەوشاوەیە بۆ شاردنەوەی تاڵییەکان.

شاشە وێنەی ئەو ژیانە نیشان دەدات، کە گوتاری حزبیی دەیەوێت هەبێت، بەڵام ماڵ خەریکی ئەو ژیانەیە کە بە ڕاستی هەیە. ئەم دابڕانە یان بێمتمانەییەی نێوان ماڵ (وەک هێمایەک بۆ ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک)و شاشە (وەک هێمایەک بۆ گوتاری میدیایی)، لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەیە. کاتێک مرۆڤەکان واز لە بڕواکردن بە شاشە دەهێنن، جۆرێک لە نامۆبوون دروستدەبێت.

پێشتر تەنها یەک تەلەفزیۆن لە ژووری میوان هەبوو، بەڵام ئێستا شاشە (مۆبایل) لە ناو گیرفان، سەر سفرە، و تەنانەت لەژێر سەرینی خەوتنیشمانە. لەم ڕووەوە، شاشە و ماڵ یەکیان گرتووە. شاشە بووەتە ئەندامێکی خێزان، بەڵام ئەندامێکی خەڵەتێنەر.

لەواقیعی ماڵدا، دایک و باوک خەریکی حیسابکردنی ڕۆژەکانی دواکەوتنی مووچە و چۆنیەتی دابینکردنی پارەی کارەبا و کرێ و نرخی پێداویستییەکانن. بەڵام لە واقیعی شاشەدا، هەمان ئەو خێزانە دەبینن کە خەریکی لایڤی فێستیڤاڵێکی ڕەنگاوڕەنگن، یان سەیری ڕیکلامی سەیارە و ڤێلای مۆدێرن دەکەن. ئەمە وادەکات مرۆڤ تووشی جۆرێک لە شیزۆفرینیای کۆمەڵایەتی ببێت، واتە لەناو ئازاردا بژی و سەیری چێژ بکات.

لە کۆمەڵناسیدا، ئەم دۆخە پێیدەوترێت تەڵاقی بێدەنگ، واتە ماڵەکان هێشتا سەیری شاشە دەکەن، بەڵام چیتر بڕوای پێ ناکەن، خەڵک سەیری هەواڵ دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی بزانن ئەمجارە چۆن بەهەڵەماندادەبەن، سەیری فێستیڤاڵەکان دەکەن وەک جۆرێک لە سەرقاڵبوونی کاتی نەک وەک ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیان.

ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی  کۆچی ماڵەکان لە شاشە گەورەکانەوە بۆ شاشە بچووکەکان (سۆشیاڵ میدیا)، چونکە ماڵەکان لە شاشە گەورەکان (کەناڵە فەرمییەکان) دابڕان و پەنایان برد بۆ شاشەی مۆبایلەکان. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لێرەشدا سێبەری حزب پێشیان کەوتن و هەمان تەڵەیان بۆ نانەوە.

کاتێک میدیا دەبێت بە تەپڵ و لە زانیاریبەخشینەوە دەگۆڕێت بۆ پڕوپاگەندە. خەڵک هەست دەکەن شاشە تەنیا مەدحی لایەنێکی سیاسی دەکات و گوێ بە ئازاری ئەوان نادات. کاتێک میدیا باس لە چاکسازی دەکات، بەڵام خەڵک گەندەڵی بە چاوی خۆیان دەبینن. ئەم مەودایەی نێوان بیستن و بینین بێمتمانەیی بەرهەمدەهێنێت.

ئامانجی سەرەکی ئەم ڕەفتارەی میدیا و شاشەکان نەهێشتنی کاردانەوەی جەماوەرییە، خزمەت بە دەسەڵاتی سیاسی دەکەن، کاتێک خەڵک متمانەیان بە میدیا نەما، تووشی جۆرێک لە بێباکی و ڕەشبینی دەبن. مرۆڤی ڕەشبینیش جوڵەی نییە و داوای ماف ناکات، تەنیا دەڵێت؛ هەموویان وەک یەکن، یان هیچ چاک نابێت، کەس ڕاستناکات. ئەم بێهیواییە گەورەترین خزمەتە بە مانەوەی ئەو هێزانەی کە نایانەوێت گۆڕانکاری بکەن. ئەمە جگە لەوەی کە میدیا بەردەوام کێشەی لاوەکی دروست دەکات بۆئەوەی خزمەت بە بازرگانە گەورەکراوەکان بکەن و سەرنجی خەڵک لەسەر قۆرخکاریی بازاڕ نەمێنێت، کۆی پلانەکەش لە چێشتلێنەرەکانی میدیای حزبەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمانیش کۆمەڵێک ڕاوێژکار و پسپۆڕی جەنگی دەروونی و سۆشیاڵ میدیان. کارەکەیان ئەوەیە بزانن خەڵک لەو ساتەدا لە چی دەترسێت یان حەزی بە چییە، ئینجا بابەتێکی بۆ دروست دەکەن کە بەو ئاڕاستەیەدا بیبات. پاشانیش لە چێشتخانە میدیاییەکانی حزبەوە فەرمان بە سوپای ئەلیکترۆنی و کەناڵە سێبەرەکان دەدەن کە چ بابەتێک ترێند بێت و چ بابەتێک مرداربێتەوە.

کاتێک خەڵک متمانەی بە شاشە نەما، متمانە بە  فەیسبووک و دەنگۆ دەکات. ئەمەش وادەکات کۆمەڵگە بە ئاسانی لە ڕێی هەواڵی ناڕاست و هەڵبەستراوەوە بەهەڵەداببرێت و متمانەیی بە داهاتوو نەمێنێت و بیر لە بەجێهێشتنی نیشتمان بکاتەوە. 

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و کودەتا بەسەر هەوڵی میدیا چەواشەکارەکان، پێویستە هاوڵاتی بزانێت کە هەموو ئەوەی دەبینرێت ڕاستی نییە و دەبێت بینەر ڕەخنەگر بێت نەک تەنیا وەرگر، هەر بابەت و هەواڵ و پێشکەشکار و بێژەرێک بە زمانێکی بازاڕیی پڕ لە وشە و دەستەواژەی شێواو و پڕ لە هەڵچوونەوە پێشکەشکران و نەیانخستینە بیرکردنەوەوە بایەخی پێنەدەین و هەر سەیریشی نەکەین، دەبێت ئەوەش بزانین کە کە بە سادەیی قسەمان بۆ دەکەن نایانەوێت ڕەخنەگر بین و دەیانەوێت تەنیا وەرگرێکی گوێڕایەڵ بین. بۆیە سوود لە چەند سەرچاوەیەکی جیاواز وەربگرین بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان. 

پێویستە پشتگیریی ئەو میدیا و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆیانە بکەین کە لە دەرەوەی بازنەی حیزب و سێبەرەکان کار دەکەن. هەروەک پشتبەستن و دروستکردنی پلاتفۆرمی میدیایی کە لەسەر بنەمای داتا و بەڵگە کار بکەن نەک تەنیا هەست و سۆز.

بۆ شکاندنی ئەم دیوارە لە نێوان ماڵ وشاشە، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری کە ڕاستییەکان لە ژێر خەرمانی فێستیڤاڵ و نمایشەکاندا دەربهێنێت و پیشانی خەڵکی بدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی