لەشكستی حوكمڕانیەوە بۆ لەدەستدانی خەونی گەلێك

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر

ماوەی 10 ساڵێكە رۆڵ و پێگەی كورد پرسی نەتەوەیی كورد لەعیراق بەشێوەیەكی بەرچاو روو لەپاشەكشەیە. بڕیاربەدەستانی هەرێم نەك نەیانتوانیوە ئەوەی لەدەستوری عیراقدا هاتووە جێبەجێی بكەن، بگرە ئەوەی بەدەستیشهاتووە، قۆناغ قۆناغ لەدەستی دەدەن، لەهەمووی خراپتر ئەو قەوارەیەی هەیشە هێدی هێدی وا دەپوكێتەوە. 

هۆكاری سەرەكیی ئەم بارودۆخە و درێژەكێشانیی، دەستگرتنی بڕیاربەدەستانی هەرێمە بەدەمارگیریی حزبیی و رەپێشدان و خستنەپێشی بەرژەوەندی شەخسیی و حزبییە لەپێش بەرژەوەندی گشتیی و داهاتووی كوردستان. 

جاران نوزەیەك هەبوو لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە لەبارەی جێبەجێكردنی مافە دەستورییەكانی هەرێم و چارەسەركردن و یەكلاییكردنەوەی پرسی ناوچە جێناكۆكەكان. لەهەرێم هەڵبژاردن دەكراو حكومەت دروستدەكرا، بەڵام ئێستا حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوە بنەڕەتییەكانی حوكمڕانیی هیچیان بەهایان نەماوە، هەمووشت تێكوپێكدراوە. ئەوەی هەیە دوو زۆنی حوكمڕانیی بێ‌ پێناس و ناونیشانە، شتێك نەماوە بەناوی شەرعیەتی دەستوریی! حزب سەلامەت بێت، خوایدەكرد كوردستان ئاو دەیبات.

جاران كە باسی كەركوك دەكرا، رایگشتیی لەهەرێم و لەكەركوك هاوشێوەی قودس لای عەرەب هەستیاربوون لەگەڵ پرسەكەدا، بەڵام ئێستا وەك جاران نەماوە. برسێتی ناعەدالەتیی و خراپی حوكمڕانیی لەهەرێم ئەو دۆخەی بەتەواوی گۆڕیوە، بەداخەوە نە لەهەرێم خەڵك ئەوەندە بەری بەپرسی كەركوك ماوە، نە خەڵكی كەركوكیش ئەوەندە تامەزرۆی گەڕانەوەی سەر هەرێمن! چونكە هەرێم ژیانی تێدا زۆر زەحمەت بووە.

بەدڵنیاییەوە پێویستە عەرەب و توركمان لەكەركوك رۆڵ و كاریگەرییان هەبێت، بەشداربن لەحوكمڕانیی شارەكە، بەڵام ئەم پارێزگارەی ئێستا نوێنەرایەتیی گەلی توركمان لەكەركوك ناكات، بەڵكو نوێنەرایەتیی سیاسەت و تێگەیشتنی دەوڵەتی توركیا لەشارەكە دەكات، هەندێجار واوەتر، لەقسەكردن بیری دەچێت عیراقییە، وەك كاربەدەستێكی تورك قسەدەكات. 

لەمیدیاكان بەجۆرێك قسەدەكات، وەك ئەوەی پارێزبەندی هەبێت لەلایەن ئەردۆغان و توركیاوە، بۆیە بێمنەت بەسەر دەستوردا بازدەدات و هەستی نەتەوەیی لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوك دەبزوێنێ. هەقە قسەكانی پارێزگار، لایەنیكەم ببێتەهۆی یەكخستنی هەڵوێستی پارتی و یەكێتیی و رێكاری یاسایی و جەماوەریی لەدژدا بگرنەبەر، تەنها بەیاننامە دەرنەكەن.

لەوە خراپتر، لەدوایین سەردانی وەفدی عیراق بۆ توركیا بەر لەچەند رۆژێك، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشكرایكرد كە لە 15%ی پشكەكانی كۆمپانیای بی پی (BP)ی بەریتانیایان لەكەركوك كڕیوەتەوە! كڕینەوەی ئەم پشكانە، مەترسییەكی ستراتیژییە لەسەر كەركوك، چونكە تورك بەشێوەیەكی رەسمیی و بەپێی رێككەوتنی ئابوریی دەبنە برابەش لەنەوتی كەركوك و هەنگاوێكی دیكە لەمافی بڕیاردان لەو شارە نزیكدەبنەوە.

خولاسە، ئەوەی پێی گەیشتووین ئەنجامی تێگەیشتن و سیاسەتی حوكمڕانانی هەرێمە. حوكمڕانانی هەرێم تەنها شكستخواردوو نەبوون لەحوكمڕانیی هەرێم، بەڵكو چارەنوس و خەونی میللەتی كوردیان شێواندووەو كردویانەتە قوربانیی حەزو بەرژەوەندی شەخسی و حزبییەكانی خۆیان، ئەنجامەكەی هەرچی بێت ئەوان لێی بەرپرسن نەك خەڵكی كوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی