لەخەڵەتاندنی سۆفیستییەوە بۆ سڕبونی بیركردنەوەی عەقڵانی.. خوێندنەوەیەك بۆ پڕۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان

10 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆران ئازاد

لەکایەی سیاسەتدا، هەموو كات سنوورێکی نەبینراو  لە نێوان ( پڕۆژەیەک کە تووشی شکست دەبێت) و (پڕۆژەیەک کە لە بنەڕەتدا پرۆژە نییە و كاردانەوەیە) . لە مەیدانی سیاسیی هاوچەرخی هەرێمی کوردستاندا، بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێك یان وەك پڕۆژەیەکی سیاسی وێنا دەكرێت، كە خوازیاری چاکسازیی بووە و  لە قۆناغێکدا تووشی شکست بووە،  بەڵام خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی و سیاسی، بۆ مێژوو و داینامیکیەتی ئەم بزووتنەوەیە، دوو ڕاستیی جەوهەریمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە بنەماکانی تێگەیشتنمان بۆ ئەزموونی ڕاپەڕینی جەماوەری و ئۆپۆزسیۆنبوون دەگۆڕن.

ڕاستیی یەکەم: گۆڕان لە بنەڕەتدا پڕۆژە نەبوو، بەڵکو کاردانەوە بوو
گۆڕان وەک پڕۆژەیەکی سیاسیی خاوەن ستراتیژ و بەرنامە دەستی پێ نەکرد تا دواجار تووشی شکست ببێت، بەڵکو لە بنەڕەتدا «کاردانەوە»یەکی کاتی و کەسی بوو، لە زانستی سیاسی و کۆمەڵناسیشدا سەلمێنراوە، كە هەر کایەیەك لەسەر بنەمای کاردانەوە دروست بكرێت، لە جەوهەردا بێ‌بەرهەمە و مەحکومە بە شکست. زۆربەی ئەو نوخبە و جەماوەرەی کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە پەرۆشەوە دوای ئەم بزووتنەوەیە کەوتن و هەڵخەڵەتان، ئامادە نین دان بە سرووشتی کاردانەوەیی و هەڵخەڵەتانی خۆیاندا بنێن، بەڵکو تەواوی کێشەکە کەم دەکەنەوە بۆ "شکستخواردنی پڕۆژەکە"، بەو مەبەستەی دەستپێکەکەی وەک سەرکەوتنێکی وەهمی یان پڕۆژەیەکی پیرۆز نیشان بدەن. ئەو كەسانە ئەمڕۆ لە ڕاستیی هەڵخەڵەتاندنی خۆیان ڕادەکەن و تەواوی کێشەکە بۆ "شکستخواردنی پڕۆژەکە" كورت دەكەنەوە،  بەو مەبەستەی دەستپێکەکەی وەک سەرکەوتنێک نیشان بدەن، كە ئەوان لە هەڵخەڵەتێنراوان نەبوون و تەنانەت وەك پرۆژەیەكی تازە،  هەقیان بووە دوای بكەون.

لە ڕوانگەی ئیتیکی و سیاسییەوە، دیارە ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی تاک بە تاکی هاووڵاتییان، لە هەموو قۆناغەكاندا بۆ هێنانەدی چاکسازی شتێکە جێگەی ڕێزە، هەڵخەڵەتانیش لە کایەی گشتیدا کەم پێگەییی ئاكاریی نییە، بەڵکو كێشە راستەقینەكە لەوەدا دەردەکەوێت کە مرۆڤ دان بە هەڵخەڵەتانی خۆیدا نەنێت. بۆ هەر چاودێرێکی بەئاگا، لە سەرەتاوە ڕوون بوو، کە پڕۆژەی گۆڕان بریتی بوو لە کاردانەوەیەکی کەسی، تۆڵەسێنەندنەوەیەكی کاتی و هۆکارێک بۆ داڕوخاندنی بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەبێ بەرهەمهێنانی هیچ بەهایەکی جێگرەوە. ئەم پڕۆژەیە لە جیاتی دروستکردنی کارەکتەری هۆشیار، خاوەن هەڵوێست و بڕیاردەر، سەرپەرشتی دەستەیەک لە "پاڵەوانی بۆش"ی کرد. بۆیە لە هەموو وێستگەیەکدا، پێویستە لە هۆکارە جەوهەرییەکانی هەڵخەڵەتانمان بکۆڵینەوە، نەک پۆشاکێکی ساختەی مەزوڵومییەت بە بەری شکستێكدا بكەین. 

ڕاستیی دووەم: سۆفیستگەریی سیاسی و فێرکردنی قسەکردن لە بری بەرەوپێشبردنی بیرکردنەوە
بەرهەمی مەترسیداری بزووتنەوەی گۆڕان، پەکخستنی عەقڵانییەتی کۆمەڵگە بوو، ئەم بزووتنەوەیە جەماوەری فێری «قسەکردن» کرد، بەڵام هەرگیز فێری «بیرکردنەوە»ی نەکردن. ئاراستەکردنی جەماوەر بەرەو  قسەکردنی بێ بیركردنەوە و بێ كرۆك،  ڕێک دووبارەبوونەوەی دیاردەی «سۆفیستەکان»ی یۆنانی کۆنە. لە سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا، سۆفیستەکان لە بەرامبەر پارەدا، خەڵكییان فێری ڕەوانبێژی و جەنجاڵیی هونەری ڕازاندنەوەی قسەکردن و وتاردادانیان دەكردن،  سوکرات بە توندی دژی ئەم ئاراستەیە وەستایەوە، چونکە بڕوای وابوو سۆفیستگەری رۆح و دەروونی مرۆڤ نەخۆش دەخات.

سوکرات جەختی لەوە دەکردەوە کە سۆفیستەکان تەنها فێرت دەکەن کایەی زانستێک یان پیشەیەك بەکاربهێنیت، بەبێ ئەوەی فێری زانست و جەوهەری پێشەکە بە خۆی بێیت. بۆ نموونە، فێرت دەکەن وەك پزیشکێک ڕەوانبێژانە قسە لەسەر نەخۆشی بکەیت، بەڵام فێرت ناکەن پزیشکی و دەرمان ئامادەکردن چییە. لە ئەنجامدا، گوتاری جەنجاڵ شوێنی پزیشکە ڕاستەقینەکە دەگرێتەوە و جەماوەریش لە خشتە دەبرێن. سوکرات سۆفیستەکانی بە «چێشتلێنەر» دەچواند و دەیگوت: چێشتلێنەر تەنها بیر لە دروستکردنی خۆراکێکی بەتام و بەدڵی کڕیار دەکاتەوە بەبێ گوێدانە تەندروستی، لە کاتێکدا پزیشک بایەخ بە تەندروستیی نەخۆش دەدات، تەنانەت ئەگەر دەرمانەکە تاڵ و ناخۆشیش بێت.

بزووتنەوەی گۆڕان ئەم نەخۆشییە سۆفیستییەی خستە جەستەی کۆمەڵگەی کوردییەوە، فەزایەکی بەرهەمهێنا کە تێیدا ڕەوانبێژیی ڕووت و دەنگەدەنگ بووە پێوەری سەرەکی، نەک ئاستی هۆشیاری و بەرپرسیاریەتی. لەم فەزایەدا گرنگ نییە خاوەنی چ كەسایەتی و  زانین و ڕوانگەیەکی قووڵیت،  ئەگەر نەتوانیت بە دڵی جەماوەر سۆفیستانە قسە بکەیت، وەک کارەکتەرێکی بێ کەڵک سەیر دەکرێیت.

ئەم ئاراستە سۆفیستییە لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو ستراتیژێکی داڕێژراو بوو. بۆ مێژوو، کاتێک لە کۆتایی تەمەنیدا لە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفامان پرسی: "بۆچی بە شێوازێک قسە دەکەن کاتێک دەزانن حەقیقەتی تێدا نییە؟" لە وەڵامدا گوتی: «من جگە لە قسەکردن چیتر لە دەستمدا ماوە؟ بۆیە دەبێت بە دڵی خەڵک قسە بڕازێنمەوە تا جەماوەر لە دەورمان کۆببێتەوە، و لەو ڕێگەیەشەوە پارتی و یەکێتی لە هەژموونی ئێمە بترسن.»

ئەم وەڵامە ئاشکراکەری جەوهەری پڕۆژەکەیە، سیاسەتکردنێک پشتبەستوو بە ڕازییکردنی ئارەزووە کاتییەکانی جەماوەر و  لە پێناو ترساندنی دەسەڵات، نەک لە پێناو دروستکردنی هۆشیاریی سیاسی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی!

لە کۆتاییدا، دەربازبوون لەم پاشماوە فکرییەی بزووتنەوەی گۆڕان پێویستی بە سەرلەنوێ پێناسکردنەوەی چەمکەکانی «هۆشیاری» و «ڕەخنە» هەیە. پێویستە کۆمەڵگەی کوردی لە سۆفیستگەریی سیاسی و قسەکردنی بەدڵی جەماوەر بپەڕێتەوە بەرەو بیركردنەوەی عەقڵانی و بوونی بەرپرسیارییەتی ئاكاری و مرۆیی ، عەقڵانیەتێک کە حەقیقەتی تاڵ و ڕاستییەكان هەڵدەبژێرێت، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە ڕاستەقینەکان و ڕ رزگارکردنی هۆشیاریی گشتی لە وەهمی پاڵەوانە بەتاڵەکان.

مەترسیی سەرەکیی ئەم ڕێچکە سۆفیستییە لەوەدا  بوو  و لەوە دایە، کە بوو بە قوتابخانە و مۆدێلێک بۆ تەواوی ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەکانی دواتریش. تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە سیاسی و فکرییە، تەنیا بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو ناکرێت،  تا ئەو کاتەی ئەم مێژووە نەخوێندرێتەوە و ڕاست نەکرێتەوە، تا گوتارێکی عەقڵانی و ڕەخنەی ڕیشەیی و  قووڵ نەیەتە ئاراوە، هەموو ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی ئێستا هەن یان لە داهاتوودا دێنە کایەوە، هیچ نین جگە لە دووبارە بەرهەمهێنەرەوەی هەمان مۆدێلی شکستخوردوو و هەمان خەڵەتاندنی سۆفیستی. دەربازبوون لەم بازنە بەتاڵە، پێویستی بە پشتبەستنە بە سیاسەتێكی عەقڵانیی و دیدێكی  لۆجیكی و ئاكاری، عەقڵانیەتێك، کە ڕاستییە تاڵەکان بە جەماوەر دەڵێت و ڕووە و چارەسەری ڕیشەیی هەنگاو دەنێت، نەک ئەوەی گوێچکەکانیان بە ڕەوانبێژیی بۆش هێور بکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی